پارێزگارى نوێى دهۆك له‌به‌رده‌م سه‌رۆكی هه‌رێم سوێندى ياسايى خوارد

29.06.2020
جەماوەر نیوز
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 29ی خوزه‌یران له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا له‌به‌رده‌م  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، د. عه‌لى ته‌ته‌ر، وه‌ك پارێزگارى تازه‌ى دهۆك، سوێندى ياسايى خوارد.
له‌ وته‌يه‌كدا نێچيرڤان بارزانى، پيرۆزباييى ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ پارێزگارى نوێی دهۆك كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌رك و كارى تازه‌يدا بۆ خواست، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌ ڕابردووى كار و خزمه‌تى سه‌ركه‌وتووانه‌ى پارێزگاری نوێكرد، به‌و هيواى بتوانێت خزمه‌تى زياترى پارێزگاى دهۆك بكات.
سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانينى پێشكه‌ش به‌ فه‌رهاد ئه‌ترووشى، پارێزگارى پێشووى دهۆك كرد كه‌ له‌ كاتێكى هه‌ستيار و سه‌رده‌مى قه‌يرانه‌كاندا ده‌ستبه‌ركار بووه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خزمه‌تێكى به‌رچاوى به‌ پارێزگاى دهۆك كردووه‌ و هيواى سه‌ركه‌وتنى له‌ هه‌ر ئه‌رك و كارێكى تازه‌دا بۆ خواست.
له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه‌ ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زيرى ناوخۆ ئاماده‌ى بوو، به‌ڕێز پارێزگارى تازه‌ى دهۆك دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ به‌ هه‌موو توانايه‌ك خزمه‌ت به‌ پارێزگاى دهۆك ده‌كات و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات كار و ئه‌ركه‌كانى به‌ باشترين شێوه‌ جێبه‌جێ بكات.