رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان: وەڵامی راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەدەینەوە

17.03.2020
جەماوەر نیوز

 

رۆژی 11ی ئازاری 2020 وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە جیهان بڵاو كردەوە. لە بەشێكی راپۆتەكەدا چەند سەرنج و تێبینییەك دەربارەی رەوشی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق وهەرێمی كوردستان خراوەنەتە روو وەك بوونی زیندانیی نهێنی، رێوشوێنەكانی دەستگیر كردن، ئەشكەنجەدانی گیراوانی داعش، رەوشی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم،  رەوشی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێم و چەند بابەتێكی دیكە.
 لەم بارەوە د.دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگه‌یاند راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا یەكێكە لە راپۆرتە گرنگەكانی تایبەت بە رەوشی مافەكانی مرۆڤ لەسەر ئاستی جیهان كە چەندین تەوەری تایبەت لەم رووەوە دەخاتە روو، راپۆرتەكە ستایشی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم دەكات بەتایبەتی لە بارەی ئاوارە و پەنابەران، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە بەشێك لەو تێبینیانە چەندین جارە دووبارە دەبنەوە و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسا بەركارەكانی هەرێم مامەڵەی لەگەڵدا كردووە، هەروەها سەرچاوەكانیش.
دیندار زێباری زياتر سەبارەت بە رێوشوێنەكانی دەستگیركردن و بوونی زیندانی نهێنی لە هەرێم وتی " هەر كەسێك دەستگیر بكرێ بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێ و گشت رێوشوێنەكانیش بە بڕیاری دادگا ئەنجامدەدرێن، هەروەها دوای دەستگیركردنیشی مافە یاساییەكانی خۆیان هەیە بەپێی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەكان، بۆیە ڕیگری لە هیچ كەسێك ناكرێت و هەموو كەسێك كە دەستگیر دەكرێت، دوای دەستگیركردنی تۆمەتباران و داواكراوان بەپێی یاسای بنەماكانی دادگایی كردنی سزایی (قانون اصول محاكمات الجزائیە) ژمارە (٢٣) ساڵی (١٩٧١)ی هەمواركراو مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێ. رێكارەكانیش بریتین لە سەلماندنی كەسایەتی داواكراو و گومان لێكراو و دەستپێكردنی لێكۆڵینەوەكان، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە هیچ زیندان و گرتووخانەیەكی نهێنی نییە.

لە بارەی دەستگیركردنی ئەو مێرد منداڵانەی كە پەیوەندییان لەگەڵ تیرۆیستانی داعش هەبووە روونی كردەوە كە هیچ كەسێك بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیر ناكرێت لە هەمان كاتدا تۆمەتبار مافی هەیە پارێزەرێك ئامادە بكات، بەڵام ئەگەر نەیتوانی ئەوا لەسەر دادگا پێویستە پارێزەری بۆ دابین بكات و ئاگاداری كەسوكاری دەكرێتەوە كە ناوبراو گیراوە دواتر كەیسەكە رەوانەی دادگای تایبەتمەند دەكرێت بۆ یەكلایی كردنەوەی بەپێی یاسا. ئەو كەسانەی كە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ كەمترە و گومانیان لێدەكرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت، ئەوا وەك قوربانی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت نەك تاوانبار. هەروەها بەپێی چەند رێوشوێنێك كە دەزگا پەیوەندیدارەكان رێكی دەخەن رێكخراوە مرۆییەكان دەتوانن سەردانی گیراوان بكەن و چاویان پێیان بكەوێت.
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان تیشكی خستە سەر ئەشكەنجەدانی گیراوان وتی بەپێی یاسا ئەشكەنجەدانی تۆمەتبار و سزادراوان بەشێوەیەكی گشتی بۆ وەرگرتنی ئیعتراف و زانیاری بە تاوان دادەنرێت بە هیچ شێوەیەك رێگا نادرێت كە ئەفسەر و كارمەندانی پۆلیس راگیراوان ئەشكەنجە بدەن بەپێی ماددەی (333) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ی هەمواركراو و هەر تۆمەتبارێك لەكاتی لێكۆڵینەوە ئەشكەنجە درابێت لەرووی یاساییەوە مافی هەیە سكاڵا تۆمار بكات، بەڵام تا ئێستا هیچ سكاڵایەك دژی دەزگا ئەمنییەكان لەلایەن گیراوانەوە نەبووە.
سەبارەت بە بە دۆخی ئاوارە و پەنابەران رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد كەمپەکان لەلایەن پۆلیس و ئاسایش پارێزراون و تاوەکو ئێستا هیچ مەترسیەک لەسەر ژیانى ئاوارەكان نییه، لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە هیچ مامەڵەی خراپیان لەگەڵ نەکراوە، ئەوەی پەیوەست بێت بە گەڕانەوەی ئاوارەكان پێویستە بەر لە گەڕانەوەی ئاوارەكان، زەمینەیەكی لەبار لە ڕووی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە بڕەخسێنرێت. حكوومەتی هەرێم لەگەڵ ئەوەدایە هەموو ئاسانكارییەك پێشكەش بكرێت بە مەبەستی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەكان، بەڵام دانیشتووانی بەشێك لەو ناوچانە بە هۆی ناسەقامگیریی بارودۆخی ئەمنی و بوونی مینی چێندراو لەو ناوچانە، ئەستەمە بتوانن بە ئاسوودەیی بگەڕێنەوە، بۆیە سەرەتا پێویستە ئەو ناوچانە لەو مینە چێندراوانە پاك بكرێنەوە و سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەكانیان لە ئاوی پاك، فریاكەوتنی سەرەتایی، خوێندن و كارەبایان بۆ دابین بكرێت، هەروەها پێویستە هەوڵەکانی هەموولایەک بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا چڕ بکرێتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی بودجەی تایبەت بە یارمەتیدانی راگوێزراوان لە چەند کەرتێک بە رێژەی (٥٠%) کەم کرایەوە کە کارێگەرییەکی زۆری لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان هەبووه“.
زێباری سەبارەت بە رەوشی منداڵان و ئافرەتان وتی "سواڵکردنى منداڵان بە پێى یاساى چاودێرى نەوجەوانان ژمارە 76ـى ساڵى 1983ـى هەموارکراو، بەتاوان هەژماردەکرێت، بۆیە هەر منداڵێک ئەو کارەى پێ بکرێت بە پێى یاسا تووشی لێپرسینەوەی قانوونى دەبێت لەگەڵ ئەو کەس و لایەنەش کە هانى ئەو منداڵەى داوە. ئەمەش ئەرکى بەدواداچوون کەوتۆتە سەر داواکارى گشتى دەبێت بەردەوام متابعەى بکات و لەگەڵ قایمقامییەت کاربکەن بۆ نەهێشتنى ئەم دیاردەیە.
سەبارەت بە یەكسانی جێندەری حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی زۆری ناوە لەوانە یاسای نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی کوردستان ژمارە (٨) ی ساڵی 2011 و هەموارکردنەوەی چەندین یاسا و دەرکردنی رێنمایی تایبەت کە هەموویان لە بەرژەوەندیی ئافرەتاندان لەوانەش هەوڵەکان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی، لە کایە سیاسییەکان وەک پەرلەمان و حکوومەت، بۆ یەکەمجارە لە عێراق و هەرێم لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دوو ئافرەت هەیە ئەوانیش سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان، هەروەها لە حکوومەتیشدا سێ ئافرەت پۆستی وەزیریان پێ سپێردراوە، لە لایەکی دیکەوە (30) دادوەری سزادان و (56) داواکاری گشتی و (31) دادوەری پێداچوونەوە و (94) لێکۆڵەری دادی و (289) یاریدەدەری لێکۆڵەری دادی لە هەرێمی کوردستان ئافرەتن، جگە لە مانە بە دەیان رێکخراو و دەزگای تایبەت بە بەرگری کردن لە ئافرەتان بوونیان هەیە.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە "هێزی‌ ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان به‌ بڕیارى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ ساڵى 2004 و 2011دا كاروبارە‌كانیان به‌پێى یاسا ڕێكخراوە‌، له‌به‌ر ئه‌وە‌ ئه‌م دە‌زگایانه‌ به‌ شێوە‌یه‌كى شه‌رعی به‌شێكن له‌ پێكهاته‌ فه‌رمیه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و كار بۆ پاراستنى هه‌رێمى كوردستان و هاووڵاتییانى هه‌رێمه‌كه‌ دەکەن‌ له‌ هه‌ڕەشه‌كان.
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتى: لە داهاتوودا وەڵامی تێروتەسەلی راپۆرتی ناوبراو دەدەینەوە.


زۆرترین خوێندراو