لە شاری هەولێر کارگەی ئاسنی (ڤان ستیل)ی کرایەوە

28.11.2023
جەماوەر نیوز
ئەمڕۆ سێشەممە 28ی تشرینی دووەمی 2023 لە شاری هەولێر، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا کارگەی ئاسنی (ڤان ستیل)ی کردەوە. لە میانی ڕێوڕەسمەکەدا سەرۆکی حکومەت گوتارێکی پێشکەش کرد.

پوختەیەک لە گوتەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
• ئامانجی ئێمە ئەوەیە ژێرخانێکی ئابووری لە کوردستان دروست بکەین، بۆ ئەوەی ژیانی خەڵکی کوردستان باشتر بکەین و نەوەی داهاتووش بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت.
• هیوادارین دۆخی کوردستان و عێراق و ناوچەکە ئارام و سەقامگیر بێت و کێشەکانی نێوان هەرێم حکومەتی فیدڕاڵی بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بن.
• کاتی ئەوەیە پەند لە هەڵەکانی ڕابردوو وەربگرین، هاوکاری و پشتیوانیی یەکتر بکەین لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییەکانمان و بنیادنانەوەی وڵاتەکەمان کە پێویستی بە ساڵانێکی زۆری کارکردنی بەردەوام هەیە بۆ ئەوەی بگەیەنە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوو، ئەمەش تەنیا بە هێنانەدی ئاشتی و ئارامی و چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکان دێتە دێ.

• شاندی ئێمە بۆ چارەسەركردنی كۆمەڵێك لەو گرفتانەی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی هێشتا ماون لە بەغدان، بۆ ئەوەی بتوانن ڕێگەچارەی گونجاو بەتایبەتی بۆ بابەتی بودجە و دواکەوتنی مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستان بدۆزنەوە و بگەنە ئەنجامێكی ئەرێنی.
• بەداخەوە بە شێوەیەكی نەگونجاو مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كراوە و پێویستە ئەمە چارەسەر بکرێت.
• ئێمە پێویستیمان بە داڕشتنی یاسایەكی فیدراڵیی پێشكەوتوو لەسەر بنەمای دەستوور هەیە، كە ئەوەش بتوانین جارێكی تر بابەتی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەكردنی نەوت دەست پێ بكەینەوە، ئەمەش دەبێتە دەستكەوت نەك تەنیا بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، بەڵكوو بۆ هەموو خەڵکی عێراق.

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ