سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی کوردستان حەڵاڵی خەڵکەکەی و حەرامی داگیرکەران و ناحەزانە
30.03.2023

محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود
لای ھەموان ئاشکرایە، ماوەی چەند ڕۆژێکە ھەڵایەک دروست بووە لەسەر بڕیاری دادگایەک لە پاریس پەیوەست بە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، بڕیارەکە لێکدانەوەی جیاوازی بۆ کراوە، ھەندێک کە خەون بە سەردەمی سەدام و دیکتاتۆریەتەوە دەبینن بێئاگایانە ڕەزامەندن بە حوکمی ناوەند، ھەندێک داخ لەدڵ و ھەناو ڕەشیش وەک تابوری پێنج دەستیانکردووە بە جوینەوەی پڕوپاگەندەی دوژمنان دژی کورد و گەلی کوردستان، خەون و خولیایان نەمان و داڕوخانی قەوارەی سیاسی ھەرێمەو ئاو بەئاشی دوژمناندا دەکەن.
ڕەنگە سەرانی عێراق بیریان چوبێت کە حکومەتەکانی عبدالکریم قاسم و عەبدولسەلام عارف و عەبدول ڕەحمان عارف و ئەحمەد حەسەن بەکر و سەدام حسێن کە دژی خەڵکی کوردستان بوون چارەنوسیان بەکوێ گەیشت؟
ھەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە، سەرەتای پیلانگێڕییەکان دژی کورد دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٥١٤ و شەڕی چاڵدێران لەنێوان سوڵتان سەلیمی یەکەمی یاوس و شا ئیسماعیلی سەفەوی فارسەکان و ئیدریسی بەدلیسی دژی کورد و ئەمارەتەکانی، بەدەر لەمانەش پەیمانی(زەھاوی) لە ساڵی ۱٦۳۹ لەسەرپێڵی زەھاو لەنێوان شا ئەسەفی سەفەوی و سوڵتان مورادی چوارەمی عوسمانی و پەیمانی سەعد ئابادی تاران کە لە ١٩٣٧/٧/٨ لە نێوان عێراق و تورکیا و ئەفغانسان واژووکرا و پەیمانی لۆزان لە ١٩٢٣/٧/٤ لە شاری لۆزانی ووڵاتی سویسرا لەنێوان تورکیاو بەریتانیا و ئێران واژووکرا و پەیمانی بەغداد کە لە ١٩٥٥/٢/٢٤ لەنێوان ئێران، عێراق، پاکستان و بەریتانیا واژووکرا و پەیمانی جەزائیر کە لە نێوان شای ئێران، سەدام حسەین و ھەواری بومێدیێن لە پەراوێزی دانیشتنی ئۆپیک ئیمزاکرا.
وا ئێستاش دادگای پاریس و دادگای بەغدای عەرەبی بەشوێن پێیەکانی ئەواندا ھەنگاو دەنێن و دژی گەلی کوردستان بڕیار دەدەن.
هەموو ئەو پەیماننامە و ڕێکەوتنانە بە ئەنفال و چەکی کیمیایی و وێرانکردنی زیاتر لە ٤٥٠٠ گوند و شارۆچکەی کوردستانیشەوە نەیانتوانی ببنە لەمپەر لەسەر شاڕێگای بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان و تێکۆشانەکەمان، سەرئەنجامەکەی ڕاپەرینی ئازاری ١٩٩١ و ڕووخانی قەڵای ستەمی بەعسییەکان بوو لە ٢٠٠٣/٤/٩ دا.
بۆیە نەئەم هاش و هوشە و نەهیچ بڕیارو هاوپەیمانییەک دەتوانێت ڕێگا لە کورد و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکەی بگرێت.
قەوارەی سیاسی هەرێم، قەوارەیەکی دەستووری و شەرعی و جەماوەری و نەتەوەییە، بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهیدی پێشمەرگە و هاووڵاتی و کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفالی گۆپتەپەو قەڵاسێوکەو بادینان و بارزانییەکان و دۆڵی جافایەتی و سەردەشت و قوربانییەکانی ترە.
بۆیە داهات و سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی کوردستان (بە ئاوو نەوت و غازو گۆگردو دارو بەردییەوە) موڵکی خەڵکی کوردستانە و حەڵاڵی کوردستانە و حەرامی ناحەزان و داگیرکەرانە، هیچ دەوڵەت و دەسەڵاتێک، وارسی کورد نییەو کورد بەرگری لە خاک و نەتەوەو دەستکەوت و قەوارەی سیاسی خۆی دەکات.
ئومێد دەکەین یاسای نەوت و غازی عێراق لەگەڵ یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەک ڕێکبخرێت کە نەبێتە مایەی کێشە و ناکۆکی.
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان هەموو کات لە ڕیزی پێشەوەی بەرگری دەبێت بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و خاکی پیرۆزی کوردستان.

٢٠٢٣/٣/٢٩
گوڵەخانە

ئەم وتارە گوزارشتە لە رای نوسەر و جەماوەر نیوز لێی بەرپرس نیە

زۆرترین خوێندراو