عێراق بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گۆڕانى که‌ش و هه‌وا، هه‌ڵمه‌تى چاندنى پێنج ملیۆن دره‌خت راده‌گه‌یه‌نێت

13.03.2023
جەماوەر نیوز
سه‌رۆک وه‌زیرى عێراق هه‌ڵمه‌تێکى ڕاگه‌یاند بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى کاریگه‌رییه‌ تونده‌کانى گۆڕانى که‌ش و هه‌وا له‌ وڵاته‌که‌دا، یه‌کێک له‌و کارانه‌ى که‌ ڕایگه‌یاند چاندنى 5 ملیۆن دره‌خت و دارى خورمایه‌.

محه‌مه‌د شیاع سودانى سه‌رۆک وه‌زیرى عێراق له‌ کۆنفرانسێکى که‌ش و هه‌وادا له‌ شارى به‌سره‌ که‌ به‌رپرسانى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان باڵیۆزه‌کانى وڵاتانى بیانى ئاماده‌ى بوون ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد گۆڕانى که‌ش و هه‌وا کاریگه‌رى له‌سه‌ر زیاتر له‌ حه‌وت ملیۆن هاوڵاتى عێراقى هه‌بووه‌ و سه‌دان هه‌زاران که‌سیش به‌هۆى وشکه‌ساڵییه‌وه‌ ئاواره‌ بوون.

سودانى باسى له‌ ئاسته‌نگه‌کانى وه‌کو " پله‌کانى گه‌رما و که‌مى باران و زیادبوونى خۆڵ بارین " و که‌مبوونه‌وه‌ى سه‌وزایى کرد، که‌ ئه‌وانه‌ش هه‌موویان " هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر خۆراک و ته‌ندروستى و ژینگه‌ و ئاسایشى کۆمه‌ڵگه‌که‌."

سودانى ئاشکرای کرد که‌حکومه‌ته‌که‌ى ده‌ست ده‌کات به‌ " هه‌ڵمه‌تێکى گه‌وره‌ى سه‌وزایى کردنى وڵاته‌که‌، به‌ چاندنى پێنج ملیۆن دره‌خت و دارى خورماوه‌ له‌ سه‌رانسه‌رى پارێزگاکانى عێراقدا."

له‌ به‌هارى ساڵى ڕابردوودا عێراق ڕووبه‌ڕووى خۆڵ بارینێکى زۆر بۆوه‌ که‌ به‌غداد و شاره‌کانى دیکه‌ى وڵاته‌که‌ى داپۆشی، ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى هه‌زاران که‌س ڕووبه‌ڕووى کێشه‌ى هه‌ناسه‌دان ببنه‌وه‌ و قوتابخانه‌ و فڕۆکه‌خانه‌کان داخران."

سودانى وتى پلانه‌که‌ى بریتى ده‌بێت له‌ پێشخستنى وزه‌ى پاک و نوێکراوه‌، هه‌روه‌ها پڕۆژه‌ى نوێى ئاودێرى و چاره‌سه‌رکردنى پڕۆژه‌کانى ئاو و که‌مکردنه‌وه‌ى سوتاندنى گازى پیشه‌سازی. به‌ڵام ئاماژه‌ى به‌ ورده‌کارییه‌کان نه‌دا له‌سه‌ر خه‌رجى پلانه‌که‌ و چه‌ندیش ده‌خایه‌نێت.

سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق ووتیشى : " عێراق به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌چێت بۆ واژۆکردنى گرێبه‌سته‌کان بۆ بونیادنانى وێستگه‌ى وزه‌ى نوێکراوه‌ى کاره‌با بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت تاوه‌کو ساڵى 2030 یه‌ک له‌سه‌ر سێى خواستى کاره‌بامان دابین بکات."





ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا 


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ