بەڕێوەبەری تەندروستی دەربەندیخان: دۆخی ئێستا تەنھا خۆپارێزی نییە

23.03.2020
جەماوەر نیوز
بەڕێوەبەری تەندروستی دەربەندیخان رایدەگەیەنێت، دۆخی ئێستای دەربەندیخان تەنھا خۆپارێزی نییە، بەڵكو دەبێ ئەو كەسانە دەستنیشان بكرێن كە نیشانەی كۆرۆنایان ھەیە و بەركەوتووی تووشبووەكانن.
دكتۆرە سازان ئیبراھیم، بەڕێوەبەری تەندروستی دەربەندیخان بە كوردستان24ی راگەیاند: "دۆخی ئێستای دەربەندیخان لەوە دەرچووە تەنھا خۆپارێزی بێت، ھاوكاری ھاووڵاتییانمان پێویستە بۆ دەستنیشانكردنی ئەو كەسانەی كە نیشانەكانی تووشبوونیان ھەیە، یان بەركەوتووی تووشبووەكانن".
گوتیشی: "ھەوڵەكانمان چڕ كردووەتەوە و ژمارەی تیمەكانمان زیاتر كردووە".
ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەمڕۆ تیمێكی تەندروستی لە سلێمانییەوە ھاتوونەتە دەربەندیخان، بۆ ئەوەی راھێنانی زیاتر بە تیمەكانمان بكەن تا كارەكان بەشێوەیەكی زانستی تر بەڕێوەبچێت".
بەڕێوەبەری تەندروستی دەربەندیخان راشیگەیاند: "ئەو كەسەی كە یەكەم تووشبووی كۆرۆنایە لە دەربەندیخان و لە سەفەر گەڕاوەتەوە، تێكەڵی زۆری لەگەڵ ھاووڵاتییان ھەبووە، بۆیە پشكنین بۆ كەسە نزیكەكانی و ھەموو بەركەوتەكانی دەكەین".
وەزارەتی تەندروستی لە راگەیەندراوی دوێنی 7 حاڵه‌تی كۆرۆنای لە دەربەندیخان راگەیاند.

زۆرترین خوێندراو