به‌رزبونه‌وه‌ى به‌رهه‌مى کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵدارى له‌ هه‌رێمى کوردستان

09.07.2019
جەماوەر نیوز
که‌رتى کشتوکاڵى هه‌رێم له‌ ماوه‌ى ئه‌مساڵ به‌هۆى بارانێکى زۆر وهه‌ندێ هۆکارى وه‌ک گه‌ڕانه‌وه‌ى خه‌ڵک بۆ کارى کشتوکاڵ وهاتنى کۆمپانیاکان بۆ ناو ئه‌و که‌رته‌ تا ڕاده‌یه‌ک بوژانه‌وه‌ى بینیوه. هاوکات له‌گه‌ڵ بوژانه‌وه‌ى ئابووریى کوردستان پاش تێپه‌راندنى قه‌یرانه‌کانى چه‌ند ساڵى رابردوو، ئه‌م که‌رته‌ داتوانێ بگات به‌ ئاستێک که‌ هه‌ندێ له‌ به‌رهه‌مه‌کانى کشتوکاڵ وئاژه‌ڵدارى پێداویستى ناوخۆیى پڕبکاته‌وه‌. هه‌روه‌ها، چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ى پاره‌ى گه‌نمى جووتیارانیش له‌ یاساى بودجه‌ى فیدرالى ئه‌م ساڵ تۆمارکراوه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، هێشتا هه‌ندێ ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م که‌رتى کشتوکاڵ ماون، که‌ گرنگترینیان که‌میى بودجه‌ وته‌رخانکردنى زه‌وى کشتوکاڵى بۆ مه‌به‌سته‌کانى دیکه‌ وبه‌رده‌وامبوون له‌ هاورده‌کردنى به‌روبوومى بیانى له‌ کاتى  گه‌یشتنى به‌روبوومى هاوشێوه‌ى ناوخۆییه‌.

غازى فایه‌ق به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى دیوانى وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ وسه‌رچاوه‌کانى ئاو به‌ وه‌کاله‌ت له‌ لێدوانێکدا بۆ ماڵپه‌رى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند، "به‌رهه‌مى گه‌نم و جۆ له‌ ماوه‌ى ئه‌مساڵ به‌ هۆى بارانى زۆره‌وه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵى رابردوو به‌ شێوه‌یه‌کى به‌رچاو به‌رزده‌بێته‌وه‌ وده‌بێته‌ هانده‌رێک بۆ زیادکردنى ڕووبه‌رى  چاندراو به‌ برنج."

هه‌ر له‌ درێژه‌ى ئه‌م بابه‌ته‌دا گوتی، به‌هۆى قه‌یرانى دارایى ژماره‌یه‌کى زۆرى هاوڵاتیان روویان کردۆته‌ که‌رتى کشتوکاڵى وله‌گه‌ڵ بوونى چه‌ندین کۆمپانیاى تایبه‌ت به‌ کشتوکاڵ، هۆکارى سه‌ره‌کین بۆ زیادبوونى به‌رهه‌مى کشتوکاڵى وئاژه‌ڵداری.

غازى فایه‌ق که‌ هاوکات به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى پلاندانان وبه‌دواداچوونى وه‌زاره‌تى کشتوکاڵهدرباره‌ى ته‌مویلکردنى پرۆژه‌کانى کشتوکاڵ ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ سه‌رۆکایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆ پێشخستن وبه‌رده‌وامبوونى پڕۆژه‌کانى که‌رتى کشتوکاڵ بڕى  30,520,507,000 سى ملیارو پێنج سه‌دو بیست هه‌زارو پێنج سه‌دو حه‌وت هه‌زار دینار  بۆ ساڵى 2018 بۆ پڕۆژه‌کانى پاڵپشتى کشتوکاڵى ته‌رخانکرد.

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى پلاندانان وبه‌دواداچوون له‌ باره‌ى زۆربوونى به‌رهه‌مى کشتوکاڵ له‌ ساڵى 2019 گوتی، "به‌رهه‌مى گه‌نم له‌ ماوه‌ى ئه‌مساڵ پێداویستیى بازارى ناوخۆیى پێ‌ ده‌کاته‌وه‌ ویه‌کێ له‌و به‌رهه‌مه‌ سه‌ره‌کییانه‌یه‌ که‌ ده‌توانرێت هه‌نارده‌ بکرێت وله‌ سه‌وزاییه‌کانیش ته‌ماته‌، خیار و  په‌تاته‌ به‌تایبه‌تى له‌ وه‌رزى به‌هه‌مهێناندا پێداویستى  ناوخۆ پر ده‌که‌نه‌وه‌ وبڕه‌ زیاده‌که‌شى ده‌توانرێت هه‌نارده‌ بکرێت. له‌ مێوه‌کانیش هه‌نار و ترێ و له‌ ئاژه‌ڵداریش هه‌نگوێن، هێلکه‌ و په‌له‌وه‌ر پێداویستى ناوخۆیى پێ‌ ده‌که‌نه‌وه‌."

وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ له‌ پلانى ستراتیژیى خۆیدا گرنگییه‌کى تایبه‌تى به‌  توێژینه‌وه‌ ورێنمایى جوتیاران بۆ به‌کارهێنانى شێوازى نوێ وه‌ک به‌کارهێنانى بنه‌تۆى نوێ دراوه.

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى دیوان به‌ وه‌کاله‌ت سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ گوتی،په‌یڕه‌و کردنى ئامێرى کشتوکاڵى بۆ کێڵان ودروێنه‌، هاندانى جوتیاران بۆ شیکردنه‌وه‌ى خاکه‌که‌یان به‌مه‌به‌ستى رێکخستنى کردارى په‌ین کردن بۆ ئه‌وه‌ى که‌مترین بێ‌ له‌ په‌ین به‌کار بێت بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى زیانه‌ ته‌ندروستى وژینگه‌یه‌کان، گرنگیدان به‌ به‌کارهێنانى په‌ینى ئۆرگانى، به‌کارهێنانى شێوازى نوێى ئاودان ودروستکردنى خانووى پلاستیکى وساردخانه‌ ‌وبه‌بازاڕکردن، قه‌ڵاچۆکردنى نه‌خۆشى وده‌رده‌کان له‌ ته‌واوى قۆناغه‌کانى به‌رهه‌مهێنان، گرنگیدان به‌ پڕۆژه‌کانى سامانى ئاژه‌ڵ وئه‌نجامدانى هه‌ڵمه‌ته‌کانى کوتان وقه‌ڵاچۆکردنى نه‌خۆشى ئاژه‌ڵى به‌شێکن له‌ پلانى ستراتیژیى وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ.



به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى پلاندانان و به‌دواداچوونى وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ى ئاستى هۆشیارى جووتیاران و ئاستى یارمه‌تیدانیان ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ وسه‌رچاوه‌کانى ئاو له‌ ساڵانى (2014-2017) توانیویه‌تى 90 خولى ڕاهێنان بۆ 369 فه‌رمانبه‌رى وه‌زاره‌ت له‌ وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ له‌وانه‌ تورکیا، لوبنان، ژاپۆن، ئه‌مریکا، مه‌غریب، میسر، فه‌ره‌نسا، ئوردن بکاته‌وه‌.

باج به‌سه‌ر به‌روبوومى هاورده

وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ به‌ پێى یاساى پاراستن وپێشخستنى به‌رهه‌مى خۆماڵى ژماره‌ چوارى ساڵى 2008 بۆ پاراستنى به‌رهه‌مى ناوخۆ ومافى به‌کاربه‌ر له‌کاتى پێگه‌یشتنى به‌رهه‌مى ناوخۆ باج به‌سه‌ر به‌روبومى هاورده‌ داده‌نێت.

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى پلاندانان  به‌دواداچوون له‌مباره‌وه‌ گوتی، "له‌کاتى جێبه‌جێکردنى سه‌پاندنى باج به‌ به‌رده‌وامى چاودێرى نرخ وبێ‌ وجۆرى به‌رهه‌م ده‌کرێت بۆ ئه‌وه‌ى هاوسه‌نگى له‌نێوان پاراستنى به‌رهه‌مى ناوخۆ ونرخى بازاێ‌ هه‌بێت، به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ جووتیار وبه‌کاربه‌ر بتوانن سوود له‌ جێبه‌جێکردنى یاساکه‌ وه‌ربگرن."

هه‌ڵبژاردنى جووتیارى نموونه

 وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ ساڵانه‌ جوتیارى نمونه‌یى له‌ناو ئه‌و جوتیارانه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت که‌ ڕۆلێکى سه‌ره‌کیان له‌ زیادکردنى به‌رهه‌مى رووه‌کى یان ئاژه‌ڵى هه‌بووه.

وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ هه‌روه‌ها هانى کۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌ره‌کان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى وه‌به‌رهێنان له‌ که‌رتى کشتوکاڵ به‌تایبه‌تى له‌ پڕۆژه‌کانى پیشه‌سازیى خۆراک وبه‌خێوکردنى مانگاو شیردارى وپڕۆژه‌کانى خانووى پلاستیکى ودروستکردنى به‌نداو بکه‌ن.

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى دیوان به‌ وه‌کاله‌ت به‌ ئاماژه‌پێدان به‌و بوارانه‌ى سه‌ره‌وه‌ گوتى "وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پلانى دروستکردنى 13 به‌نداوى ستراتیژى ئاماده‌کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى که‌  له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌ران دروست بکرێن، وێراى پڕۆژه‌کانى ساردخانه‌ وسه‌ربڕخانه‌کانى په‌له‌وه‌ر و ئاژه‌ڵ و چه‌ندین پڕۆژه‌ى دیکه‌ى جۆراوجۆرى وه‌به‌رهێنان.

رێژه‌ى باران بارین

فازل ئیبراهیم به‌ڕێوه‌به‌ریگشتى که‌شناسى و بومه‌له‌رزه‌زانى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند ئه‌مساڵ له‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵى رابردوو 585.2 ملم بارانى زیاتر باریوه.

زۆرترین تێکراى دابارین له‌ مێرگه‌سور له‌ پارێزگاى هه‌ولێر به‌ رێژه‌ى 2307.9 ملم تۆمار کراوه، له‌ دواى ئه‌ویش له‌ دینارته‌ له‌ پارێزگاى دهوک 2104 ملم باریوه.

له‌ سه‌ر ئاستى شاره‌ گه‌وره‌کانى هه‌رێم، زۆرترین دابارین له‌ ماوه‌ى ئه‌مساڵ به‌ رێژه‌ى ­1312.6ملم له‌ سلێمانیه‌ تۆمار کراوه‌ ودواى ئه‌ویش له‌ دهۆک  1199.3وله‌ هه‌ولێریش به‌ 894.3 باریوه.

له‌ کاتێکدا له‌ ساڵى 2018 له‌ سلێمانى 836.6 ملم باران باریوه‌ و له‌ دهۆک 518.7ملم وله‌ هه‌ولێر 435.1ملم باریوه.

له‌ ساڵى (2018-2019) نزیکه‌ى 140 روژ باران باریوه، له‌ کاتێکدا له‌ ساڵى (2017-2018) ته‌نیا 60 رۆژ باران باریوه.

زیادبوونى ڕێژه‌ى باران له‌ ماوه‌ى ئه‌مساڵ راسته‌وخۆ کاریگه‌رى بۆ سه‌ر زیادبوونى ئاوى ژێر زه‌وی، ئاوى سه‌ر زه‌وى و به‌نداوه‌کان هه‌بووه. به‌ هۆیه‌وه‌ بوارى کشتوکاڵ له‌ وه‌رزى هاوین فراوانتر ده‌بێت. زیادبوونى ئاوى ژێر زه‌وى وته‌قینه‌وه‌ى کانیاوه‌کان ده‌رفه‌تێک بۆ جوتیاران ده‌ره‌خسێنێ بۆ چاندنى به‌روبوومه‌کانیان.

به‌ڕێوه‌به‌ریگشتى که‌شناسى و بومه‌له‌رزه‌زانى هه‌رێمى کوردستان سه‌باره‌ت به‌  پێشبینى  دابارین له‌ ساڵانى داهاتوو گوتى  به‌گوێره‌ى داتاکانى که‌شناسى هه‌ر 30  ساڵ جاڕیک خوولێکى ئاووهه‌وا ڕووده‌دات که‌ تیایدا باران بارین ڕیژه‌ى پێوانه‌یى تۆمار ده‌کات، بۆیه‌ پێشبینى ده‌کرێت له‌ساڵانى داهاتوو بگه‌ڕێته‌وه‌ ئاستى ئاسایى خۆى .  

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى دیوانى وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ رایگه‌یاند ئه‌مساڵ هه‌رسێ به‌نداوى دۆکان، دهۆک وده‌ربه‌ندیخان پێ‌ ئاو بوون که‌ ماوه‌یه‌کى زۆر بوو ئه‌م به‌نداوانه‌ پڕنه‌ببون.

پێنج رووبارى سه‌ره‌کى له‌ ناو هه‌رێمى کوردستان هه‌ن که‌ بریتین له‌ خاپوور، زێى گه‌وره‌، زێى بچووک،  سیروان وئاوه‌ سپى. 

غازى فایه‌ق سه‌باره‌ت به‌ تواناى گڵدانه‌وه‌ى ئاو له‌ به‌نداوه‌کانى مامناوه‌ندى وبچووک له‌ هه‌رێمى کوردستان گوتی، وێڕاى ته‌واوبوونى 13 به‌نداوى دیکه‌ى بچووک ومامناوه‌ندى به‌ تواناى گڵدانه‌وه‌ى 49.9  ملیۆن م3  ئاو وبوونى 17 به‌نداوى تر که‌ له‌ ژێر جێبه‌جێکردندان که‌ تێکڕاى تواناى گڵدانه‌وه‌ى ئاویان ده‌گاته‌ 274.5 ملیۆن م3. هه‌موو ئه‌م (30) به‌نداوه‌ له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێم  بوودجه‌ى بۆ ته‌رخانکراوه‌.

هه‌روه‌ها پرۆژه‌ى 13 به‌نداوى دیکه‌ی گه‌وره‌ ئاماده‌ن بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن به‌ شێوه‌ى وه‌به‌رهێنان یا  قه‌رزى درێژخایه‌ن یا به‌ شێوازى هاوبه‌شیى که‌رتى گشتى ه‌تایبه‌ت جێبه‌جێى بکه‌ن.

داتا و زانیاریى زیاتر له‌ بوارى که‌رتى کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵدارى له‌ خشته‌کانى خواره‌وه‌دا ببینن:

به‌رهه‌مى سه‌وزه‌ بۆ ساڵى 2018  بۆ هه‌رێمى کوردستان به‌م شێوه‌ى خواره‌وه‌یه‌:

به‌رهه‌مى ميوه بۆ ساڵى 2018  بۆ هه‌رێمى كوردستان به‌م شێوه‌ى خواره‌وه‌یه‌:


به‌رهه‌مى سامانى  ئاژه‌ڵ بۆ  ساڵى 2018 بۆ هه‌رێمى كوردستان به‌م شێوه‌ى خواره‌وه‌یه‌:


خشتەی دابارین لە وێستگەکانی کەشناسی لە پارێزگای هه‌ولێر


خشتەی دابارین لە وێستگەکانی کەشناسی لە پارێزگای سلێمانی


خشتەی دابارین لە وێستگەکانی کەشناسی لە پارێزگای دهۆك