ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی کوردستان ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

07.11.2019
جەماوەر نیوز
ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی کوردستان ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌  له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌ " ژماره‌یه‌ک له‌ دادوه‌ر و ئه‌ندامانی داواکاری گشتی له‌ سه‌رۆکایه‌تی دادگای تێهه‌لچوونه‌وه‌ی که‌رکووک - گه‌رمیان چه‌ند رۆژێکه‌ مانیان گرتووه‌، گوایه‌ سه‌باره‌ت به‌ چه‌ند پرسێکی په‌یوه‌ندیدار به‌ ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری و سه‌رۆکایه‌تی دادگای که‌رکووک - گه‌رمیانه‌ ئێمه‌ لێره‌دا راده‌گه‌یه‌نین، که‌ ئه‌و مانگرتنه‌، په‌یوه‌ندی به‌ هیچ بابه‌تێکی تایبه‌ته‌وه‌ نیه‌".

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌ی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی کوردستان:
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێکه‌  هه‌واڵی مانگرتنی ژماره‌یه‌ک له‌ دادوه‌ر و ئه‌ندامانی داواکاری گشتیی له‌ دادگای ناوچه‌ی گه‌رمیان بڵاو بۆته‌وه‌. ئێمه‌ وه‌ک ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری به‌ پێویستمان زانی، ئه‌و روونکردنه‌وه‌یه‌ بۆ رای گشتی بڵاو بکه‌ینه‌وه‌.
ژماره‌یه‌ک له‌ دادوه‌ر و ئه‌ندامانی داواکاری گشتی له‌ سه‌رۆکایه‌تی دادگای تێهه‌لچوونه‌وه‌ی که‌رکووک - گه‌رمیان چه‌ند رۆژێکه‌ مانیان گرتووه‌، گوایه‌ سه‌باره‌ت به‌ چه‌ند پرسێکی په‌یوه‌ندیدار به‌ ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری و سه‌رۆکایه‌تی دادگای که‌رکووک - گه‌رمیانه‌.
ئێمه‌ لێره‌دا راده‌گه‌یه‌نین، که‌ ئه‌و مانگرتنه‌، په‌یوه‌ندی به‌ هیچ بابه‌تێکی تایبه‌ته‌وه‌ نیه‌، به‌ڵکو ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌و یاداشتنامه‌یه‌یه‌ که‌ چه‌ند دادوه‌رێک له‌ گه‌رمیان پێشکه‌شی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریان کردبوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری به‌ نوسراوی (ژماره‌ 1/3/45 نهێنی) له‌ رێکه‌وتی 25/8/2019 داوا له‌ سه‌رپه‌رشتیاری دادوه‌ری له‌ دادگای سلێمانی و گه‌رمیان کرد،‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ بابه‌ته‌که‌دا بکات. له‌ ئه‌نجامدا سه‌رپه‌رشتیاری دادوه‌ری له‌ سلێمانی و گه‌رمیان راپۆرتێکی تێرو ته‌سه‌لی له‌سه‌ر ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی پێشکه‌شی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری کرد، به‌ (نووسراوی ژماره‌ 1/نهێنی له‌26/9/2019) و تێیدا وته‌ی گشت دادوه‌ره‌کان و ئه‌ندامانی داواکاری گشتی و چه‌ند شایه‌تحاڵێکی دیکه‌ وه‌رگیران، چونکه‌ تۆمه‌تی خراپ و ناشیاو خرابوونه‌ پاڵ سه‌رۆکی دادگای تێهه‌لچوونه‌وه‌ی که‌رکووک - گه‌رمیان و له‌ ئه‌نجامدا ده‌رکه‌وت، که‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ هیچ بنه‌مایه‌کیان نیه‌ و پێیان نه‌سه‌لمێنرا. به‌ پێی راپۆرتی سه‌رپه‌رشتیاری دادگاکانی سلێمانی و که‌رکوک - گه‌رمیانیش ئه‌و ئه‌نجامانه‌ ده‌رکه‌وت:
1- دروستکردنی ته‌که‌تول له‌ دژی سه‌رۆکی دادگای تێهه‌لچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی که‌رکووک - گه‌رمیان و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌رده‌وام په‌نایان بردووه‌ بۆ ده‌زگای حزبی و ئیداری و سه‌ردانکردنیان بۆ مه‌به‌ستی لادانی سه‌رۆکی دادگای تێهه‌لچونه‌وه‌ که‌ دادوه‌ر (ئه‌کره‌م فه‌ره‌ج ئه‌مینه‌). بۆیه‌ ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری به‌ کۆی ده‌نگی ئاماده‌بووان بڕیاری دا به‌:
په‌سه‌ندکردنی راپۆرتی سه‌ره‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتیارانی دادوه‌ری دادگاکانی سلێمانی و گه‌رمیان.
ره‌تکردنه‌وی سکاڵای چه‌ند دادوه‌رێک دژ به‌ سه‌رۆکی دادگای تێهه‌لچوونه‌وه‌ی که‌رکوک - گه‌رمیان، چونکه‌ ده‌رکه‌وت هیچ بنه‌مایه‌کی یاساییان نیه ‌و ره‌وانه‌کردنی ئه‌و چه‌ند دادوه‌ره‌ بۆ لێژنه‌ی کاروباری دادوه‌ران، له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی که‌ خستبوویانه‌ پاڵ سه‌رۆکی دادگای تێهه‌لچوونه‌وه‌ی که‌رکووک - گه‌رمیان به‌ پێی یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری.
داوا له‌ وه‌زاره‌تی داد کرا، له‌رێگه‌ی سه‌رۆکی داواکاری گشتی بۆ ناردنی چه‌ند ئه‌ندامێکی داواکاری گشتی بۆ لێژنه‌ی کاروباری ئه‌ندامانی داواکاری گشتی به‌ پێی یاسای داواکاری گشتی.
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ چه‌ند لێدوانێک که‌ لێره‌ و له‌وێ سه‌باره‌ت به‌ سزادانی ئه‌ندامێک له‌ ئه‌ندامه‌‌کانی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان بڵاو بووه‌ته‌وه‌، که‌ گوایه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌رییه‌وه‌ سزا دراوه‌، لێره‌دا رایده‌گه‌یه‌نین، ئه‌و لێدوانانه‌ دوورن له‌ راستیه‌وه‌ و ته‌نیا ئه‌و که‌سه‌ ئاگادار کراوه‌ته‌وه‌ که‌ پابه‌ند بێت به‌ ده‌وامی فه‌رمی خۆی، چونکه‌ هه‌موو رۆژێک کاتژمێر 9:30 ئاماده‌ ده‌بێت بۆ ده‌وام و هه‌روه‌ها که‌مته‌ر خه‌می له‌ راپه‌راندنی ئه‌رکه‌کانی له‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاماده‌ نابێت له‌ به‌شداریکردن له‌ تاوتوێکردنی کێشه‌ و داواکان له‌ هه‌ردوو ده‌سته‌ی سزایی و شارستانی.

بۆیه‌ پێمان سه‌یره‌ که‌ زانیاری نووسراوه‌ نهێنیه‌کان له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بڵاو ده‌بنه‌وه‌، چونکه‌ نووسراوه‌که‌ به‌ نهێنی ئاراسته‌ی دادوه‌ری ناوبراو کراوه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم