له‌ سلێمانی 5 تۆمه‌تبار ده‌ستگیركران

18.01.2021
جەماوەر نیوز
له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا پۆلیسی سلێمانی بڵاویكرده‌وه‌ له‌دو چالاكیی جیاجیادا مه‌فره‌زه‌كانی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ پێنج تۆمه‌تباریان ده‌ستگیركرد كه‌ له‌شاخی‌ ئه‌زمەڕو گۆیژه‌ ڕێگرییان له‌چه‌ند كه‌سێك كردبو.
پاش سكاڵای‌ هاوڵاتییه‌ك كه‌ له‌شاخی‌ ئه‌زمەڕ له‌لایه‌ن سێ تۆمه‌تباره‌وه‌ ڕێگریی لێكراوه‌و ساڵانه‌ی‌ ئۆتۆمبێل‌و مۆڵه‌تی‌ شۆفێری‌ ‌و بڕێك پاره‌ی‌ لێسه‌ندراوه‌، ده‌ستبه‌جێ هێزه‌كانی‌ پۆلیس لێكۆڵینه‌وه‌كانیان بۆ ده‌ستگیركردنی‌ تۆمه‌تباره‌كان ده‌ستپێكردو پاش وه‌رگرتنی‌ بڕیاری‌ به‌ڕێز دادوه‌ر، له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ فریاكه‌وتنه‌وه‌ توانرا ده‌ستگیر بكرێن.
له‌كاتی‌ ده‌ستگیركردنیاندا ده‌ستیشگیرا به‌سه‌ر چه‌كێكدا له‌جۆری‌ كڵاشینكۆف‌و ئۆتۆمبێلێك له‌جۆری‌ (تویتا- ئه‌ڤه‌لۆن) كه‌ به‌تۆمه‌تباره‌كان بووه‌.
له‌ئێستادا هه‌ریه‌ك له‌تۆمه‌تباران (ك، ك، أ) و (ك، س، م) و (م، ی، م) به‌بڕیاری‌ به‌ڕێز دادوه‌رو به‌پێی‌ مادده‌ی‌ 452 له‌یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ ڕاگیراون‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیاندا به‌رده‌وامه‌.
له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌و‌ له‌سه‌ر سكاڵای‌ هاوڵاتییه‌ك‌و پاش وه‌رگرتنی‌ بڕیاری‌ به‌ڕێز دادوه‌ر، دو تۆمه‌تباری‌ دیكه‌ له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانه‌وه‌ ده‌ستگیركران كه‌ له‌شاخی‌ گۆیژه‌ ڕێگرییان له‌هاوڵاتییه‌ك كردبوەو بڕێك پاره‌یان لێسه‌ندبو. له‌كاتی‌ ده‌ستگیركردنی‌ تۆمه‌تباره‌كاندا ده‌ستیشگیرا به‌سه‌ر ئۆتۆمبێلێكدا له‌جۆری‌ (نیسان- سه‌نی‌).
له‌ئێستادا هه‌ریه‌ك له‌تۆمه‌تباران (ژ، ف، ع) و (ف، ج، أ) به‌بڕیاری‌ به‌ڕێز دادوه‌رو به‌پێی‌ مادده‌ی‌ 452 له‌یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ ڕاگیراون‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیاندا به‌رده‌وامه‌.