نێچیره‌ڤان بارزانی له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌لبوسی كۆبوه‌وه‌

03.05.2021
جەماوەر نیوز
ئيواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 3ی ئایاری 2021 له‌ هه‌ولێر نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ محه‌مه‌د حه‌لبووسى، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كرد.
له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دۆخى عێراق به‌گشتى، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق و پێشبينييه‌كان بۆ نه‌خشه‌ى سياسيى داهاتووى وڵات، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، مه‌ترسييه‌كانى داعش و جموجووڵه‌كانى، هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان لايه‌نه‌كان له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگيريدا، دۆخى ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ تاوتوێ كران.
هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر پێويستى و گرنگيى كارى پێكه‌وه‌يى و نيشتمانيى هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان و لايه‌ن و پێكهاته‌كانى وڵات بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ته‌حه‌دييه‌كان و تێپه‌ڕاندنى كێشه‌ و قه‌يرانه‌كان و پاراستنى يه‌كڕيزى و ته‌بايى له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگيريى وڵاتدا، هه‌روه‌ها هيوايان خواست ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو، وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى چاوه‌ڕوانييه‌كانى هاووڵاتيان بێت له‌ سه‌قامگيرى، خزمه‌تگوزارى و ژيان و داهاتوويه‌كى باشتر.

زۆرترین خوێندراو