عه‌زیز گه‌ردی كۆچی دوایكرد

06.06.2022
جەماوەر نیوز
دوای مانەوەی بۆ ماوەی 5 رۆژ لە نەخۆشخانە، د. عەزیز گەردی، نووسەر و وەرگێڕی ناسراوی کورد کۆچی دواییکرد. 
 د. عەزیز گەردی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 6ی حزه‌یرانی 2022 کاتژمێر 10:15 خولەک لە نەخۆشخانەی ژینی تایبەت کۆچی دوایی کردووە.
چەند مانگێک بەر لە ئێستا، بەهۆی سستبوونی گورچیلەکانییەوە عەزیز گەردی چووە دەرەوەی وڵات و لەوێ دوای چارەسەر، پزیشک ناچار بوو یەکێک لە گورچیلەکانی دەربهێنێت. دوای گەڕانەوەی بۆ هەولێر بە چەند رۆژێک، تاکە گورچیلەکەی دیکەی تووشی ئازار بوو.
تۆفیق عوسمان، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی تایبەتی ژین لە هەولێر بە رووداوی گوت، عەزیز گەردی، تووشی هەوکردنی گورچیلە ببوو. 
عەزیز گەردی لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا دەستی بە نووسین و وەرگێڕان کرد؛ وەرگێڕانی بەوە جیا دەکرێتەوە کە زۆر تایبەتە. تۆفیق کەریم، نووسەر و وەرگێڕ و بەرپرسی ناوەندی هزری و رۆشنبیری خاڵ لەبارەی بەرهەمەکانی عەزیز گەردییەوە بە رووداوی گوت: "لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە و لە سەردەمی مێرمنداڵیمەوە کتێبەکانیم خوێندووەتەوە، بەتایبەتی ئەو کتێبانەی لەبارەی ئەدەبیاتی بیانی چاپی کردوون؛ هەرگیز هەستم نەکردووە وەرگێڕانەکانی وەرگێڕان بووبن، چونکە ئەوەندە بە جوانی دایڕشتوون و تێکەڵاوی دەستەواژە و پەندی کوردی کردوون، هەستم دەکرد کە کورد نووسیبێتی".  
عەزیز گەردی لەگەڵ ئەوەی کوردیزانێکی کەموێنە بوو و شێوەزارەکانی کورمانجی سەروو، کورمانجی خواروو و هەورامی دەزانی، چوار زمانی جیهانیشی بەباشی دەزانی. ئەو بەشی زمانی فەرەنسی لە زانکۆی بەغدا خوێند، زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی و فارسیش بەباشی دەزانی.
عەزیز ئەحمەد عەبدوڵڵا، ناسراو بە عەزیز گەردی، لە ساڵی 1947 لە هەولێر لەدایکبوو؛ لە ناحیەی بەحرکەی نزیک شاری هەولێر دەژیا؛ ژیانی هاوژینی پێکنەهێنا.
هەر لە منداڵییەوە خولیای خوێندنەوە بوو و لە هەرزەکارییدا دەستی بە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی کوردی و بیانی کرد. نۆبەرەی بەرهەمەکانی عەزیز گەردی ساڵی 1968-1969 چاپ و بڵاوکرایەوە کە کتێبی رەوانبێژییە. دواتر کتێبەکانی ئەدەبی بەراوردکاری، پەخشانی کوردی، رابەری شیعری کلاسیکی کوردی و چەندین کتێبی دیکەی نووسی. لە ساڵی 1994 ماستەرنامە و لە ساڵی 1999 بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێنا. 

زۆرترین خوێندراو