له‌ هێرشێکى ئاسمانى ئیسڕائیل 4 ئه‌ندامى سوپاى پاسدارانى ئێران کوژران

20.01.2024
جەماوەر نیوز
سه‌رچاوه‌یه‌کى ئاسایش له‌ هاوپه‌یمانێتى لایه‌نگرى سوریا به‌ ڕۆیته‌رزى ڕاگه‌یاند له‌ هێرشێکى ئاسمانى ئیسڕائیلدا بۆ سه‌ر دیمه‌شقى پایته‌ختى سوریا چوار ئه‌ندامى سوپاى پاسدارانى ئێران کوژراون، یه‌کێک له‌ کوژراوه‌کان به‌رپرسى یه‌که‌ى هێزى زانیارییه‌کان بووه‌.

له‌ تارانیش سوپاى پاسدارانى ئێران ناوى ئه‌و چوار ڕاوێژکاره‌ سه‌ربازییه‌ى ئاشکرا کرد که‌ له‌ هێرشه‌که‌ى ئیسڕائیلدا کوژراون، به‌ڵام ئاماژه‌ى به‌ پله‌ سه‌ربازییه‌کانییان نه‌دا، وتى دواتر ورده‌کارى زیاتر بڵاوده‌کرێته‌وه‌. که‌ناڵى ته‌له‌فیزیۆنى ئێران وتى ئه‌و بینایه‌ى کراوه‌ته‌ ئامانج شوێنى دانیشتنى ڕاوێژکاره‌ ئێرانییه‌کان بووه‌ له‌ دیمه‌شق.

تاوه‌کو ئێستا ئیسڕائیل لێدوانى له‌سه‌ر هێرشه‌که‌ى ڕۆژى شه‌ممه‌ نه‌داوه‌، له‌ مێژه‌ ئیسڕائیل هێرشى ئاسمانى ده‌کاته‌ سه‌ر بوونه‌ سه‌ربازییه‌که‌ى ئێران له‌ سوریادا. له‌ دواى ده‌ستپێکردنى جه‌نگه‌که‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حه‌ماسدا، ئیسڕائیل ده‌ستیکردووه‌ به‌ ئه‌نجامدانى هێرشى کوشنده‌تر له‌ سوریادا.

ده‌زگاى ڕاگه‌یاندنى سوریا وتى ئیسڕائیل " هێرشێکى ئاسمانى " کردووه‌ته‌ سه‌ر بینایه‌ک له‌ گه‌ڕه‌کى مه‌زه‌ى دیمه‌شق، وتیشى به‌رگرییه‌ ئاسمانییه‌کانى سوریا ژماره‌یه‌ک له‌ موشه‌که‌کانییان خستووه‌ته‌ خواره‌وه‌.

سه‌رچاوه‌ ئاسایشییه‌که‌ که‌ به‌شێکه‌ له‌ تۆڕێکى ئه‌و گروپانه‌وه‌ که‌ نزیکن له‌ حکومه‌تى سوریا و ئێرانى هاوپه‌یمانییه‌وه‌، وتى بینا چه‌ند نهۆمییه‌که‌ له‌لایه‌ن ڕاوێژکاره‌ ئێرانییه‌کانه‌وه‌ به‌کارهێندراوه‌ بۆ پشتیوانیکردن له‌ حکومه‌ته‌که‌ى سه‌رۆکى سوریا به‌شار ئه‌سه‌د، وتیشى بیناکه‌ به‌هۆى " هێرشه‌ موشه‌کییه‌ ورده‌که‌ى ئیسڕائیله‌وه‌ " به‌ ته‌واوه‌تى ڕووخاوه‌.

سه‌رچاوه‌که‌ وتى که‌سى پێنجه‌میش کوژراوه‌ به‌ڵام ناسنامه‌که‌ى ئاشکرا نه‌کرد.

به‌رپرسى نه‌خۆشخانه‌ى مواسات له‌ دیمه‌شق، عیسام ئه‌ل ئه‌مین، به‌ ڕۆیته‌رزى وت دوابه‌دواى هێرشه‌که‌ نه‌خۆشخانه‌که‌ لاشه‌یه‌ک و سێ بریندارى وه‌رگرتووه‌، ژنێکیشیان تێدایه‌.



ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا
 


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ