هه‌مواری یاسای هەڵبژاردنی كوردستان، زەرورەتی حەتمیە
15.11.2020

تانیا تاهیر

ئەگەر پێگەی دامەزراوەی پەرلەمان لەسیستەمی دیموكراسی و حوكمڕانی گشت دونیا وەك گرنگترین و پایەدارترین دامەزراوەی شەرعی و یاسایی تەماشا بكرێت بەو حوكمەی كە ئەندامەكانی نوێنەری ڕاستەوخۆی گەلن، ئەوا دەبێت لەم هەرێمی كوردستانە لە پاڵ ئەمانەدا پێگەی پیرۆزیشی هەبێت بەو حوكمەی ئەم دامەزراوەیە جگە لەوەی دەبێت نوێنەرایەتی ڕاستەوخۆی خەڵكی كوردستان بكات، پێناسەی سەروەری و قوربانی دانی نەتەوەیەكە كەژمارەی قوربانیەكانی ئەگەر زیاتر نەبێت كەمتر نیە لە ژمارەی ئەو بلۆكانەشەی باڵەخانەی پەرلەمانی لەسەر بونیاد نراوە، بۆیە ناكرێت و ناشێت ئەم دامەزراوەیە بەهەر هۆكارێك بێت بسپێرین بەكەسانێك لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش نەتوانن پێگەكەی بپارێزن.
گومان لەوەدا نیە ئەوەی پێناسەی فعلی دامەزراوەكان دەكات و لە ژیانی عەمەلیدا بەرجەستەی دەكات ئەو كەسانەن كە ئەوە ئەركە دەگرنە ئەستۆ، بۆ پەرلەمانی كوردستانیش بێگومان ئەوە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستانن دەتوانن پارێزگاری لە پێگەو شكۆی پەرلەمان دەكەن و پێناسەی دەكەن و ڕۆحی پێدەبەخشن بەڵام ئەوەی گرنگە دەبێ‌ بپرسین پەرلەمانتار لەم هەرێمە كێیە؟
بە چ میكانیزم و سیستەمێك پەرلەمانتار هەڵدەبژێرین؟
ئەومەرجانە چین پێویستە لەو كەسەدا هەبێت كە یاسامان بۆ دادەڕێژێت و بڕیاری چارەنوسساز دەدات؟
ئایا ئێمە سەركەوتوبوین لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی گەل؟
ئایا بەم یاسا و سیستەمەی هەیە داهاتووی دەسەڵاتی یاسادانان بە چ ئاقارێكدا دەڕوات؟
بەبڕوای من هەر هێزێكی سیاسی لەم هەرێمە كە خۆی بەخاوەنی ڕاستەقینەی دەنگ و ڕەنگی خەڵكی كوردستان بزانێت و بەرپرسیارانە لە ئاست دەسكەوتە مەزنەكانی گەلەكەمان مامەڵە بكات دەبێت بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارانەدا بڕوات و وەڵامی مەنتقی و دور مەودای هەبێت بۆ ئایندەی سیاسیی و یاسایی هەرێمی كوردستان.
لە ئامانجی بابەتەكەم دورناكەومەوە، ئەگەر تەماشایەكی مادەی بیست و یەكەم لەیاسای ژمارە (15) ی ساڵی 2013 ی یاسای هەمواری حەوتەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1) ی ساڵی 1992 بكەین هەموو ئەومەرجانەی دیاریكردوە كە پێویستە لەو كەسەدا هەبێت كە خۆی كاندید دەكات بۆپەرلەمانی كوردستان واتا دەبێتە پەرلەمانتار، واتا ئەوكەسەی دەبێتە نوێنەری گەل و یاسای بۆدادەنێت و هەڵس و كەوتەكانی ئێمە دیاری دەكات، تاوانە یان تاوان نیە و سزای تاوانەكەشمان چیە، ئەو یاسایەی لەسەر دەستی ئەو دەردەچێت دەبێت دەسەڵاتی دادوەری كاری پێبكات، دەسەڵاتی جێبەجێكردن پابەند بێت و جێبەجێی بكات، دەبێت چاودێری جێبەجێكردنی یاساكان بكات، دەبێت بڕیار لەسەر پرسە چارەنوسسازە نیشتمانی و نەتەوەییەكانەمان بدات.
بە بڕوای من و ئەوەی ئێستاش لەسەر ئەرزی واقع بونی هەیە زۆرینەیان دەرەنجامی ئەومەرجانەیە كە بۆ پەرلەمانتار دانراون كە كارەسات بارترینیان تەنها و تەنها ئاستی خوێندەواری و ئەكادیمی پەرلەمانتار (خوێندنەوە و نوسینە) كە ئەمە هەرگیزاو هەرگیز بۆ سەردەمی ئێستا و بوونی ئەو هەموو پێشكەوتنانەی دونیا و هەرێمی كوردستانیش كە بۆتە خاوەنی سەرمایەیەكی مرۆیی زۆرباش لە كەسانی پسپۆر لەزۆربەی بوارەكان بەتایبەت ئەوانەی بۆیاسادانان گونجاون ناتوانێ‌ وەڵامی داخوازی پێشكەوتنەكان بداتەوە، بەم یاسایەوە ناتوانین پەرلەمانتارێكمان هەبێت كە شارەزاری داڕشتنی یاسا بێت یاخود ئەویاسایەی دەریدەكات بۆگشت زەمانەتی پاراستنی ئەمنی قانونی و ساقامگیری سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری كوردستان بكات، ناتوانێ‌ كوردستانێكی لەمەباشترمان بۆ بونیادبنێ‌ كە من ترسی زۆرم لە خراپتر كردنیەتی.
خاڵی دووەم، لە یاساكە كە كەلای من سەرنج ڕاكێشە ئەوەیە بە پێی ماددەی دووەم دەبێت هەڵبژاردن بەدەنگدانی نهێنی و ڕاستەوخۆ بە پێی سیستەمی لیستی كراوەی سنوور دار (ئەوەی بە نیمچەكراوە ناسراوە) ئەنجام دەدرێت. ئەگەر ئەم دەقە بۆ ووڵاتێكی پێشكەوتوی دیموكراسی سەقامگیر دابڕێژرێت ئەوا دەبێتە مایەی چەسپاندن و جێگریكردن و زامن كردنی سیستەمی دیموكراسی كەچی بە پێچەوانەوە بە دیراسەنەكردنی دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئاستی هۆشیاری دەنگدەر بۆ ئێمە خەریكە پەرلەمان و هەڵبژاردنی پەرلەمان دەبێتە شوێنی یەكلاكردنەوەی هێز و قورسایی عەشیرەت و خێل و تایەفە بەوەی كاندیدی كام خێڵا و عەشیرەت زۆرترین دەنگی هێناوە و زۆرترین نفوزی هەیە واتا زۆرترین هێزی هەیە، ئاخر ئەمە لەكوێی دەوڵەتی یاسا و پرۆسەی دیموكراسیدا یەك دەگرێتەوە كە بێگومان لێرەدا تاوانبار هێزە سیاسیەكانن كە لە پیّناو ژمارەی دەنگەكانیان وەزیفەی ئەسڵی پەرلەمان و پەرلەمانتاریان لە بیركردوە، ئەمە جگە لەوەی لە ڕێگای ئەم سیستەمی نیمچە كراوەیەوە هەوڵیان داوە ئەو كەسانە كاندید بكەن كە دەتوانن بە باشترین شێوە كار لەسەر هەست و سۆزی دەنگدەر بكەن لەوانەش بەنمونە میدیاكار و پیاوانی ئاینی و هونەری و وەرزشی...،
كە من گومانم نیە ئەم چین و توێژە جیاوازانە لە شوێنی خۆیان دەتوانن زیاتر لەوەی لە پەرلەمانن خزمەت بكەن نەك تەنها ژمارەی كورسیەكانی پەرلەمان پڕبكەنەوە و نیسابی دانیشتن تەواو بكەن .
بۆیە بەلەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستیە تاڵانەی ئەمڕۆ هەیە و دەیبینین لە هەرێمی كوردستان و پەرلەمانەكەی و خوێندنەوەمان بۆ ئایندەی سیاسیی و یاسایی هەرێمی كوردستان بەو پەڕی هەستكردنمان بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی، هۆشداری دەدەینە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان بەرلەوەی هەركارێك بكەن هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بكەن ، یاساكە بەجۆرێك ڕێكبخەن بەرەو ئایندەیەكی باشمان بەرێت، كەسانی شیاو بتوانن بگەن ئەم دامەزراوە پیرۆزە و یاری و تاقیكردنەوە لەسەر هەست و سۆزی دەنگدەر نەكرێت و ئەم هەرێمە و ئەزمونەكەی لەڕووی سیاسیشەوە لە كارەساتی نیشتمانی بپارێزن.


ئەم وتارە گوزارشتە لە رای نوسەر و جەماوەر نیوز لێی بەرپرس نیە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ