سبه‌ی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێم کۆدەبێتەوە

12.01.2021
جەماوەر نیوز
بڕیاره‌ سبه‌ی چوار شه‌ممه‌ 13ی كانونی دووه‌می 2021 لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و بڕیار لەبارەی دەستپێکردنەوەی خوێندن و رێکاری نوێ بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسە گۆڕاوەکەی کۆرۆنا دەدات.
بۆ کۆبوونەوەکەی سبەی چوارشەممە، وەزارەتی پەروەردە چەند پێشنیازێکی نوێی لەبارەی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکانەوە ئامادەکردووە.
پێشنیازەکان بریتین لە:-
- بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە پارێزگاکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەکانی تەندروستی، تیمێکی گەڕۆکی تەندروستی دروستبکەن و دەبێ هەموو هەفتەیەک تیمەکە سەردانی قوتابخانەکان بکات بۆ پشکنین و ئاگاداربوون لە رەوشتی تەندروستی مامۆستا و قوتابیان.
- دابینکردنی پاککەرەوە و پێوەری پێوانی گەرمی لەش لە سەرجەم قوتابخانەکان.
-رێنمایی بەردەوامی خۆپارێزی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەوە.
- سوود وەرگرتن لە رۆژانی پشوو و هەروەها دەستبەردار بوون لە وانە ناسەرەکییەکان وەکو "هونەر و وەرزش"، بۆ قەرەبووکردنەوەی ماوەی لەدەستچووی خوێندن، چونکە دەتوانرێ قەرەبوو بکرێنەوە.
ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ به‌هۆی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی گۆڕای كۆرۆنا له‌ به‌ریتانیا ده‌رگای ناوه‌نده‌كانی خوێندن تا 15ی شوباتی 2021 داخران 

کۆرۆنای گۆڕاو چییە؟

کۆرۆنای گۆڕاو یەکەمجار لە بەریتانیا لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو راگەیێندرا، بەپێی ئەو توێژینەوانەی لەسەر ڤایرۆسەکە کراون، جیاوازی لەگەڵ کۆرۆنا باوەکە تەنیا لەوەدایە کە بە رێژەی 70% خێراتر بڵاودەبێتەوە و منداڵیش تووشی دەبێ.

بەریتانیا بەهۆی خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و زۆریی ژمارەی تووشبووان، قەدەخەی هاتووچۆی تاوەکو ناوەڕاستی مانگی شووبات راگەیاندووە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئەو وڵاتە دوو ڤاکسینی کۆرۆنای پەسندکردووە کە ڤاکسینەکانی فایزەر/بایۆنتێک و ئۆکسفۆرد/ئەسترازێنکان.

لە هەرێمی کوردستانیش رێکار بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای گۆڕاو گیراوەتەبەر، پێشتر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا رێکارەکان وەکو خۆیانن، پشکنینی کۆرۆنا لە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە هەیە و ئەو کەسانەشی دەگەڕێنەوە یان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، دەبێت دوو هەفتە کەرەنتین بکرێن

زۆرترین خوێندراو