کۆمکارى عه‌ره‌ب سه‌باره‌ت به‌هێرشه‌که‌ى سه‌ر شاری هه‌ولێر کۆبۆوه‌و بڕیارى ژماره‌ى 8989 ى ده‌رکرد

17.01.2024
جەماوەر نیوز

ئه‌مڕۆچوارشه‌ممه‌ 17/1/ 2024 ئه‌نجوومه‌نى کۆمکارى عه‌ره‌بى به‌سه‌رپه‌رشتى یه‌مه‌ن له‌سه‌ر ئاستى وه‌زارى دانیشتنێکى به‌په‌له‌ى له‌ رێگه‌ى ڤیدیۆ کۆنفرانسه‌وه‌ بۆ تاوتوێکردنى هێرشه‌ مووشه‌کییه‌که‌ى ئێران بۆ سه‌ر هه‌ولێر ئه‌نجام دا و دوابه‌دواى دانیشته‌که‌ بڕیارى ژماره‌ (8989) ده‌رکرد، که‌ ئه‌م خاڵانه‌ى له‌خۆگرتووه‌:

1- به‌ توندى سه‌رکۆنه‌ى مووشه‌کبارانى سه‌ر هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ین که‌ بووه‌ هۆى شه‌هیدبوونى ژماره‌یه‌ک هاووڵاتیى بێتاوان و وێرانکردنى ژماره‌یه‌ک شوێنى هه‌ولێر. ئه‌م ده‌ستدرێژییه‌، دوژمنکارییه‌کى ئاشکرایه‌ بۆ سه‌ر سه‌روه‌رى عێراق و ئاسایشى گه‌لى عێراق و پێشێلکردنى بنه‌ماى دراوسێیه‌تى و یاسا و په‌یماننامه‌ و نه‌ریته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان.

2- ئه‌نجوومه‌نى کۆمکارى وڵاتانى عه‌ره‌بى له‌سه‌ر ئاستى وه‌زارى ره‌تى هه‌ر هۆکار و پاساوێک ده‌کاته‌وه‌ که‌ ئێران ده‌یانهێنێته‌وه‌ و کۆمکار سه‌رکۆنه‌یان ده‌کات. هه‌روه‌ها به‌ راستى نازانێت و ماف به‌ هیچ وڵاتێک نادرێت پێشێلى سه‌روه‌رى وڵاتێکى دیکه‌ بکات و ژیانى هاووڵاتییانى بخاته‌ مه‌ترسى که‌ ئه‌مه‌ش ته‌واو پێچه‌وانه‌ى بنه‌ما یاساییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و په‌یماننامه‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانه‌.

3- ئێران ته‌واوى ئه‌نجامه‌کانى ئه‌و پێشێلکارییه‌ له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت و پێشهاتێکى مه‌ترسیداریشه‌ که‌ به‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ى ئاشتى و ئاسایشى ناوچه‌که‌ به‌شێوه‌یه‌کى گشتى ئاڵۆز ده‌کات.

4- ئه‌نجوومه‌نى کۆمکارى وڵاتانى عه‌ره‌بى له‌سه‌ر ئاستى وه‌زارى دووپات له‌سه‌ر یه‌کێتى و سه‌روه‌رى خاکى عێراق ده‌کاته‌وه‌ دژى هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌، ده‌ستدرێژى و پێشێلکارییه‌کى ده‌ره‌کی. هه‌روه‌ها جه‌خت له‌سه‌ر مافى عێراق ده‌کاته‌وه‌ به‌و پێیه‌ى ئه‌ندامى دامه‌زرێنه‌رى کۆمکارى وڵاتانى عه‌ره‌بى و ئه‌ندامى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانه‌، بۆ به‌رگریکردن له‌ خۆی هه‌موو میکانیزمێکى یاسایى و دیپلۆماسى بگرێته‌به‌ر که‌ هه‌ر یه‌ک له‌ یاساى نێوده‌وڵه‌تی، په‌یماننامه‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و په‌یماننامه‌ى کۆمکارى وڵاتانى عه‌ره‌بى ده‌سته‌به‌رى ده‌که‌ن.

5- داوا له‌ ئه‌ندامى عه‌ره‌بى له‌ ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى ده‌کرێت به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ عێراق پشتگیرى پێویست به‌ده‌ست بهێنێت بۆ ده‌رکردنى بڕیارێکى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى که‌ سه‌رکۆنه‌ى ئه‌و ده‌ستدرێژییانه‌ بکات به‌و پێیه‌ى پێشێلکردنى سه‌روه‌ریى عێراق و پێشێلکردنى بنه‌ماى دراوسێیه‌تى و یاسا و نه‌ریته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانه‌.

6- ئه‌نجوومه‌نه‌کانى باڵیۆزانى عه‌ره‌ب له‌ نیویۆرک، جنێف، ڤیه‌نا، برۆکسل، واشنتن، له‌نده‌ن، پاریس، په‌ککین و مۆسکۆ رابسپێردرێن بۆ گه‌یاندنى ئه‌و بڕیاره‌ به‌ وه‌زاره‌ته‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و وڵاتانه‌ و رێکخراوه‌ نێوه‌ده‌وڵه‌تییه‌کان.

7- داوا له‌ سکرتێرى گشتى  ئه‌نجوومه‌نى کۆمکارى وڵاتانى عه‌ره‌بى ده‌کرێت چاودێرى ئه‌و بابه‌ته‌ بکات و له‌وباره‌یه‌وه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ وڵاتانى ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى و سکرتێرى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بکات سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆکى بڕیاره‌که‌ و به‌دواداچوونى ئه‌و سکاڵایه‌ى حکوومه‌تى عێراق پێشکه‌ش به‌ ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى کردووه‌.


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ