سه‌رۆكی هه‌رێم: ئه‌ركی به‌غدایه‌ موچه‌ی هه‌رێم دابینبكات

04.05.2023
جەماوەر نیوز
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌ركی به‌غدایه‌ مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان دابینبكات.
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌چوارچێوه‌ی پێشكه‌شكردنی پانێڵێك له‌ كۆڕبه‌ندی عێراق، رایگه‌یاند، ئه‌ركی منه‌ كار له‌سه‌ر به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق بكه‌م. هه‌روه‌ها گوتی: "شانازییه‌ بۆ من كه‌ ببمه‌ سه‌رۆككۆماری عێراق، به‌ڵام له‌ به‌رنامه‌م دا نه‌بووه‌ و ئێستا سه‌رۆككۆمارێك هه‌یه‌ به‌هه‌ڵبژاردن ده‌رچووه‌ و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ ده‌خوازم".
سه‌رۆكی هه‌رێم گوتیشی: "كاتێك سه‌رۆككوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانیش بووم، ئاسایی سه‌ردانی به‌غدام كردووه‌، ئێمه‌ له‌چوارچێوه‌ی عێراق ده‌ژین، به‌رده‌وام دێینه‌ به‌غدا و سه‌ردانی ئه‌و شاره‌ ده‌كه‌ین".
له‌باره‌ی هه‌نگاوه‌كانی ئاوه‌دانی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "به‌ر له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق، ئێمه‌ زووتر ده‌ستمان به‌ پڕۆسه‌ی ئاوه‌دانی و بونیاتنانه‌وه‌ كردووه‌، دوای كۆتاییهاتن به‌ ده‌سه‌ڵاتی حزبی به‌عس، بیرمان له‌ ئیداره‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ‌ دابینكردنی خزمه‌تگوزاری كرده‌وه‌".
ده‌شڵێت: ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌هامه‌تی زۆرمان بینیووه‌، كێشه‌ی كاره‌بامان هه‌بووه‌ و له‌هه‌ندێ شوێن تا ئێستاش ئه‌و كێشه‌ به‌رده‌وامه‌، بۆیه‌ هیشتا زۆرمان ماوه‌ ئه‌نجامی بده‌ین، تا ده‌گه‌ین به‌و ئامانجه‌ی هه‌مانه‌.
باسی له‌وه‌شكرد، دۆخی خه‌ڵك له‌ ئاستێكی باش دا نییه‌، به‌داخه‌وه‌ین بۆ ئه‌مه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ كێشه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و ناتوانم ئه‌مه‌ ره‌تبكه‌مه‌وه‌، جیا له‌وه‌ش كێشه‌ی سیاسیمان له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان دا هه‌یه‌، ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو تواناكانمان خستووه‌ته‌گه‌ڕ، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی كێشه‌كان.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه‌ كرد، له‌دوای 2003ـه‌وه‌ هه‌موومان هه‌ڵه‌مان كرد‌‌، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ پێویسته‌ وانه‌ له‌ رابردوو و ئه‌و هه‌ڵانه‌وه‌ وه‌ربگرین، بۆیه‌ پرسیاری جه‌وهه‌ری ئه‌وه‌یه‌، ئێمه‌ چ عێراقێكمان ده‌وێت؟ یاخوود ده‌مانه‌وێت عێراق به‌ره‌و كوێ ببه‌ین؟، ئایا لۆژیه‌كه‌ ئێستاش به‌و ئاراسته‌یه‌ هه‌نگاو بنێین كه‌ كێ له‌ عێراق به‌هێزه‌؟ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر به‌و لۆژیكه‌ حوكمی عێراق بكرێت، هه‌موو لایه‌كمان دۆڕاو ده‌بین، مێژووی عێراقیش ئه‌وه‌ی پیشانمان داوه‌، عێراق ئه‌وكاته‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، كه‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی خۆیان له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی‌ به‌ به‌شدار بزانن، ئێمه‌ ته‌حه‌موولی ئه‌و دۆخه‌ش ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها برایانمان له‌ پێكهاته‌ی شیعه‌، سووننه‌ و ته‌واوی پێكهاته‌كان ته‌حه‌موولی ئه‌وه‌ بكه‌ن، دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ گه‌لی عێراق چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كات دۆخه‌كه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا باشتر بێت، من وه‌كو سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێموایه‌ قوڵایی ستراتیژی و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ئێمه‌ له‌ به‌غدایه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر مۆدێلێك رێكبكه‌وین كه‌ پێكه‌وه‌ له چوارچێوه‌ی‌ جواگرافیای عێراق بژین، له‌م چوارچیوه‌یه‌دا له‌ ساڵی 2003ـه‌وه‌ له‌ قۆناغی ئینتیقالیدا بووین، كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌، كه‌ چیتر‌ ناتوانین به‌ گه‌لی عێراق بڵێین بوارمان بده‌ن، هه‌تا كه‌ی؟ ده‌بێت پێكه‌وه‌ له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ راشكاوانه‌ دابنیشین و كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق چاره‌سه‌ر بكه‌ین و به‌ره‌و ئایینده‌ هه‌نگاو بنێین، ئێمه‌ به‌ ئومێد و هیوایه‌كی زۆره‌وه‌ به‌شداریمان له‌م حكومه‌ته‌دا كردووه‌.
له‌باره‌ی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ده‌بێت سوپاسی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بكه‌ین بۆ سه‌بر و ئارامیان بۆ واژۆكردنی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆیه‌ ده‌پرسین كه‌ ئایا مه‌به‌ستی سیاسی له‌پشته‌وه‌یه‌ كه‌ تا ئێستا ئه‌و رێككه‌وتنه‌ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، من ده‌ڵێم نه‌خێر، هه‌ندێ پرسی ته‌كنیكی هه‌ن ده‌بێت چاره‌سه‌ربكرێن، كه‌ رێگرن له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت‌، ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان دڵنیاین له‌وه‌ی كه‌ پرسه‌كه‌ سیاسی نییه‌، كه‌ هیوادارم به‌ هه‌وڵی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كێشه‌ ته‌كنیكییه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن.
دووپاتیكرده‌وه‌، دوو یاسا بۆ عێراق گرنگن، یه‌كه‌میان یاسای گشتی بودجه‌ و یاسای دابه‌شكردنی داهاته‌كان، كه‌ دوو یاسای گرنگن سه‌قامگیری سیاسی و ئابووری بۆ عێراق به‌رهه‌م دێنن.
له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و توركیا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گوتی: تیمی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت، یه‌ك تیمن، تیمی جیاوازمان نییه‌، ته‌نیا هه‌ندێ پرسی هونه‌ری هه‌ن كه‌ تا ئێستا جێبه‌جێ و چاره‌سه‌ر نه‌كراون، به‌ر له‌وه‌ی بێمه‌ ئێره‌، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق گفتوگۆمان له‌باره‌یه‌وه‌ كردووه‌.
له‌وه‌ڵامی پرسیارێكی  ئاژانسی رۆیته‌رز له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و دووباره‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وت، سه‌رۆكی هه‌رێم ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، هیوادارم له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی داهاتوو، ئه‌و پرسه‌ یه‌كلایی بكرێته‌وه‌، ئێمه‌ له‌ سنووری 450 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتمان هه‌نارده‌ ده‌كرد، ئێستا وه‌ستاوه‌، ئه‌مه‌ زیان به‌ ئابووری عێراق ده‌گه‌یه‌نێت، هه‌رێمی كوردستان مانگێكه‌ نه‌وتی هه‌نارده‌ نه‌كردووه‌، پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه،‌ مووچه‌ خۆرانی هه‌رێمی كوردستان چۆن مووچه‌ وه‌رده‌گرن؟، ئه‌وه‌ ئه‌ركی به‌غدایه‌ و ده‌بێت ئه‌و ئه‌ركه‌ جێبه‌جێ بكات.

زۆرترین خوێندراو