وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف: ئەوانەی ناویان بە جێگرەوە بۆ حەج دەرچووە یەدەگن

17.11.2025
جەماوەر نیوز

وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو کەسانەی ناویان وەک جێگرەوە بۆ فەریزەی حەج دەرچووە یەدەگن و تەنیا ئەو کاتە دەبنە سەرەکی کە کەسانێک لەبەر هەر هۆکارێک نەتوانن بچنە مەککە بۆ حەج. 

ئەمڕۆ دووشەممە، 17ی 11ی 2025، نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "ئەوانەی بۆ حەج ناویان گەڕاوەتەوە دوو جۆرن؛ فەرمی و جێگرەوە. جێگرەوەکان یەدەگن."

لەنێو خەڵکدا وا بڵاوبووەتەوە کەسانێک نامەیان بۆ چووە، بەڵام ناویان لەنێو لیستی چوونی هاونیشتمانییەکان بۆ حەج نییە. بە وتەی وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بابەتە راستەقینەکە ئەوەیە هەندێک کەس ناویان وەک جێگرەوە دەرچووە. جێگرەوەکانیش تەنیا ئەو کاتە دەبنە سەرەکی کە کەسانێک لەبەر هەر هۆکارێک نەتوانن بچنە مەککە بۆ حەج. 

دوێنێ لە رێوڕەسمێکدا بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە شێوەی ئەلیکترۆنی تیروپشکی بۆ ئەو کەسانە کرد کە ناویان تۆمار کردبوو ساڵی داهاتوو بچنە حەج. 

نەبەز ئیسماعیل لەبارەی ئەگەری ئەو گۆڕانکارییە گوتی: "هەندێک کەس ناچن؛ هەندێکیان بۆیان ناگونجێ؛ رەنگە هەندێک جاریش مردن ببێتە رێگری بەشدارینەکردن."


بابەتی هاوشێوە