که‌عبى داوا ده‌کات په‌له‌بکرێت له‌ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی بێسه‌روشوێنان و گۆڕه‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌کان به‌وپێیه‌ی بابه‌تێکى مرۆیى و یاساییه‌

15.06.2021
جەماوەر نیوز
که‌عبی: بونى زیاتر له‌لایه‌نێک که‌ کار له‌سه‌ر دۆسیه‌ی بێسه‌روشوێنان ده‌که‌ن، هۆکاره‌ بۆ دواکه‌وتنى دۆسیه‌که‌.. پێویسته‌ هه‌وڵه‌کان له‌ فه‌رمانگه‌یه‌کى تایبه‌تمه‌نددا به‌ ده‌سه‌ڵاتى ته‌واوه‌وه‌ کۆبکرێنه‌وه‌.

 رۆژى دوشه‌ممه‌ 14/6/2021, جێگرى یه‌که‌مى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تى خۆی پێشوازیکردوه‌، له‌ وه‌فدێکى لیژنه‌ی نێوده‌وڵه‌تى بۆ کاروباری بێسه‌روشوێنبوان (ICMP) که‌ سه‌رۆکى به‌رنامه‌ى عێراق له‌ لیژنه‌که‌ ئه‌لیکسه‌نده‌ر هۆگ، و جێگرى سه‌رۆکى نوسینگه‌ی عێراق فه‌واز عه‌باس، راوێژکارى یاسایى لیژنه‌که‌ ده‌نارا ده‌ردوسوڤۆ، پێکهاتبون.

له‌و دیداره‌دا که‌عبى پێزانینى بۆ چالاکییه‌ مرۆییه‌کان ده‌ربڕیوه‌، که‌ لیژنه‌که‌ ده‌یه‌وێت له‌ناو عێراقدا ئه‌نجامیان بدات، به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی که‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ یاداشتێکى لێکتێگه‌یشتن ئیمزاکراوه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، که‌ بونى شاره‌زاى خاوه‌ن توانا و لێوه‌شاوه‌یی، رۆڵى هه‌بوه‌ له‌ ته‌واوکردنى ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌رکه‌کان له‌ وڵاته‌که‌ماندا که‌ یه‌کێکه‌ له‌و وڵاتانه‌ی روبه‌ڕوى ژماره‌یه‌کى زۆرى بێسه‌روشوێنبوان بوه‌ته‌وه‌ به‌هۆى ئه‌و شه‌ڕو ململانێ و تاوانانه‌ی له‌لایه‌ن تاقمى داعشه‌وه‌ ئه‌نجامدراون.

که‌عبى ته‌ئکیدى له‌وه‌شکردوه‌ته‌وه‌ هه‌وڵ هه‌یه‌ بۆ یه‌کخستنى کاری لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌ دۆسیه‌ی بێسه‌روشوێنبوان و گۆڕه‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌کانه‌وه‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا که‌ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ چه‌ند لایه‌نێکى وه‌ک وه‌زاره‌تى ناوخۆ و به‌رگرى و ته‌ندروستى و ده‌زگای شه‌هیدان/ فه‌رمانگه‌ی گۆڕه‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌کان و دادو حکومه‌تى هه‌رێم و کۆمسیۆنى مافه‌کانی مرۆڤ کارى له‌سه‌ر ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش هۆکاره‌ بۆئه‌وه‌ی دواکه‌وتن و رۆتینى دورودرێژ و قۆستنه‌وه‌ی دۆسیه‌که‌ دور له‌لایه‌نه‌ مرۆیى و یاساییه‌که‌ی؛ بقۆزرێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ مه‌به‌ستى تێپه‌ڕاندنى سه‌رجه‌م ئه‌و یه‌کتربڕانه‌ پێویسته‌ یه‌ک فه‌رمانگه‌ دروستبکرێت و راسته‌وخۆ به‌ ده‌سه‌ڵاتى ته‌واوه‌و به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ باسکراوه‌کان و به‌پێى تایبه‌تمه‌ندی، کار له‌سه‌ر دۆسیه‌که‌ بکات. د

جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌، پێویسته‌ هه‌موان ته‌نها له‌ روى مرۆییه‌وه‌ سه‌یرى بابه‌ته‌که‌ بکه‌ن و مافى خێزانه‌کانه‌ چاره‌نوسى بێسه‌روشوێنبوه‌کانیان بزانن.

هاوکات که‌عبى پشتیوانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى بۆ کارى سه‌رجه‌م ئه‌و رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ دوپاتکرده‌وه‌، که‌ له‌ عێراقدا کارده‌که‌ن و خزمه‌تگوزارى دیار پێشکه‌ش به‌ ده‌وڵه‌ت و گه‌لی عێراق ده‌که‌ن له‌ناویشیان رێکخراوى (ICMP)، ته‌ئکیدیشى له‌وه‌کرده‌وه‌، که‌ بونیان یاساییه‌و هه‌موان له‌وه‌دا دڵگه‌رمن پشتیوانیان بکه‌ن و ئاسانکارییان له‌ کاره‌کانیاندا بۆ بکرێت، به‌تایبه‌ت که‌ ئه‌و رێکخراوانه‌ى خزمه‌تگوزارى زیاده‌یان وه‌ک مه‌شقکردن به‌ کادیرانى عێراقى پێشکه‌شکردوه‌و ته‌کنیکى نوێى زانستیان هێناوه‌ته‌ وڵاته‌وه‌، وه‌ هه‌مو لایه‌ک به‌ چاوى هاوبه‌شى بنه‌ڕه‌تى بۆ پێشکه‌شکردنى خزمه‌تگوزارى مرۆیى له‌سه‌ر خاکى عێراق له‌ کاریی ئه‌و رێکخراوانه‌ ده‌ڕوانن.

له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ هۆگ پێزانینى خۆى بۆ ئه‌و پشتیوانى و ئاسانکارییانه‌ی که‌عبى دوپاتکرده‌وه‌، که‌ له‌ لیژنه‌که‌یان و سه‌رجه‌م ئه‌و رێکخراوانه‌ ده‌یکات له‌ عێراقدا کارده‌که‌ن، ئه‌مه‌شى به‌ ئاماژه‌یه‌کى باش له‌سه‌ر راده‌ی هاوکارى ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و رێکخراوانه‌ وه‌سفکرد، که‌ سه‌رجه‌میان له‌ پێناو یه‌ک ئامانجدا کار ده‌که‌ن ئه‌ویش خزمه‌تکردنى گه‌لی عێراقه‌ له‌ بواره‌کانى مرۆیییه‌کاندا.


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ