ره‌وتى رۆژنامه‌گه‌ریى کوردى به‌کوێ گه‌یشتووه‌ ؟
21.04.2019

به‌ختیار حسین 

  22ى نیسانى هه‌موو ساڵێک یادى رۆژنامه‌گه‌رى کوردى ده‌کرێته‌وه‌ وه‌ک مێژووى ده‌سپێکى ئه‌وبواره‌ له‌لاى نه‌ته‌وه‌ى کورد ،که‌ئه‌م مێژووه‌ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌گه‌رى وڵاتانى تردا تاراده‌یه‌ک مێژوویه‌کى زۆر کۆن نییه‌ ، که‌ له‌سه‌ر ده‌ستى میقداد میدحه‌ت به‌درخان له‌ بنه‌ماڵه‌ى به‌درخانییه‌کان سه‌رهه‌ڵده‌دات به‌ده‌رکردنى یه‌که‌م رۆژنامه‌ى کوردى به‌ناوى کوردستان له‌ قاهیره‌ى پایته‌ختى میسر ،به‌ڵام له‌و مێژووه‌وه‌ هه‌تا ئێستا ره‌وتى رۆژنامه‌گه‌رى کوردى به‌کوێ‌ گه‌یشتووه‌ .
 
ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌ماى زانستی شیکردنه‌وه‌یه‌ک بۆ ره‌وتى رۆژنامه‌گه‌رى له‌ باشورى کوردستان بکه‌ین ،ئه‌وا ئه‌بینین به‌درێژایى ئه‌وماوه‌یه‌ له‌چوارچێوه‌ى چه‌ند تیۆرێکدا کارى کردووه‌ .

رۆژنامه‌گه‌رى کوردى تاپێش ساڵى 1991 و راپه‌رینه‌که‌له‌باشورى کوردستان له‌ژێر کاریگه‌رى تیۆرى ده‌سه‌ڵاتدا بووه‌ به‌شێوه‌یه‌ک که‌له‌خزمه‌تى ده‌سه‌ڵات و ره‌واییدان به‌ بیروباوه‌ڕو بڕیارو یاساکان و ده‌سه‌ڵاتى حوکمڕان بووه‌ ،که‌له‌پێداهه‌ڵدان وچه‌واشه‌کارى و پیشاندانى رووى جوانى ده‌سه‌ڵات هیچى ترى پێشکه‌ به‌کۆمه‌ڵگا نه‌کردووه‌ که‌ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ش به‌هۆى ئه‌و ده‌سه‌ڵات و حکومڕانیه‌وه‌ بوبێت که‌ له‌وسه‌رده‌مه‌دا له‌ووڵات هه‌بووه‌ ، رێگه‌ نه‌دراوه‌ به‌ئازادى راده‌ربڕن و ئازادى رۆژنامه‌گه‌رى که‌له‌رواڵه‌تدا واپیشان ده‌درا که‌ئازادى هه‌یه‌ ،هه‌ربۆیه‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ رۆژنامه‌گه‌رى کوردى له‌ژێر کاریگه‌رى تیۆرى ده‌سه‌ڵات بووه‌ .

له‌دواى راپه‌رین له‌ساڵى 1991 جۆرێک له‌ئازادى و کرانه‌وه‌ى رۆژنامه‌گه‌رى هاته‌ ئاراوه‌ به‌ڵام نه‌توانرا له‌ژێر هیچ تیۆرێک خۆى ببینێته‌وه‌ ،به‌شێوه‌یه‌ک که‌ راگه‌یاندن بۆ به‌رژه‌وه‌ندى حزب کارى ده‌کرد که‌ ده‌کرێ بڵێین نزیک بوو له‌تیۆرى ئیشتراکى (لیبراڵى) که‌له‌به‌رژه‌وه‌ندى مارکسیه‌ت و شوعیه‌تدا بوو ،به‌ڵام له‌کوردستانى باشوور له‌خزمه‌تى حزبدا بوو، راگه‌یاندنى حزبى به‌شێوه‌یه‌ک ته‌شه‌نه‌ى سه‌ند که‌توانى گۆڕه‌پانى رۆژنامه‌گه‌رى داگیر بکات که‌تا هه‌نوکه‌ش به‌رده‌وامى هه‌یه‌ .

له‌کۆتایى ساڵى 2000 جۆرێک له‌رۆژنامه‌ى ئازاد و سه‌ربه‌خۆ سه‌ریهه‌ڵدا که‌به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان بانگه‌شه‌ى بۆ رۆژنامه‌گه‌رى سه‌ربه‌خۆ و ئازاد ده‌کرد که‌بووه‌ سه‌ره‌تایه‌ک بۆ ده‌رکه‌وتنى کارى رۆژنامه‌گه‌رى سه‌ربه‌خۆ و دوور له‌حزب و ده‌سه‌ڵات ، که‌ده‌کرێت تاڕاده‌یه‌ک خۆى له‌چوارچێوه‌ى تیۆرى ئازاد دا ببینێته‌وه‌، که‌ده‌وترا سه‌رچاوه‌ى داهات و کارکردنى سه‌ربه‌خۆى هه‌یه‌ و دووره‌ له‌حزبه‌و کارده‌کات بۆ خزمه‌تکردنى ره‌وتى رۆژنامه‌گه‌رى کوردى، که‌تاراده‌یه‌ک ده‌ستپێک بوو له‌و جۆره‌ کارکردنه‌ى رۆژنامه‌وانیى له‌و سه‌رده‌مه‌دا و دواتر و له‌ساڵانى دواتردا ئه‌م جۆره‌ له‌ رۆژنامه‌گه‌رى و کارکردنه‌ زیادیکرد و جێگه‌ى دیارى هه‌بوو له‌رژنامه‌گه‌رى کوردى ،تاده‌رکه‌وتنى چه‌ندین رۆژنامه‌و رادیۆو که‌ناڵى ته‌له‌فزیۆنى سه‌ربه‌خۆ ،له‌هه‌مانکاتدا راگه‌یاندنى حزبى له‌پێشچوون و زیادبووندا به‌رده‌وامى هه‌بووه‌  .

دواتریش له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌ جۆرێکى تر له‌کارى رۆژنامه‌وانى سه‌ریهه‌ڵدا که‌خۆى له‌راگه‌یاندنى بازرگانیدا ده‌بینێته‌وه‌ ،به‌شێوه‌یه‌ک ته‌نها ئامانجى به‌ده‌ستهێنانى قازانج و سوود و ره‌واجیدان به‌کاڵاو شمه‌ک و ساغ کردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌کان له‌بازاڕدا بوو،ته‌نها ئامانجى به‌ده‌ستهێنانى ماددیی بوو، راگه‌یاندنى بۆ به‌ژه‌وه‌ندى دامه‌زراوه‌ یان کۆمپانیاکه‌ى خۆى وه‌ک ئامرازێک به‌کار ده‌هێنان و هاورده‌کردنى به‌رهه‌مى بیانى و نمایشکردن و پێشکشه‌ کردنى بۆده‌ستکه‌وتنى قازانج .

به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگاى سه‌رنجه‌ له‌ره‌وتى رۆژنامه‌گه‌رى له‌باشورى کوردستان له‌گه‌ڵ هه‌بوونى ئه‌م هه‌موو جۆره‌ له‌راگه‌یاندنه‌ و سه‌رهه‌ڵدانیان له‌دواى راپه‌رین جۆرێک له‌ راگه‌یاندن سه‌ریهه‌ڵدا که‌ خۆى له‌راگه‌یاندنى حکومى ده‌بینیه‌وه‌ هه‌رله‌ رادیۆ و ته‌له‌فزیۆن، به‌ڵام ماوه‌یه‌کى زۆرى نه‌خایاند و ئه‌ره‌وته‌ش وه‌ستا له‌کاتێکدا پێویست بوو میدیاى نیشتمانى (که‌ناڵى نیشتمانى ) هه‌بێت بۆ خزمه‌تکردنى سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر بنه‌ماى پێکهاته‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى ،که‌له‌چاو میدیاى حزبى زۆر لاواز بوو نه‌یتوانى به‌رده‌وام بێت و هه‌رزوو پاشه‌کشێى کرد، له‌کاتێکدا حکومه‌تى هه‌رێم خاوه‌نى سه‌رمایه‌و دارایى باش بوو که‌ده‌توانرا به‌شێوه‌یه‌ک گه‌شه‌ به‌و میدیایه‌ بدرێت و بتوانێ ده‌نگ و ره‌نگى کۆمه‌ڵگا بێت ،هه‌رچه‌نده‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ که‌ناڵ و ده‌زگاى راگه‌یاندنى حزبى گه‌شه‌ى زیاترى کردو که‌ناڵى حکومى پوکانه‌وه‌ى به‌خۆوه‌ بینى و کۆتایى هات ،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى حکومه‌ت بودجه‌ى حزب و لایه‌نه‌کان ده‌دات ،به‌ڵام نه‌یتوانى درێژه‌ به‌میدیایى حکومى بدات ،ده‌کرا میدیاى نیشتمانى په‌ره‌ى پێبدرێ به‌شێوه‌یه‌ک که‌ راسته‌وخۆ سه‌ر به‌په‌رله‌مان بێت له‌رووى دابینکردنى بودجه‌ى پێویست بۆ ئه‌و میدیایه‌ و دووربخرێته‌وه‌ له‌ده‌ست تێوه‌ردان  و سه‌ربه‌خۆ بێت له‌کارکردن و دارشتنى به‌رنامه‌کانى له‌سه‌ر بنه‌ماى پێکهاته‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى و خزمه‌تکردنى کۆمه‌ڵگاو سه‌رجه‌م چین و توێژه‌کان .

بۆیه‌ له‌ئێستادا و دواى تێپه‌ڕبوونى (121) ساڵ به‌سه‌ر رۆژنامه‌گه‌رى کوردى و (28) ساڵ به‌سه‌ر حوکمڕانى خۆجێى له‌باشورى کوردستان  چه‌ندین جۆرى میدیا به‌دیده‌کرێ هه‌رله‌ میدیاى حزبى ومیدیاى ئازاد و میدیاى سێبه‌ر و میدیاى بازرگانى وته‌نانه‌ت میدیاى تاکه‌که‌سى ،به‌ڵام به‌ده‌رنیه‌ له‌که‌موکورى و پێشێلکارى ،تاراده‌یه‌کیش ئازادى ره‌هاى رۆژنامه‌گه‌رى نه‌گه‌یشتۆته‌ ترۆپک و کێشه‌و به‌ربه‌ستى ده‌ستکه‌وتنى زانیارى و سه‌رچاوه‌ى هه‌واڵ هه‌یه‌،له‌گه‌ڵ بونى یاساى رۆژنامه‌گه‌رى و یاساى ده‌ستکه‌وتنى زانیارى ،رۆژنامه‌نوسان و ده‌زگاکانى راگه‌یاندن دوچارى پێشێلکارى و توندوتیژى و ماف خوران ده‌بنه‌وه‌،تائێستا رۆژنامه‌گه‌رى کورى نه‌یتوانیوه‌ له‌ژێر تیۆرى به‌رپرسیاریه‌تى کۆمه‌ڵایه‌تى خۆى ببینێته‌وه‌ ،له‌ئێستاشدا له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامى ره‌وتى رۆژنامه‌گه‌رى له‌باشورى کوردستان وه‌ک پێویست نیه‌و ناچێته‌ چوارچێوه‌ى هیچ کام له‌ تیۆره‌ زانستیه‌کان و وایکردووه‌ پرۆفێشناڵى میدیا بکه‌وێته‌ ژێر پرسیار و گومانه‌وه‌.  

ئەم وتارە گوزارشتە لە رای نوسەر و جەماوەر نیوز لێی بەرپرس نیە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ