وەزیری تەندروستی و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە کۆبوونەوەدان

22.10.2020
جەماوەر نیوز
ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان رۆژ لەدوای رۆژ لەبەرزبوونەوەیە و "لەماوەی 24 کاتژمێری رابردووشدا ژمارەی تووشبووان کۆرۆنا بە رێژەیەکی بەرز زیادی کردووە پێشبینییەکان ترسناکن"، سەبارەت بەو رەوشەش، وەزیری تەندروستی و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە کۆبوونەوەدان.
د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند بە ئامادەبوون و سەرپەرشتی وەزیری تەندروستی، ئەنجوومەنی راوێژکاریی پزیشکانی پسپۆر و راوێژکار و خاوەن ئەزموون، لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) لە کۆبوونەوەدان تایبەت بە ڕەوشی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا "لە هەرێمی کوردستان، ژمارەی تووشبووان گواستنەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە رێژەیەکی بەرز زیادی کردووە، پێشبینییەکان ترسناکن و پێویستییان بە بەشداربوونی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان بۆ خۆپاراستنیان لەم ڤایرۆسە".