ئهتوانى لهرێگاى ئیمه‌یڵ و ژماره تهلهفۆنهکانمانهوه په‌یوه‌ندیمان پێوهبکهیت و راوسهرنج وپێشنیارو داواکاریهکانى خۆت بخهیتهروو.
07705066052
تانیا تاهیر
کورته‌یه‌ک له‌سه‌ر سیسته‌می فیدراڵى و جیاوازى له‌گه‌ڵ سیسته‌مى کۆنفیدراڵى کاتێک قسه له‌سه‌ر سیسته‌مى فیدراڵى ده‌که‌ین و خوێندنه‌وه بۆ مێژووه‌که‌ى ده‌بینین که سیسته‌مى فیدراڵى مێژوویه‌کى زۆرکۆنى هه‌یه، که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مى یۆَنانى کۆن (ئیغریقیه‌کان). ئاره‌زووى کۆمه‌ڵگا کۆنه‌کانى یۆنان بۆڕێککه‌وتن و ته‌بایى ، به‌مه‌به‌ستى به‌رگرى گشتى و به‌ره‌و پێش بردنى مه‌سه‌له‌یه‌کى سروشتى یه ، وه گومان له‌وه‌دا نیه که شاره کۆنه‌کانى یۆنان له ئاستێکى شایسته‌دا بوون له‌بوارى شارستانى و پێشکه‌وتنه‌وه ، که له ووڵاته‌که‌یاندا هه‌بووه ، وه له‌م شارانه‌دا هه‌ردوو لایه‌نى تیۆرى و پراکتیکى فیدراڵى ده‌رکه‌وتووه. بۆیه یاساناس خوزیه (joshi)ده‌ڵێ:"سیسته‌مى فیدراڵى بیرۆکه‌یه‌کى زۆر کۆنه ، که ئه‌گه‌رێته‌وه بۆ مێژووى کۆنى یۆنانیه‌کان، وه ئه‌م سیسته‌مه تاڕاده‌یه‌کى زور له دوو سه‌ده‌ى ڕابردوودا بڵاو بۆوه ، واتا سیسته‌مى فیدراڵى ئه‌نجامێکه له ئه‌نجامه‌کانى پێشکه‌وتنى مێژوویى". وه له ((هندستان)) ى کۆنیشدا ، ئه‌م بیرۆکه‌یه زۆر بڵاو بووه . ده‌وڵه‌ته‌که‌یان ، له‌چه‌ند ووڵاتێکى تێکه‌ڵاوى (فیوداڵى – فیدراڵى) یه‌کێتى شار‌و هه‌رێمه‌کان پێکهاتبوو، وه‌ک virat) ،soptajanah، (panehjauanth هه‌روه‌ها د.محه‌مه‌د عومه‌ر مه‌ولوود له کتێبی الفیدرالیه والدیمقراگیه للعراق ده‌ڵێ: له سه‌ده‌ى سیازدهى زایینی‌دا یه‌کگرتوویه‌کى دیکه به‌رپابوو ئه‌ویش یه‌کگرتووى (hanseatic) هانسیاتکى ئه‌ڵمانى بوو ، بۆشاره باکوورهکانى ئه‌ڵمانیا . ئه‌و یه‌کگرتووه به‌هۆى ته‌مه‌ن درێژیه‌وه له ئاستێکى باش‌دا بوو. به ڵام ڕۆڵى ئه‌و یه‌کگرتووه ڕووى له لاوازى و که‌مبوونه‌وه کرد هه‌تا گه‌یشته ئه‌وه‌ى له سه‌ده‌ى حه‌ڤده‌هه‌م نه‌مێنێت، به‌هۆى پاڵه‌په‌ستۆى زلهێزه‌کان و ئه‌و جه‌نگانه‌ى که ڕووبه‌ڕووى بوونه‌وه . به‌ڵام هه‌ندێ له مێژوونووسان و یاساناسان پێیان وایه ، که یه‌که‌م سیسته‌مى فیدراڵى دۆکیومێنتکراو زیاد له ((3200)) سێ هه‌زارو دوو سه‌دساڵ له مه‌وبه‌ر ، له‌نێوان خێڵه‌کانى ئیسرائیل دا هاته دونیاوه. پێده‌چێت ، له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ئه‌م ڕایه وه‌رگیرابێت که‌له (سیسته‌مه ئیسرائیلیه‌کان ) دا، یه‌کێتى قه‌بیله‌کان هه‌بووه، هه‌روه‌ها وه‌سفى فیدراڵى ئیسرائیلین کردووه به ((یه‌کێتى پیرۆز)) ، به‌پیى ئه‌م واتایه ده‌توانین بڵێین یه‌کێتى ئهرکیوس به هه‌مان شێوه‌ى سیسته‌مى فیدراڵى بووه ، به هه‌بوونى به‌رگرى سه‌ربازى و دیینى و یاسایشه‌وه. د.محمدشافعیش باس له مێژووى دروست بوونى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى ده‌کات و ئاماژه به‌بوونى سیسته‌مى فیدراڵى ده‌کات، له سه‌رده‌مى دروست بوونى ئیسلامیشدا ئه‌م سیسته‌مه له‌سه‌رده‌مى ئیسلامیشدا به‌کرده‌وه هه‌بووه ، جگه له‌وه‌ى نێوه‌ندێکى ده‌سه‌ڵاتى ڕامیارى و سوپایى ، ده‌وڵه‌تى یه‌کگرتووى ئیسلامى هه‌بووه. هه‌ر ووڵاتێ له‌ژێر سایه‌ى ده‌وڵه‌تى ئیسلامدا بووبێ ، به فه‌رمانى گه‌وره‌ى موسوڵمانان فهرمانڕوایهکى تایبه‌تیان له نێوه‌نده‌وه بۆ دیاریکردووه ، ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایه‌ش به‌ناوى "جێ‌نشین " ى موسوڵمانانه‌وه ، فه‌رمانڕه‌وایى ووڵاته‌که‌ى کردووه. له باره‌ى سه‌لماندنى بوونى سیسته‌مى فیدراڵى له سه‌رده‌مى ئیسلامدا ، د. حسێن موئنس ده‌ڵێ:"ده‌وڵه‌تێکى فیدراڵییان جێگیر کرد ، که ده‌ستووره ناوه‌ندیه‌که‌ى قورئانى پیرۆزه بوو..."، هه‌ندێک له‌مێژوو نوسانیش ڕایان وایه له کوردستانیشدا هه‌موو ئه‌و میرنشینه بچوک بچوکه فیوداڵیانهى له پێش و له پاش جه‌نگى (چاڵدێران) دامه‌زرابوون ، هه‌رهه‌موویان به‌شێوه‌ى فیدراڵى بوون . ڕه‌نگه ئه‌م بۆچونه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتبێت که میرنشینه کوردیه‌کان به‌شێوه‌ى حکومه‌تى بچوککراوه بون، وه به‌هۆى ئه‌و جه‌مسه‌رگیرییه‌ى له‌دواى شه‌ڕى چاڵدیران هاته‌کایه‌وه ، گه‌لى کوردى له‌ڕووى سیاسیه‌وه دابه‌شکرد به‌سه‌ر عوسمانیه‌کان و صهفهوییهکاندا و نه‌یهێشت کورد ببێته خاوه‌نى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆ و له‌هه‌مان کاتیش‌دا نه‌یانتوانى بیکه‌نه به‌شێکى ڕاسته‌قینه له ده‌وڵه‌تى عوسمانى یان صه‌فه‌وى . هه‌ر بۆیه مێژوونووسى گه‌ورى کورد (عه‌لائه‌دین سه‌جادى) به درێژى باس له میژووى میرنشینه بچوکه فیوداڵیهکانى کورد ده‌کات و ده‌ڵێ : له‌سه‌ده‌ى شانزه‌یه‌مدا ، له ئه‌نجامى ئه‌و شه‌ڕه‌ى که له نێوان فارسه‌کان و عوسمانیه‌کاندا له (1514)ز، له (چاڵدێران) ڕوویدا ، کوردیش که‌وته ناو ئه‌و دوو به‌ره‌کیه‌وه ، بۆیه که‌سێک به‌ناوى (حه‌کیمى به‌دلیسى – مه‌لا ئیدریسى به‌دلیسى) که‌وته مه‌یدانى سیاسه‌ت و توانى ئه‌و (23) بیست و سێ ئه‌ماره‌ته کوردیه‌ى که هه‌بوون ، واتا له دیاربه‌کره‌وه تا موسڵ، بیکات به وێنه‌یه‌کى فیدراڵیى و پاڵى دا به ده‌وڵه‌تى عوسمانیه‌وه . به‌ڵام به بۆچوونى ئێمه، ئه‌گه‌ر به‌راوردێکى وورد بکه‌ین له نێوان تایبه‌تمه‌ندیه‌کانى سیسته‌مى فیدراڵى و ئه‌و ڕێکخستنه‌ى که ئه‌ماره‌ته کوردیه‌کانى کۆکردبۆوه، ناتوانین وه‌سفى فیدراڵى بده‌ینه پاڵ ئه‌و (23) ئه‌ماره‌ته، چونکه جیاوازى زۆر هه‌یه له شێوه‌و پێکهاتنى ئه‌و ئهمارهتانهو چۆنیه‌تى ڕێکخستنیان له پاڵ ده‌وڵه‌تى عوسمانی‌دا، له به‌رامبه‌ر سیسته‌مى فیدراڵیدا. جگه له‌مه‌ش دروستبوونى ده‌وڵه‌تى فیدراڵى به بڕیارێکى سیاسى یاخود بڕیارێکى تاکه‌که‌سى دروست نه‌بووه، به‌ڵکو له ئه‌نجامى گه‌شه‌سه‌ندن و پێشکه‌وتنى مێژووى ووڵاتان دروستبووه که درهنجامهکهشى ده‌بێته ده‌ستورێکى فیدراڵى . رووداوه مێژوویــیه‌کان بۆیان دهرخســـتین که ده‌وڵه‌تى فیدراڵ له کۆنــهوه بوونى هه‌بووه ، به‌ڵام ئــه‌و فیدراڵیه‌ته‌ى ئێمه باسى ده‌که‌ین بهشـــێوهیهکى یاسایى و ڕامیارى ڕێکخراو له سه‌رده‌مى ئهمــڕۆدا ، ( ده‌گــه‌ڕێته‌وه بۆ بهســـــتنى کۆنگره‌ى فلادلفیا له‌ساڵى (1787) ز ، که له ووڵاته یه کگرتووهکانى ئه‌مــــریکا بهســـتراوه ) . پاش شۆڕشى ئه‌مریکى ویلایه‌ته سه‌ربه‌خۆ نوێکان له‌ساڵى (1781) ز، دا کۆنفیدراڵیزمێکیان پێکهێنا، به‌ڵام که‌م و کورتیه‌کانى بووه هۆى گۆڕان و دوایى بووه هۆى مۆرکردنى په‌یماننامه‌ى فلادلفیا . وه ئه‌نجومه‌نێکیان پێکهێنا ، به‌ناوى ( ئه‌نجومه‌نى بنیاتنان ) که هه‌ستا به دانانى ده‌ستوور، (دیڤیدبوند هایمه‌ر) ده‌ڵێ : یه‌کێک له‌و کێشانه‌ى ڕووبه‌ڕووى کۆنگره ده‌ستووریه‌که بویه‌وه ،ئه‌وه بوو ، چۆن سنوورێک بۆ دهسهڵایى حکومه‌تى ناوه‌ندى دابنرێت وه له هه‌مان کاتیش‌دا ده‌سه‌ڵاتى پێبدرێت که بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندى نه‌ته‌وه‌یى پێویست بێت ، بۆیه دابه‌شکردنى ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر دوو ئاستى حکومه‌ت، حکومه‌تى نیشتمانى و حکومه‌تى ویلایه‌ته‌کان پێشنیاز کرا. ئه‌مه‌ش وایکرد، که بیرۆکه‌ى یه‌که‌مین ده‌ستوورى فیدراڵى دابنرێت و هه‌موو خاسیه‌ته یاساییه‌کانى سیسته‌مى فیدراڵیشى تیا ده‌رکه‌وت. دوایى سه‌رکه‌وتنى سیسته‌مى فیدراڵى له ووڵاته یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا زۆربه‌ى ووڵاتانى دونیا سوودیان له‌م جۆره فیدراڵیه‌ته‌ى ئه‌مریکا وه‌رگرت ، تا ڕاده‌یه‌کى زۆر ئه‌توانین بڵێین لاسایى ئه‌زموونى ئه‌مریکایان کرده‌وه . چهمــــــکى فیـــــدراڵــى . دوو زاراوه له‌م بواره دا هه‌ن که زۆر به‌کاردێن ، ئه‌وانیش فیدراڵیه‌ت (federalism)و به فیدراڵى بوون یاخود یه‌کگرتووى فیدراڵى (federation) ، زاراوه‌ى فیدراڵیه‌ت ( فیدڕڵیزم –federalism ) له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌ووشه‌ى(foedus)ى لاتینى یه‌وه ، وه‌رگیراوه . واتا په‌یماننامه یان ڕێککه‌وتن ده‌گه‌یه‌نێ، که ئه‌م ووشه‌یه لایه‌نى فه‌لسه‌فى و ئایدۆلۆجیه‌که‌ى ده‌گرێته‌وه ، کهمهبهستیش له‌م ووشه‌یه برهنسیپى فیدراڵیه. وه له ئه‌نسکلۆپیدیاى زانسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیش ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه کردووه که ووشه‌ى (federation) چوار ماناى ته‌م و مژاوى هه‌یه ، که بریتین له:- "هاوپه‌یمانیه تى .(Alliance) کۆمه‌ڵه (League).کۆنفدراسیۆن ( (Confederation . یه‌کێتى – فیدراڵ federation) ) "، وه یاساناس (مارسیل.بریلۆ) پێناسه‌ى ده‌وڵه‌تى فیدراڵى کردووه، که (یه‌کێتى نێوان ده‌وڵه‌تانه، ملکه‌چى به‌شى (جزئى) یه‌ک ده‌سه‌ڵاتى ناوه‌ندین له ده‌وڵه‌تى فیدراڵ‌دا، وه پارێزگارى له به‌شێک له سه‌ربه‌خۆیى ده‌ستوورى و کارگێڕى و دادوه‌رى خۆیان ده‌که‌ن) هه‌روه‌ها له کتێبى (النڤریه العامه فی القانون الدستوری و النڤام الدستوری فی العراق) پێناسه‌ى سیسته‌مى فیدراڵى کردووه که (یه‌کێتى ناوه‌ندیه، له نێوان چه‌ند ده‌وڵه‌تێک، هه‌ر یه‌ک له ده‌وڵه‌ته‌کان به گوێره‌ى ده‌ستوورى فیدراڵى واز له به‌شێک له ده‌سه‌ڵاتى ناوخۆیى و سه‌روه‌رى ده‌ره‌کى خۆیان ده‌هێنن بۆ که‌سێتیه‌کى یاسایى نوێ، به ناوى ده‌وڵه‌تى فیدراڵى. ڕێگاکانى دروست بوونى ده‌وڵه‌تى فیدراڵ، به‌شێوه‌یه‌کى گشتى، ده‌وڵه‌تى فیدراڵى به دوو ڕێگا دروست ده‌بێت : - یه‌که‌م : یه‌کێتى به پێکه‌وه نوسان (الچم) . چه‌ند ده‌وڵه‌تێکى سه‌ربه‌خۆ یه‌کده‌گرن، یاخود ده‌چنه ناو یه‌کترى، یه‌ک ده‌وڵه‌ت، که‌له هه‌موو ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه‌کان به‌رزتره، داده‌مه‌زرێنن . وه ئه‌مه‌ش ڕێچکه‌یه‌کى ئاساییه و زۆر کارى پێکراوه بۆ دروستبوونى ده‌وڵه‌تى فیدراڵ. نمونه‌ى ئه‌م جۆره ده‌وڵه‌ته فیدراڵیانهش : ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا و یه‌کێتى سویسرا و که‌نه‌دا و ئوسترالیا و ئه‌ڵمانیا و یه‌کێتى باشوورى ئه‌فریقا. دووه‌م : یه‌کێتى به هه‌ڵوه‌شانه‌وه (التفکک) . هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تێکى یه‌کگرتووى ساده (البسیگ) یه ، بۆ چه‌ند ده‌وڵه‌تێک، پاشان به ویست و ئاره‌زووى خۆیان یه‌کده‌گرنه‌وه، له چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌تێک به ناوى ده‌وڵه‌تى فیدراڵ. ڕێچکه‌ى دروست بوونى ده‌وڵه‌تى عێراقى فیدراڵیش به‌م شێوازه‌یه، هه‌رچه‌نده ئه‌مڕۆ له یه‌ک هه‌رێم پێکهاتووه، ئه‌ویش ( هه‌رێمى کوردستان)ه. وه به‌لجیکا و هند و به‌رازیلیش به هه‌مان ڕێگا دروست بوون . لێره‌دا ده‌کرێت بڵێین هه‌روه‌ک چۆن ئه‌م دوو ڕێگایه بۆ دروست بوونى ده‌وڵه‌تى فیدراڵ هه‌یه و گونجاوه، به هه‌مان شێوه‌ش بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و له ناوچوونى ده‌وڵه‌تى فیدراڵ ، ئه‌م دوو ڕێگایه دروسته‌و گونجاوه . ده‌کرێت ده‌وڵه‌تى فیدراڵى له ناو بچێت، به ڕێگاى پێکهوهنووسانى (الچم) هه‌رێمه‌کان له چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌تێکى ساده‌ى یه‌کگرتوودا، وه‌ک : لیبیا له ساڵى 1963 له ده‌وڵه‌تى فیدراڵییه‌وه گۆڕا بۆ ده‌وڵه‌تى ساده. به هه‌مان شێوه‌ش به ڕێگاى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى (التفکک) ده‌وڵه‌تى فیدراڵى و نه‌مانى په‌یوه‌ندى له نێوان هه‌رێمه‌کان و ناوه‌نددا ، ده‌وڵه‌تى فیدراڵ له ناو ده‌چێت و هه‌ریه‌ک له هه‌رێمه‌کان ده‌بێت به ده‌وڵه‌تێکى ساده‌ى سه‌ربه‌خۆ وه‌ک له ساڵى 1991دا، یه‌کێتى سۆڤیه‌ت هه‌ڵوه‌شایه‌وه بۆ پانزه ده‌وڵه‌ت . هه‌ندێکیان به شێوه‌ى ده‌وڵه‌تى ساده‌ى یه‌کگرتوو دروست بوونه‌وه ، وه‌ک : ئۆکرانیا و استونیا و ارمینیا و اوزبگستان. تایبه‌تمه‌ندیه‌کانى سیسته‌مى فیدراڵى. یه‌که‌م: له‌سه‌ر ئاستى نێو خۆیی. 1/ ده‌ستوور: ده‌بێت ده‌ستوورى ده‌وڵه‌تى فیدراڵ به‌رزترین یاسابێت له‌ووڵات، وه پێویسته ئه‌و ده‌ستووره نوسراو و وشک (جامد) بێت، هه‌تا سنورى ده‌سه‌ڵاتى هه‌ردوو حکومه‌تى ناوه‌ندى و هه‌رێمه‌کانیش به‌ڕونى دیاربێت وه‌نه توانرێت به‌ئاسانى هه‌موار بکرێت له‌لایه‌ن یه‌ک له‌لایه‌نه‌کانه‌وه به‌ته‌نیا. وه‌هه‌ر هه‌رێمێکیش له‌پاڵ ئه‌م ده‌ستووره‌دا ، ده‌ستوورى تایبه‌ت بهههرێمهکهى خۆى هه‌یه، به‌مه‌رجێک بڕگه‌کانى ناکۆک نه‌بێت له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆکى ده‌ستوورى فیدراڵى دا.به‌ڵام هه‌رچى چۆنیه‌تى دابه‌شکردنى تایبهتکاریهکاندا له‌نێوان حکومه‌تى فیدراڵی و هه‌رێمه‌کاندا به‌جێ ده‌هێڵرێت بۆ ده‌ستوورى فیدراڵی. 2/دوانه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کان: ده‌وڵه‌تى فیدراڵى خاوه‌نى هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌کانى (یاسا دانان و جێ به‌جێ کردن و دادوه‌رى) یه ، وه هه‌رێمه‌کانیش به‌جیاو سه‌ربه‌خۆ له‌و سێ ده‌سه‌ڵاته‌ى ده‌وڵه‌تى فیدراڵى خۆیان خاوه‌نى هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاتى (یاسادانان و جێ به‌جێ کردن و دادوه‌رین). "بێجگه له کامیرۆن" . ئه‌وانیش به‌م شێوه‌یه‌ن:- أ/ ده‌سه‌ڵاتى یاسا دانان: ئه‌م ده‌سه‌ڵاته گرنگی دانانى یاساکانى هه‌یه له‌ده‌وڵه‌تى فیدراڵیدا به‌ته‌واوى، وه تێبینى ئه‌وه ده‌که‌ین، که ده‌سه‌ڵاتى یاسادانان له‌ده‌وڵه‌تى فیدراڵیدا دابه‌ش ده‌بێت بۆ دوو ئه‌نجوومه‌ن،یه‌که‌میان ( ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران)ه، که نوێنه‌رایه‌تى سه‌رجه‌م هاووڵاتیانى ده‌وڵه‌تى فیدراڵ ده‌کات له‌هه‌موو هه‌رێمه‌کان و هه‌ر هه‌رێمه‌ى به‌ڕێژه‌ى دانیشتوان و ئاستى ده‌نگده‌ران نوێنه‌رى تیادا ده‌بێت، وه دووه‌میان (ئه‌نجومه‌نى هه‌رێمه‌کان)ه ، که مه‌به‌ست له‌بوونى ئه‌م ئه‌نجومه‌نه له‌ده‌وڵه‌تى فیدراڵیدا به‌شداریکردنى هه‌رێمه‌کانه له‌ویستى باڵای ده‌وڵه‌ت دا. ب/ ده‌سه‌ڵاتى جێ به‌جێ کردن: ده‌سه‌ڵاتى جێ به‌جێ کردن له‌ده‌وڵه‌تى فیدراڵی دا دوانه‌یی یه، واتا ده‌سه‌ڵاتى جێ به‌جێ کردنى ده‌وڵه‌تى فیدراڵ له‌لایه‌ک و ده‌سه‌ڵاتى جێ به‌جێ کردنى هه‌رێمه‌کان له‌لایه‌کى تر، (به‌پێی شێوه‌ى سیسته‌مى فه‌رمانڕه‌وایی ، له ده‌وڵه‌ته جیاوازه‌کانى جیهان و برواى ئه‌و ده‌وڵه‌تانه، بهپرنسیپى جیاکردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کان ده‌گۆڕێ). ج/ ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى : هه‌روه‌ک هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتى یاسا دانان و جێ به‌جێ کردن، هه‌رێمه‌کان له‌ده‌وڵه‌تى فیدراڵیدا، له‌پاڵ بوونى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى ده‌وڵه‌تى فیدراڵ، خاوه‌نى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى سه‌ربه‌خۆیی خۆیانن. له ده‌وڵه‌ته فیدراڵیه‌کان پێکهاته‌ى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى جیاوازه ، به‌ڵام له‌هه‌مووى گرنگتر بوونى دادگاى ده‌ستوورى یان دادگاى باڵای فیدراڵی یه. که یه‌کێک له‌گرنگترین تایبهتکاریهکانى چاودێرى کردنى ده‌ستوورى بوونى یاساکانه. 3/ شه‌ڕ ( جه‌نگ). هه‌رشه‌ڕێک له‌نێوان ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه‌کانى ده‌وڵه‌تى فیدراڵى دا ، ڕووده‌دات . به‌شه‌ڕی ناوخۆیی یاخود (ئه‌هلى) دا ده‌نرێت، نه‌ک به‌شه‌ڕی نێو ده‌وڵه‌تى، هه‌ربۆیه چارهسهیرى ناکۆکیه‌کانیش به گوێره‌ى ده‌ستوورى ده‌وڵه‌تى فیدراڵیه‌که ده‌بێت، نه‌ک به‌گوێره‌ى یاساى گشتى نێوده‌وڵه‌تى (القانون الدولى العام)، چونکه ، ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه‌کان سه‌روه‌رى ده‌ره‌کى خۆیان له‌ده‌ست داوه ، ته‌نها خاوه‌نى سه‌روه‌رى ناوخۆیین. 4/ سه‌رۆکى ده‌وڵه‌تى فیدراڵ، له‌گه‌ڵ دوانه‌یى ده‌سه‌ڵاته‌کاندا ، که ده‌وڵه‌تى فیدراڵیدا، ده‌وڵه‌تى فیدراڵ خاوه‌نى یه‌ک سه‌رۆکى ده‌وڵه‌ته که ئه‌ویش یان به‌شێوه‌یه‌کى ڕاسته‌وخۆ هه‌ڵده‌بژێردرێت وه‌ک مه‌کسیک و به‌رازیل و نه‌مسا یاخود ناراسته‌وخۆ، به‌دوو قۆناغ: له‌قۆناغى یه‌که‌م نوێنه‌ره‌کان (مندوبین) هه‌ڵده‌بژێردرێت له‌لایه‌ن گه‌له‌وه، وه له‌قۆناغى دووه‌م سه‌رۆک له‌لایه‌ن نوێنه‌ره‌کانه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێت. وه‌ک لهویلایهتهیهکگرتووهکانى ئه‌مریکا و ئه‌رجه‌نتین پێڕه‌و ده‌کرێت وه‌له عێراقى فیدراڵیشدا به‌م دوو قۆناغه سه‌رۆک کۆمارى عێراقى فیدراڵ هه‌ڵده‌بژێردرێت. دووه‌م: له‌سه‌رئاستى نێوده‌وڵه‌تى. 1/ خاوه‌نى یه‌ک که‌سایه‌تى یاسایى نێوده‌وڵه‌تییه. به‌شێکى زۆرى یاسا ناسان پێیان وایه له‌ده‌وڵه‌تى فیدراڵی دا واز له‌سه‌روه‌رى ده‌ره‌کى خۆیان ده‌هێنن بۆ دروست کردنى که‌سایه‌تیه‌کى نوێ، که که‌سایه‌تیه‌کى هاوبه‌شه له‌نێوانیاندا به‌ناوى (ده‌وڵه‌تى فیدراڵی)، ئه‌مه ماناى ئه‌وه‌یه که ده‌وڵه‌تى فیدراڵی خۆى به‌ته‌نیا له‌ڕوو به‌ڕووبوونه‌وه‌ى دونیاى ده‌ره‌وه دا ده‌رده‌که‌وێت ، به‌م واتایه‌ش ته‌نیا ده‌وڵه‌تى فیدراڵ تواناى جاڕدانى جه‌نگ و گرێ به‌ستى ئاشتى و به‌ستنى په‌یماننامه‌ى هه‌یه. 2/ بهیهکبوونى وڵاتنامه (الجنسیه). هه‌موو هاوڵاتیانى یه‌کگرتووی فیدراڵی له‌ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه جیاجیاکانیشدا یه‌ک وڵاتنامه‌یان هه‌یه، وڵاتنامه‌ى دهوڵهتهفیدراڵهکه ده‌بێت ئه‌ویش به‌م پێیه ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ى که ته‌نها ده‌وڵه‌تى فیدراڵی مافى نوێنه‌رایه‌تى سیاسى و دبلۆماسى و چوونه ناو ڕێکخراوه نێو نه‌ته‌وه‌ییه‌کانى هه‌یه وه‌ک ده‌وڵه‌ت نه‌ک هه‌رێمه‌کان. بۆ نمونه له ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ بونى چه‌ندین ویلایه‌ت، یه‌ک وڵاتنامه‌ى ئه‌مریکیان هه‌یه بۆ هه‌مووى. 3/ یه‌ک ئاڵا‌و یه‌ک دراو. ده‌وڵه‌تى فیدراڵى خاوه‌نى ئاڵایه‌کى خۆیه‌تى، که ده‌ربڕی ویستى هه‌موو هه‌رێمه پێکهێنه‌ره کانیهتى، هه‌روه‌ها ده‌بێت خاوه‌نى یه‌ک دراوى گشتى ناوه‌ندى بێت.له‌م ڕووه‌شه‌وه ده‌بێت که ده‌وڵه‌تى فیدراڵ له ده‌ره‌وه، وه‌ک یه‌ک ده‌وڵه‌ت سه‌یر ده‌کرێت به‌بێ سه‌یر کردنى دابه‌شکردنه هه‌رێمى یه ناوخۆییه‌کان بۆ چه‌ند هه‌رێمێک یان ولایه‌تێک. جیاوازى نێوان ده‌وڵه‌تى فیدراڵی وده‌وڵه‌تى کونفدراڵى ده‌وڵه‌تى کۆنفدراڵى واتاى یه‌کێتى نێوان دوو ده‌وڵه‌ت یان زیاتر، به‌ده‌ست تێوه‌ردانى (تدخل) یه‌کترى له ڕێکهوتنامهیهکدا، به مه‌به‌ستى یه‌کخستنى (توحید) تواناى سیاسى یان ئابوورى یان کۆمه‌ڵایه‌تى یان سه‌ربازى، بۆ هێنانه‌دى به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌ش ، وه به‌مه‌به‌ستى هاوکارى نێوانیان و پاراستنى سه‌به‌خۆییان وه به‌رگرى له‌شه‌ڕى نێوانیان، بۆیه ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر پلانى پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندى یه هاوبه‌شه‌کانیان، له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى. بۆ نموونه یه‌کێتى نێوان (13) ویلایه‌ته‌که‌ى ئه‌مه‌ریکا له ساڵى (1776-1787) و یه‌کێتى کۆنفدراڵی سویسرا ، وه گرنگترین خاڵه جیاوازه‌کانى نێوان ده‌وڵه‌تى فیدراڵى و کۆنفدراڵى له‌مانه‌دا ده‌رده‌که‌وێت:- یه‌که‌م: یه‌کێتى کونفدراڵى دروست ئه‌بێت به‌گوێره‌ى ڕێکه‌وتنێک له‌نێوان دوو ده‌وڵه‌ت یان زیاتر به گوێره‌ى په‌یماننامه‌یه‌کى نێو ده‌وڵه‌تى له‌گه‌ڵ پاراستنى سه‌ربه‌خۆی ده‌ره‌کى و سه‌روه‌رى ناوخۆیی هه‌ریه‌ک له‌ده‌وڵه‌ته‌کان. له‌پێناوى گه‌شه‌کردن و گه‌یشتن به‌هه‌ندێ ئامانجى دیاریکراو له‌سه‌ر بنه‌ماى یه‌کسانى به‌ڵام ده‌وڵه‌تى فیدراڵى له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێکه‌وتن له‌سه‌ر دانانى ده‌ستوورى فیدراڵی دروست ئه‌بێت. دووه‌م: له‌به‌ر ئه‌وه‌ى یه‌کێتى کۆنفدراڵى به‌پێی په‌یماننامه‌یه‌ک پێک دێت بهسیستهمێکى نێوده‌وڵه‌تى داده‌نرێت و ده‌که‌وێته ناوچوارچێوهى یاسای گشتى نێوده‌وڵه‌تیه‌وه، به‌ڵام یه‌کێتى فیدراڵی به‌پێی ده‌ستورێک پێک دێت، ئه‌مه‌ش واده‌کات به سیسته‌مێکى ناوخۆیی دابنرێ و ده‌که‌وێته چوارچێوه‌ى یاساى گشتى ناوخۆیی یه‌وه. سێ یه‌م: ناوه‌ڕۆکى ئه‌و ڕێکهوتنهى که کۆنفدراڵی له‌سه‌رى دامه‌زراوه هه‌موار ناکرێت ، ته‌نیا به‌ڕه‌زامه‌ندى سه‌رجه‌م ده‌وڵه‌تانى ئه‌ندام نه‌بێت، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه له ده‌وڵه‌تى فیدراڵی دا به‌پێی ڕێ و شوێنه یاساییه‌کان ده‌کرێت ده‌ستوورى فیدراڵی هه‌موار بکرێت له‌گه‌ڵ بوونى ناڕه‌زایی هه‌رێم (له‌زۆربه‌ی نمونه‌کاندا) ، به‌بێ ئه‌وه‌ى هه‌رێمه‌کان مافى جیابونه‌وه‌یان هه‌بێت. به‌ڵام ئه‌م مافى جیابوونه‌وه‌یه ڕه‌هانیه، به‌ڵکو ده‌کرێت هه‌رێمه‌کان ئه‌و مافه‌یان هه‌بێت وه‌ک له‌ده‌ستورى یه‌کێتى سۆڤیه‌ت که له مادده‌ى (17)دا ئاماژه‌ى بۆ کردووه. چواره‌م: له‌یه‌کێتى کۆنفدراڵی دا، هه‌ریه‌ک له‌ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه‌کان پارێزگارى له‌ته‌واوى سه‌روه‌رى ده‌ره‌کى و سه‌روه‌رى ناوه‌وه‌ى خۆیان ده‌که‌ن.به‌ڵام له‌یه‌کێتى فیدراڵیدا ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه‌کان واز له سه‌روه‌رى ده‌ره‌کى و به‌شێک له‌ده‌سه‌ڵاتى ناوخۆیش ده‌هێنن بۆ ده‌وڵه‌تى فیدراڵ. پێنجه‌م: یه‌کێتى کۆنفدراڵى ده‌وڵه‌تێکى نوێ دروست ناکات، به‌ڵام په‌یوه‌ندیه‌کى نوێ دروست ده‌بێت له‌نێوان ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه‌کاندا، هه‌ربۆیه له‌یه‌کێتى کۆنفدراڵی دا هه‌ریه‌ک له‌ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه‌کان خاوه‌نى ئاڵاى تایبه‌ت به‌خۆیه‌تى و هه‌ریه‌که‌شیان دراوى تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه. هه‌رچى یه‌کێتى فیدراڵى یه ده‌بێته هۆى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تێکى نوێ به‌ناوى ده‌وڵه‌تى فیدراڵی ، وه ده‌وڵه‌تی فیدراڵ ئاڵاى فیدراڵی هه‌ڵده‌کات، هه‌ر هه‌رێمێکیش ئاڵایه‌کى تایبه‌ت به‌خۆى له‌پاڵ ئاڵاى فیدراڵیدا هه‌ڵده‌کات، وه خاوه‌نى یه‌ک دراوى ناوه‌ندیشه . شه‌شه‌م: هه‌ریه‌ک له ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه‌کانى ناویه‌کێتى کۆنفدراڵی وڵاتنامه‌ى تایبه‌تى خۆیان هه‌یه‌و ده‌وڵه‌تێک بێگانه‌یه به‌نسبه‌ت خه‌ڵکى ده‌وڵه‌تێکى تر، سه‌ربه‌خۆیه له‌وانتر، په‌یوه‌ندى نێوانیشیان به‌پێی یاساى (القانون الاجانب) دیارى کراوه و خه‌ڵکى هه‌ر به‌ڵام هه‌موو خه‌ڵکى ناو ده‌وڵه‌تانى یه‌کێتى فیدراڵ یه‌ک وڵاتنامه‌یان هه‌یه، بازێد و جێگه‌ى دانیشتنیشیان لێک جودا بێت. حه‌وته‌م: هه‌رجه‌نگێک که ڕووبدات له‌نێوان ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه‌کانى ناویه‌کێتى کۆنفدراڵى به‌جه‌نگى نێوده‌وڵه‌تى داده‌نرێت نه‌ک به جه‌نگى ناوخۆی، له‌کاتێکدا ئهوشهڕهى که له‌نێوان دوو ده‌وڵه‌تى ئه‌ندام له‌یه‌کێتى فیدراڵیدا ڕووده‌دات به‌شه‌ڕى ناوخۆیی یان براکوژى (ئه‌هلى- Civilwar) داده‌نرێ. هه‌شته‌م: له‌مه‌ڕ ئه‌و ناکۆکیانه‌ى که له‌نێوان ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه‌کانى یه‌کێتى کۆنفدراڵى ڕووده‌دات، دادگایه‌کى باڵانیه بۆ سه‌یرکردن و بڕیاردان، به‌ڵکو به‌ڕێگایه‌کى ئاشتیانه هه‌وڵ ده‌درێت چاره‌سه‌رى ناکۆکیه‌که بکرێت ، به‌گوێره‌ى به‌ڵگه‌نامه‌ى یه‌کێتى یه‌که و له‌به‌ر ڕۆشنایی یاساى نێوده‌وڵه‌تى گشتى. به‌ڵام له‌ده‌وڵه‌تى فیدراڵیدا دادگاى باڵاى فیدراڵ هه‌یه بۆ چاره‌سه‌رکردنى هه‌رناکۆکیه‌ک که له‌نێوان هه‌رێمه‌کانى ده‌وڵه‌تى فیدراڵ‌دا ڕووده‌دات ، هه‌روه‌ک له ده‌قى مادده‌ى 93 ى ده‌ستورى هه‌میشه‌یی عێراقیدا له‌بڕگه‌ى 4 و 5 ئاماژه‌ى بۆ کراوه.
ئەم وتارە گوزارشتە لە رای نوسەر و جەماوەر نیوز لێی بەرپرس نیە
ئهتوانى لهرێگاى ئیمه‌یڵ و ژماره تهلهفۆنهکانمانهوه په‌یوه‌ندیمان پێوهبکهیت و راوسهرنج وپێشنیارو داواکاریهکانى خۆت بخهیتهروو.
07705066052