نرخی نه‌وت به‌رزده‌بێته‌وه‌

22.10.2022
جەماوەر نیوز
نرخی نەوت لە دوایین کاتی داخستنی بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبووەوە. هۆکاری بەرزبوونەوەکەش پێشبینی بازاڕەکانە بۆ بەرزبوونەوەی خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو و دابەزینی بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە.
نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە رێژەی 1.21٪ بەرزبووە و بە 93 دۆلار و 50 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 54 سەنت بەرزبووەوە و بە 85 دۆلار و 5 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بڕیاری بەرهەمهێنەرانی نەوت بۆ کەمکردنەوەی رۆژانە 2 ملیۆن بەرمیل کە لە مانگی داهاتووەوە دەستپێدەکات یەکێکە لەو هۆکارانەی کە نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە.
حکومەتی چین رایگەیاندووە ماوەی کەرەنتین بۆ ئەو کەسانەی کە سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن کەمدەکاتەوە، ئەمەش هیوایەکی خستووەتە ناو دڵی بازرگانانی نەوت بەوەی کە خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لە چین بەرزبێتەوە، دوای ئەوەی ئەو وڵاتە رێوشوێنەکانی دژی شەپۆلی نوێی کۆرۆنای بۆ گەشتیاران ئاسان کردووە.
دابەزینی بەهای دۆلار هەروەها بەرامبەر بە دراوەکانی دیکەی جیهان، هۆکارێکی دیکە بووە کە بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت.

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ