قائیمقامی هه‌ولێر: بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ئیفراز 4 کێشەی ئاو لە هەولێر چارەسەر دەكات

07.08.2021
جەماوەر نیوز
قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر رایدەگەیێنێت، وشکەساڵی و وشکبوونی بیرەکانی ئاو کەمبوونەوەی رێژەی ئاو تێیاندا کێشەی کەمئاوی دروستکردووە، دەشڵێت، بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ئیفراز 4 کێشەی ئاو لە هەولێر 100٪ چارەسەر دەبێت.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر رایگەیاند: "ئەمساڵ وشکەساڵییەکی زۆر تووندە، وشکەساڵییەکەش تەنیا لە عێراق نییە، بەڵکو وڵاتانی دەوروبەریش ئەو وشکەساڵیە هەیە، دەتوانم بڵێم زیاتر لە 40 بیر لەناو سنووری شاری هەولێر بە تەواوەتی وشکی کردووە، زۆربەی زۆری بیرەکان رێژەی ئاو تێیاندا زۆر دابەزیوە، کێشەی دابینکردنی کارەباش وایکرد پێدانی ئاو بە ماڵان کێشەی تێبکەوێت".
نەبەز عەبدولحەمید ئاماژە بە گرفتێکی دیکەی کەمئاوی لە شاری هەولێر دەدات و دەڵێت: "لە ماوەی دوو بۆ سێ رۆژی رابردوو رێژەیەکی زۆر باران لە ناوچە شاخاوییەکان باری، ئەو ئاوەی بە زێی گەورەدا دێت ئاوەکە لێڵ و شێلوو بوو، ئەو شێلووبوونە بە ناچاری وای لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەرۆکانی هەولێر کرد، پرۆژەی ئاوی ئیفراز رابگرن، تاوەکو پەکی نەکەوێت".
سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر وتی: "ئەوەی کراوە بۆ دابینکردنی ئاو، بە دەیان بیر لێدراون لە رێگەی ئەو بودجەیەی لەلایەن سەرۆکایەتیی حکومەتەوە بۆ کەرتی ئاو تەرخانکراوە، هاوکات لە رێگەی چەندین دەزگای خێرخوازی چەندین بیر لێدراون".
نەبەز عەبدولحەمید بۆ چارەسەربوونی تەواوەتی گرفتی کەمئاوی دەڵێت: "کێشەی هەولێر بەتەواوەتی بە رێژەی 100٪ کەی چارەسەر دەکرێت؟ کاتێک پرۆژەی ئیفراز چوار جێبەجێکرا، هەموو ئامادەکارییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە تەواو کراوە، پرۆژەیەکی یەکجار گەورەیە، کۆمپانیای بای وەتەری بەریتانی جێبەجێی دەکات، بەڵام بەهۆی بارودۆخی دارایی، ئەو بارودۆخە سیاسی و ئەمنیەی بەسەر کوردستاندا هاتووە لە ساڵانی رابردوودا، ئەمە وایکرد جێبەجێکردنی پرۆژەکە دوابکەوێت. ئەو پرۆژەیە هەر کاتێک جێبەجێکراو تەواوبوو، شاری هەولێر بە دەوروبەریشەوە بە تەواوەتی کێشەی ئاوی نامێنێت".

زۆرترین خوێندراو