ئهتوانى لهرێگاى ئیمهیڵ و ژماره تهلهفۆنهکانمانهوه پهیوهندیمان پێوهبکهیت و راوسهرنج وپێشنیارو داواکاریهکانى خۆت بخهیتهروو.
07705066052
ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/7/29 ئەنجومەنی
وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی
هەرێمی کوردستان و بەشداریی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە ڕێگەی
ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران
باسی ئەو کەشە ئەرێنی و لەیەکگەیشتنەی کرد کە لە ئەنجامی گفتوگۆی نێوان
لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە بۆ نەهێشتنی
گرژییەکانی ناوخۆ و بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، دەستخۆشی لەو گفتوگۆ و
دیدارانە کرد کە هەنگاوێکی گرنگە، بۆ یەکڕیزی و پشتیوانیکردنی زیاتر لە
حکومەتی هەرێمی کوردستان .
دواتر سەرۆکی وەزیران ئاماژەی بە گرنگیی
ئامادەبوونی وەزیرانی حکومەت لە دانیشتنی تایبەتی پەرلەمانی کوردستان دا و
بە ناوی ئەنجومەنەوە، سوپاسی کردن بۆ خستنەڕووی زانیاریی و روونکردنەوەی
بابەتەکانی پەیوەست بە پرسیاری پەرلەمانتارانی کوردستان. ستایشی ئەو
هەماهەنگی و کارکردن بە گیانی یەک تیمی کرد، کە لە نێو کابینەی نۆیەمی
حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە.
پاشان ھەریەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان
بە پێی تایبەتمەندیی، پوختەی پرسیار و سەرنجی پەرلەمانتارانیان لە دانیشتنی
پەرلەمان لە ڕۆژانی 27- 28 ی تەمموزی 2020 بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو
لەسەر تەوەرەکانی تایبەت بە دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم و
بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی پەتای کۆرۆنا ڤایرۆس و دواتریش بابەتی دۆخی
دارایی وئابووری ھەرێم و دوا پێشھاتەکانی دانووستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی.
سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر
دوایین ئەنجامەکانی گفتوگۆی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی و
ئاماژەی بەوە دا ، کە گفتوگۆ و دانوستان بەردەوامە و حکومەتی ھەرێم دووپاتی
پابەندبوون بە ئیلتزامە دەستوورییەکانی خۆی دەکاتەوە لە بەرامبەر
دابینکردنی ماف وشایستە دەستوورییەکانی ھەرێم، چەندین پێشنیاریش بۆ گەیشتن
بە ڕێککەوتن ئالوگۆڕ کراون و ھیوای خواست لە نزیکترین دەرفەتدا، دوای
پشووەکانی جەژن بگەینە ڕێکەوتنێکی ھاوسەنگ کە بەرژەوەندی هەردوولای تێدا
پارێزراو بێت.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر
ئەوەی لە پلان و ھەوڵەکانی خۆی بەردەوام دەبێت بۆ ڕووبەڕوبونەوەی قەیرانی
دارایی و بە تایبەتیش دابینکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران کە ئەرکی لە
پێشینەمانە.
پاشان گفتوگۆ دەربارەی ڕێکارەکانی
خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە
تایبەتی لە ڕۆژانی جەژنی قوربان کرا . ئەنجومەنی وەزیران ژوورەکانی
ئۆپەراسیۆنی ڕاسپارد بۆ دەرکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنمایی تەندروستی
نوێ لە پێناوی پاراستنی ژیان وسەلامەتی ھاووڵاتیان.
ئهتوانى لهرێگاى ئیمهیڵ و ژماره تهلهفۆنهکانمانهوه پهیوهندیمان پێوهبکهیت و راوسهرنج وپێشنیارو داواکاریهکانى خۆت بخهیتهروو.
07705066052