راستییه‌ تاڵه‌کان ( 5 )
30.07.2023

ئاشتى گه‌رمیانى .. هۆڵه‌ندا 

راستییه‌ تاڵه‌کان  ( ٥ )

ئێمه‌ى میلله‌تى  کورد له‌ ڕێگاى که‌لتوورو که‌ڵچه‌ریشه‌وه‌ .. نه‌مانتوانى ئازاره‌کانمان بناسێنین به‌ جیهانى ده‌ره‌وه‌ . 
ئه‌و کاته‌ى که‌ منداڵ بوین به‌ زمانى کوردى و خوێندنى کوردى و دیالێکتى گه‌رمیانى .. بێژه‌و مه‌بێژه‌  و ماچى و نماچى ، هاتینه‌ گفتوگۆ و چاومان له‌ نێو چڵپاو خۆڵ و دڕک و به‌رده‌ڵاندا گرت بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ى که‌ کاره‌ قوڕینه‌کان و به‌ڕه‌و نه‌خش و کاره‌ ده‌ستیه‌کان بناسێنین ، هه‌ژارى و هه‌زار پینه‌ و ئاى ئاى پێ‌ له‌ زام ، ئێمه‌ى گه‌یانده‌ ئێستاى هه‌ر ئاى ئاى ، هیچ نه‌گۆڕاوه‌ له‌ ڕابردوداو له‌ ئێستادا ، ئێمه‌ ته‌نها شه‌ڕو چیاکانمان نمایش کرد ، ته‌نها وێرانکارى هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال و جینوسایدمان نمایش کرد ، هیچیان نه‌بوه‌ ئه‌رشیف و کێ له‌باره‌ى میلله‌تێکى خۆخۆره‌ وه‌ ده‌ناسێت و هه‌ر ده‌ڵێن ئیتر بۆ پێشه‌وه‌ !
 لاسایى کردنه‌وه‌ى ده‌وروبه‌رمان بوو به‌ که‌لتوور و هیچى تازه‌مان نه‌خسته‌ نێو که‌ڵچه‌ره‌وه‌ ، هه‌موو ووڵاتانى هه‌رێمه‌که‌ هه‌موو خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندێتى خۆیانن ، که‌چى له‌ نێو کوره‌و که‌نووى ئێمه‌وه‌ بردویانه‌ ، نه‌مان کردن به‌ براند ، نه‌مان کردن به‌ موڵک ، به‌ڵکو هه‌ر زووڕنا کۆنه‌که‌یه‌و لێ ى ده‌ده‌ینه‌وه‌ . لاى ئێمه‌ ڕاوى کێمان نه‌نا ، بلیمه‌ته‌کان و نوسه‌ره‌کان و زانیان و مێژوونوسه‌کان و داهێنه‌ره‌کان .. کێ مایه‌وه‌ له‌م ووڵاته‌ ته‌نها خاک فرۆش که‌ که‌لتوورو هونه‌رو ڕۆشنبیریمانى هه‌موو هه‌رزان فرۆش کرد ، 
ئێمه‌ له‌ نێو شۆڕشى هونه‌رى و که‌لتوورى و ڕۆشنبیریدا بوین ، خه‌ونه‌کانمان کویرو پڕو چێ‌ بوون بۆ داهاتویه‌کى گه‌شدار ، بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کى هاوچه‌رخ ، به‌ڵام له‌ برى زانست و پێگه‌یاندن ، نه‌خوێنده‌واریان هێنایه‌ نێومانه‌وه‌ .. که‌م که‌س هه‌یه‌ ئێستا مێژووى میلله‌ته‌که‌ى خۆى به‌باشى بناسێت و ته‌نها ناوى خۆى نازانێت بنوسێت .. چاوه‌ڕى ى چى بکه‌ین له‌و داهاتووه‌ تاریک و وێران کراوه‌ ، چاوه‌ڕێ ى کام فه‌یله‌سوف و ئایدیا بکه‌ین که‌له‌ داهاتوودا کۆمه‌ڵگایه‌کى پێشکه‌ووتوو و مۆدێرن بهێنێته‌ کایه‌وه‌ .. ئێمه‌ یادو بیره‌وه‌رى له‌ ١٤٠٠ ساڵ له‌مه‌و به‌ر ده‌که‌ینه‌وه‌ ، واته‌ له‌و زه‌مه‌نه‌دا چه‌قیوین و هه‌رگیز ده‌رناچین .
خه‌ونه‌کانمان ئه‌وه‌نده‌ تاڵن ناتوانین پێکه‌وه‌ هه‌ڵبکه‌ین و گوێ له‌ یه‌کترى بگرین ، ئه‌وه‌ ئه‌و زه‌مه‌نه‌ نوێ یه‌ که‌ هه‌موو شیرزاه‌کان تێک چوون به‌ جۆرێک که‌س ناتوانێت زنجیره‌ ڕێیان بکات ، ده‌بێت له‌پاش ١٢ نه‌وه‌ ئه‌وکات بیر له‌ هه‌نگاوێک بکه‌ینه‌وه‌ . ئایا باس له‌ کام ئازارو کام مه‌ینه‌تى بکه‌ین .. کێ ده‌زانیت چیتر ڕووده‌دات له‌ ژێر ده‌ستى ئه‌و بلیمه‌تانه‌ى که‌ نازانن سبه‌ى چى ڕوو ده‌دات . به‌سه‌دان شه‌هاده‌ى درۆى سه‌رده‌م . سه‌دان ووڵات فرۆش و دوو ڕوو ..
 ڕاستى یه‌کان تاڵن به‌ڵام کوشنده‌ن بۆ داهاتووى میلله‌تێکى ٧٠ ملوێن که‌سى.


ئەم وتارە گوزارشتە لە رای نوسەر و جەماوەر نیوز لێی بەرپرس نیە

زۆرترین خوێندراو