په‌روه‌رده‌ی شاره‌زوور كۆمه‌ك بۆ رۆژئاوای كوردستان كۆده‌كاته‌وه‌

16.10.2019
جەماوەر نیوز
بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی شارەزوور له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا داوا له‌سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانی خوێندنی سنوره‌كه‌ی ده‌كات ئه‌مرۆ چوار شه‌ممه‌ لیژنه‌یه‌ك دروست بكه‌ن له‌ مامۆستایان و ده‌سته‌ی كارگێری هاوكاری ماددی كۆبكه‌نه‌وه‌ بۆ كوردانی ڕۆژاوای كوردستان.
له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ خراوته‌ڕوو كۆكردنه‌وه‌ی هاوكاری له‌ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و خوێندكاران ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه‌.
په‌روه‌رده‌ی شاره‌زوور له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی ئه‌وه‌ی خستۆته‌ روو ئه‌و هاوكاریانه‌ی كۆ ده‌كرێته‌وه‌ بیگه‌یه‌ننه‌ دەست هۆبەی یاسا لە دیوانی بەڕێوەبەرێتیمان تا بەرواری(۲٠ـ۱٠ـ۲٠۱۹) بۆ ئەوەی بگەیەنرێتە دەست لایەنی پەیوەندیدار.
له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌بیل حه‌مه‌ ساڵح، لێپرسراوی به‌شی خۆیه‌تی له‌ په‌روه‌رده‌ی شاره‌زوور به‌ جه‌ماوه‌رنیوزی ڕاگه‌یاند ئه‌و پاره‌یه‌ی كۆده‌كرێته‌وه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ و به‌رپرسی به‌شی ژمێریار و به‌رپرسی به‌شی یاسای په‌روه‌رده‌ی شاره‌زوور سه‌رپه‌ره‌شتی ده‌كرێت و دواتر ئه‌و كۆمه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نرێته‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی و ته‌سلیمی نوێنه‌ری رۆژئاوای كوردستان ده‌كرێت.
ناوبراو وتیشی له‌ ئیستادا ته‌نها له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی ئه‌وه‌ به‌ ئێمه‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌ ته‌نها كۆمه‌كی مادی كۆبكه‌ینه‌وه‌ .