دوو ملیۆن مین هه‌ڕه‌شه‌ له‌ خه‌ڵكی هه‌رێم ده‌كات

19.01.2022
جەماوەر نیوز
دوای نزیکەی تێپەڕبوونی نیو سەدە، هێشتا ژمارەیەکی زۆری مین لە خاکی هەرێمی کوردستاندا هەیە و رۆژانەش تیمەکانی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە کوردستان سەرقاڵی پاککردنەوەی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، بەگوتەی سەرۆکی دەزگاکەش، نزیکەی حەفت ملیۆن مین لە هەرێمی کوردستان هەبووە و لەئێستاشدا، دوو ملیۆن مین ماوە و نزیکەی پێنج ملیۆنیش دەرهێنراوە.
سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە کوردستان، جەبار مستەفا لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت "مێژووی مین لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی شەستەکان (سەدەی رابردوو)، واتا لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلوولەوە تا دەگاتە ساڵی ٢٠٠٣ لە هەموو دونیا دوو جۆر مین هەیە، یەکەمیان دژەکەسی و دووەمیان دژەتانکە، ئەو جۆرەی لە هەرێمی کوردستان چێنراون، سەدا ٩٥ی جۆری دژەکەسییە هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە ئەو مینانە دژبە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دانراوەتەوە و هێزی پێشمەرگەش تانکی نەبووە تا جۆری دژەتانکی بۆ دابنرێتەوە، بەگشتی ئامارێک هەیە کە لە ساڵی ٢٠٠٤ ئەنجامدراوە و دەڵێت ٢٠ ملیۆن مین لە سەرانسەری عێراق هەیە و لەو ژمارەیەش، حەفت ملیۆن مین دەکەوێتە هەرێمی کوردستان".
جەبار مستەفا گوتیشی: "ئەوەی کە تا ئێستا پاککراوەتەوە دەتوانین بڵێین سەرووی سەدا ٦٥ی ئەو مینانە دەرهێنراون و پێشبینی دەکەین، دوو ملیۆن مین لە هەرێمی کوردستان بە کۆی کێڵگەمینییەکانەوە مابێت".
لەبارەی ئەو رووبەرەی کە بە چێندراوی مین پیسبووە و مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان هەیە، جەبار مستەفا گوتی: "ئاماری سەرەکی بە شەڕگە و کێڵگەی مین، ٧٧٦ کیلۆمەتری چوارگۆشە بووە، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٢ و دروستبوونی حکوومەتی هەرێم، کارکردنی رێکخراوەکان و بە هەوڵ تێکۆشانی حکوومەت لە چوارچێوەی کارەکانی دەزگای گشتیی کاروباری مین، توانراوە رێژەیەکی زۆر باش پاککبکرێتەوە و ئێستا ٢٥٥ هەزار کیلکۆمەتری چوارگۆشەی پیسبوو بە مین ماوەتەوە".
سەبارەت بە ژمارەی ئەو کارمەندانەی کە بەهۆی مینەوە بوونەتە قوربانی و کەمئەندام بوون و ژمارەی ئێستای کارمەند و تیمەکانی هەڵگرتنەوەی مین لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین، جەبار مستەفا گوتی: "لە ساڵی ١٩٩٢ تا ئیستا ٣٦ کارمەندمان لەکاتی کارکردن گیانیان لەدەستداوە و ١٤ کارمەندیش لە ئەنجامی هاتوچۆ بۆسەر گێڵگەکانی مین بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لەئێستادا نزیکەی ٦٠٠ کارمەندی ئێمە تیمی راستەوخۆن کە تایبەتن بە هەڵگرتنەوەی مین بە شێوەی دەستی و بەشێوەی میکانیکی".
جەبار مستەفا گوتیشی: "لە ساڵی ١٩٩١ بەدواوە تا ئێستا، ١٣ هەزار و ٥٠٠ هاووڵاتیی مەدەنی لە ئەنجامی تەقینەوەی مین، شەهید و کەمئەندام بوون".
سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە کوردستان، جەبار مستەفا ئامارەکانی یەک ساڵی رابردوویشی خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا کە لە ساڵی رابردوودا، رووبەری ٦٠١ ھەزار و ١٥١ مەتری چوارگۆشە لە مین پاککراونەتەوە، هاوکات ٤٢ ھاووڵاتیش بەھۆی مین و تەقەمەنییەوە بوونەتە قوربانی.
جەبار مستەفا ئاشکرایشی کرد کە لە یەک ساڵی رابردوودا، هەزار و ٨٩٤ مین لەنێوبراون کە لەو ژمارەیەش هەزار و ٨١٤ مینی دژەکەسی و ٨٠ مینش دژەتانک بوون.
بەگوتەی سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە ساڵی ٢٠٢١ دا، بەرکەوتەی مین ٤٢ کەس بوون کە ١٩ کەسیان گیانیان لە دەستداوە و ٢٣ کەسیشیان کەمئەندام و برینداربوون، ئەو رێژەیەش لە چاو ساڵی ٢٠٢٠ سەدا سەد زیادی کردووە.