حكومه‌تی هه‌رێم لێخۆشبوون بۆ قه‌رزه‌كانی ده‌كات

19.01.2022
جەماوەر نیوز
ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی کانوونی دووەمی 2022 کۆبوونەوەی ھەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئه‌نجامدرا.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران به‌ مه‌به‌ستی ڕێگری لە سوودمەند بوونی ناڕەوا و ره‌چاوكردنی بەرژەوەندیی کەرتی تایبەتی خۆماڵی و جووتیاران و خاوەن پڕۆژە کشتوکاڵی و پیشەسازییەکان، پێشنیازەکانی کۆبوونەوەی لیژنەی وەزاریی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی بابەتەکانی رۆزنامەی کشتوکاڵی، پاراستنی بەرهەمی كشتوكاڵی و پیشەسازی ناوخۆیی خستەڕوو.
هەروەها پێداچوونەوە بە لێخۆشبوونی گومرگی پڕۆژەکان، بەدواداچوونی کاری دەروازە سنوورییەکان لە هەرێمی کوردستان و ڕێکخستنەوەیان لە چوارچێوەیەکی یاساییدا بە ئاراستەی برەودان بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتە فیدڕاڵییەکان لەم بوارانە، لە چوارچێوەی دەستوور و بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا و خزمەتی هاووڵاتیيان وپشتیوانی کەرتی تایبەت و هاندانی وەبەرهێنان.
لە دوای گفتوگۆ ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازەکانی لیژنە وەزارییەکەی پەسەندکرد، بە ڕاسپاردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ گەڵاڵەکردنی چارەسەرەکان کە هەر وەزارەتێک لەگەڵ هاوتا فیدڕاڵيیەکەی لە پەیوەندی وکۆبونەوە بن تاوەکو بڕیارەکانی تایبەت بە پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی، ڕۆزنامەی کشتوکاڵی و لێخۆشبوونە گومرگییەکان دوای پەسەندکردنیان لە ئەنجومەنی وەزیران، بە هەماهەنگی دەربچن، بەجۆرێک بە ڕەچاوكردنی بەرژەوەندیی هەردوولا لە چوارچێوەی دەسەڵاتە دەستووریەکان، هەموو لایەک پێیانەوە پابەند بن.
لە بڕگەی دووەمی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ئەنجومەنی وەزیران ئەو پێشنیازانەی پەسەند کرد، کە خرانەڕوو بۆ ئاسانکاریکردن بۆ هاووڵاتیان لە دانەوەی ئەو پابەندییە داراییانەی لە ئەستۆیانە به‌ وەزارەتی دارایی وئابووری، تا وەک داهاتی گشتی جارێکی دیکە خەرجبکرێتەوە بۆ خەرجییە گشتیەکان، بەرژەوەندیی هاووڵاتیيان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان.
پێشنیازەکان بریتی بوون لە داشکاندنی ڕێژەی 15٪ لەو پێشینانەی حکومەت کە لە لای هاووڵاتییانە وەک (پێشینە خانووبەرە، سندوقی نیشتەجێبوون، پێشینەی هاوسەرگیریی، قەرزی بچووک، پێشینەکانی بانکی کشتوکاڵی، پێشینەی پڕۆژەکانی پیشەسازی و گەشتیاری بە مەرجێک هاووڵاتییان ئامادەبن تا (90) ڕۆژی کار لە ڕێکەوتی دەرچوونی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانەوە تەواوی بڕی پێشینەکان بۆ حکومەت بگەڕێننه‌وه‌، ئەم داشکاندنە بە ڕێژەی 15٪ پابەندی دارایی کەڵەکەبووی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار (شارەوانییەکان، گەشتوگوزار، ئاو) و دەستەبەری کۆمەڵایەتیش دەگرێتەوە.
هەروەها لێخۆشبوونی تەواوی سزای دواکەوتن و سوود لە سەر باج و ڕەسمی کەڵەکەبوو بەمەرجێک تەواوی باج و ڕەسم لە ماوەی هاتوو لە بڕگەی سەرەوە بدرێت بە حکومەت.
هەر لە کۆبونەوەکەدا بڕیار درا بە پێدان و فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی وەزیری دارایی و ئابووری بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە ئاسانکارییەک لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان بە شێوازی قیستیشەوە بۆ پێدانی باج و ڕەسمی کەڵەکەبوو، بە مەرجێک لە ماوەی دەستنیشانکراو داواکاریی بۆ سوودمەندبوون لەو ئاسانکارییە پێشکەش بکرێت.
لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، له‌ چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ دابینكردنی نه‌وتی سپی، کەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەکان وردەکاری پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی خستەڕوو.
كه‌مال ئه‌تروشی، وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان ئاماژەی دا بەوەی، کە وەزارەتەکەیان بە هەماهەنگيی لەگەڵ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان به‌رده‌وامه‌ له‌ دابه‌شكردنی نه‌وت به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا و تاكو ئێستا نزیکەی 67،248،98 ملیۆن لیتری دابین كردووه.
روونیشیكرده‌وه‌، تا ڕێکەوتی 16ی کانوونی دووەمی 2022 بڕی (28،232،126) لیتر بۆ هەولێر دابین کراوە. له‌و بڕه‌ش (23،690،800) لیتر به‌سه‌ر ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی (چۆمان، ڕواندز، سۆران، مێرگه‌سۆر، شه‌قڵاوه‌) دابه‌شكراوه. هه‌روه‌ها بڕی (5،827،800) لیتر به‌سه‌ر ده‌ورووبه‌ر (واتە خه‌بات و بنه‌سڵاوه‌) دابه‌ش كراوه‌.
بۆ هەردوو پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە تاكو 16ی کانوونی دووەمی 2022، بڕی‌ (18،253،096) لیتر دابینکراوە. له‌و بڕه‌ش (8,044,000) لیتر به‌سه‌ر ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی پێنجوێن، قه‌ڵادزێ، هێرۆ، هه‌ڵشۆ، شارباژێڕ، قه‌ره‌داغ و دوكان دابه‌ش كراوه، ‌(6,826,000) لیتر له‌ سه‌نته‌ری شار دابه‌شكراوه. (1,852,000) لیتر له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجەش‌ دابه‌شکراوه‌.
لە پارێزگای دهۆكیش تاکو 16ی کانوونی دووەمی 2022، بڕی (19،248،780) لیتر دابینکراوە و له‌و بڕه‌ش‌ (13,378,400) له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی ئامێدی، زاخۆ، ئاكرێ، دهۆك و شێخان دابه‌ش كراوه‌ و له‌ ده‌ورووبه‌ریش واتە (ئاكرێ، سێمێل، به‌رده‌ڕه‌ش و شێخان) بڕی (6,021،200) لیتر دابه‌ش كراوه‌.
بەپێی خشتەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هه‌ر خێزانێك 200 لیتری پێ ده‌درێت به‌ نرخی 55 هه‌زار دینار، کە ئەو بڕە نەوتەش لەلایەن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانەوە دابین دەکرێت و نه‌وته‌كه‌ش له‌ به‌رزترین ئاستی كواڵێتیدایه.
ئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، جەختی کردەوە لە وەزارەت کە پەلەبکەن لە گەیاندنی ئەو نەوتەی کە لە ئەمبارەکاندایە بە هاووڵاتیان بە پێی ژمارەی دانیشتووان و شایستەبوونی پارێزگا وئیدارە سەربەخۆکان، هەروەها لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵیی لە پەیوەندی بەردەوام بن بۆ دابینکردنی نەوتی سپی.