وەزارەتی ناوخۆ: لە کوردستان ڕووداوەکانی هاتوچۆ بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە

17.11.2025
جەماوەر نیوز
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2025، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، داوای لە هاووڵاتییان کرد، پرۆژەکانی هاتوچۆ بە هی خۆیان بزانن و پاڵپشتییان بکەن، چونکە ئۆتۆمبێل و ماتۆرسکیل کە بۆ خزمەتی مرۆڤ داهێنراون، بەهۆی خراپ بەکارهێنانەوە بوونەتە مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی هاووڵاتییان.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵانە ڕووداوەکانی هاتوچۆ زیانی گیانی و ماددی زۆریان لێکەوتۆتەوە. بۆ نموونە، لە ساڵی 2022دا سێ هەزار و 706 ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویانداوە، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 445 کەس و برینداربوونی حەوت هەزار و 250 کەسی دیکە. ئەم ئامارانە وایانکردووە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ کەمکردنەوەی ئەم "تیرۆرە سپییە".
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا، چەندین پرۆژەی ستراتیژی بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ جێبەجێ کردووە، لەوانە:
- نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی ڕێگاوبان: زیاتر لە 1967 پرۆژەی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
- دانانی کامێرای تیژڕۆیی (خاڵ بۆ خاڵ): ئەم سیستەمە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبووە لە کەمکردنەوەی خێرایی و پابەندکردنی شۆفێران.
- پردی سەلامەتی: دانانی گاردڕێل لەسەر ڕێگا سەرەکییەکان، هێڵکاری شەقامەکان و دروستکردنی پردی پەڕینەوەی پیادە.
- چاکسازی لە سیستەمی مۆڵەتی شۆفێریدا
یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکان، چاکسازی بووە لە سیستەمی پێدانی مۆڵەتی شۆفێریدا. سیستەمی کۆنی "تایبەت" و "گشتیی" هەڵوەشێنراوەتەوە و سیستەمێکی نوێ و مۆدێرن پەیڕەو کراوە کە 13 جۆر مۆڵەت لەخۆدەگرێت. ئەم جۆرانە لە پۆلێنی (A) بۆ ماتۆرسکیل دەست پێدەکات و تا پۆلێنی (T) بۆ تراکتۆر درێژ دەبێتەوە. ئامانج لەم گۆڕانکارییە، دڵنیابوونە لەوەی شۆفێر بەپێی ستانداردە جیهانییەکان پەروەردە دەکرێت و تەنیا ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلێک لێدەخوڕێت کە شارەزایی تەواوی تێدا هەیە.
بەهۆی ئەم ڕێکارانەوە، ئامارەکانی ڕووداو و قوربانیانی هاتوچۆ بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە. بە بەراورد بە ساڵی 2022، ڕێژەی گیانلەدەستدان بە ڕووداوەکانی هاتوچۆ تا ساڵی 2024 نزیکەی 78% دابەزیوە. لە ساڵی 2024دا نزیکەی سێ هەزار ڕووداوی هاتوچۆ تۆمارکراون کە بەهۆیانەوە نزیکەی 350 کەس گیانیان لەدەستداوە. ئەمەش پێشکەوتنێکی گەورەیە لە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان.

بابەتی هاوشێوە