ئاسایش دوو کەس دەستگیركرد کە لەڕێگەی فەیسبووکەوە کاری قاچاخیان کردووە

19.11.2020
جەماوەر نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئەکاونتێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بەناوی (دواء الجملە ئونلاین) ریکلام بۆ فرۆشتنی حەبی قەدەخەکراو دەکرا، پاش بەدواداچوونێکی ورد لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، توانرا دوو تۆمەتبار دەستگیربکرێن.
تۆمەتبارەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2020 دەستگیرکراون بە ناوەکانی (ك. ح. م) و (ج. ر. ا)، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی بڕی 497 هەزار دانە حەبی قەدەخەکراو کە ویستوویانە لە شاری سلێمانییەوە داخیلی شاری هەولێری بکەن و ساخی بکەنەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر، حەبە قەدەخەکراوەکان بەمشێوەیەن:

- بڕی 21600 دانە حەبی قەدەخەکراوی (بیزاکۆدێل).
- بڕی 13000 دانە حەبی قەدەخەکراوی (امنیک).
- بڕی 12000 دانە حەبی قەدەخەکراوی (کۆلۆنازپام).
- بڕی 750 دانە حەبی قەدەخەکراوی (ئەکتوکۆڵد).
- بڕی 500 دانە حەبی قەدەخەکراوی (الپرازولام).
- بڕی 60 دانە حەبی قەدەخەکراوی (انۆکسان).
حەبە قەدەخەکراوەکان بە رێگەی قاچاخ و بەبێ تێپەڕبوون بە کوالێتیی کۆنترۆڵ، لە ئێرانەوە داخیلی هەرێمی کوردستان کراون، تۆمەتبارەکانیش پەڕاوی یاساییان بۆ کراوەتەوە و رەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کران.