شۆرتێكی كاره‌با هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم ڕاده‌گرێت

19.01.2022
جەماوەر نیوز
کۆمپانیای بۆتاش کە کۆمپانیای سەرەکی بۆرییەکانی تورکیایە، بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەندەری جەیهان داخستووە دوای ئەوەی تەقینەوەیەک لە نزیک پارێزگای کاهرەمانمارس روویداوە.
کۆمپانیای بۆتاش لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، دوای تەقینەوەکە ئاگر کەوتووەتەوە ستافی ئاگرکوژێنەوە بەرێکراون بۆ شوێنی تەقینەوەکە بۆ ئەوەی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.
تەقینەوەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان کە درێژاییەکەی 511 کیلۆمتەرە دوایین رووداوە لە پچڕانی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان و نرخەکانی نەوتی بەرزکردەوە بۆ نزیکەی 90 دۆلار.
بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان نەوتی بەرهەمهاتوو لە هەرێمی کوردستان و بەشێک لە نەوتی کەرکووکیش کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت دەگوازێتەوە.
لەڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە مانگانە نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت.
وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان راگەیاند، راپۆرتە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە تەقینەوەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان لە دیوی تورکیا بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە نەک "کاری تیرۆریستی". 
لەبارەی ئەوەی کە کاریگەریی دەبێت لەسەر هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا؟ کەمال ئەترووشی، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان راگەیاند "بۆرییەکی دیکەی یەدەگ هەیە و لەڕێگەی ئەو بۆرییەوە نەوت رەوانەی تورکیا دەکرێت و کاریگەریی نابێت."
کەمال ئەتروشی راشیگەیاند، رووداوەکە شەوی رابردوو روویداوە و قەبارەی ئەو بۆرییەی تەقیوەتەوە 40 ئینجە.
وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەدات کە "تەقینەوەی بۆرییەکە کاریگەری گەورەی نابێت لەسەر هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، هەناردەی نەوت تەنیا بەشێوەی کاتی رادەگیرێت و بەزووترین کات دەست بە هەناردەکردن دەکەینەوە، بۆرییەکی دیکەی 46 ئینجی تورکیا لەتەنیشت بۆری کوردستانە و تاوەکو چاککردنەوەی بۆری نەوتی کوردستان بۆرییەکەی تورکیا بەکاردەهێنین."