زانیاری نوێ لە بارەی مووچەی پێشمەرگە

24.01.2021
جەماوەر نیوز

شوان بەرزنجی
گۆڕانکارییەک لە مووچە و شێوازی دابەشکردن و تەموویلی مووچەی پێشمەرگە دەکرێ ،وردەکارییەکەی گرنگ و تایبەت لەم بەدواداچوونە دەخەمەڕوو.
لێبڕینی مووچە دەمێنێ؟
بە پێی ئەو زانیاریانەی لەسەرچاوەیەکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە وەرمگرتووە ،مووچەی لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە گۆڕانکاری بەسەردادێت و لێبڕین هەڵدەگیرێ و مووچەی تەواویان پێ دەدرێ.
ئەمریکا مانگانە بڕەپارەیەک دەداتە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بدرێتە مووچەی پێشمەرگە، سەرچاوەکە ئەوەی ئاشکراکرد پێشووتر ئەو پارەی ئەمریکا دەخرایە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی و دەدرایە مووچەی هەموو پێشمەرگە،بەڵام بڕیاری نوێ بۆ ئەو بابەتە هەیە.
بڕیارە نوێیەکە چۆنە؟
ئەو سەرچاوەیە گوتی:"پارەکە ناچێتە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی، بەڵکوو ڕەقەم حیسابێک کراوەتەوە دەچێتە سەر حیسابی وەزارەتی پێشمەرگە و مووچەی 13لیوای پێشمەرگەی بێ لێبڕین پێ دەدرێ".
پارەکە چەندە و کێ دەگرێتەوە؟
بە پێی زانیارییەکان ئەو پارەیەی ئەمریکا بۆ پێشمەرگەی دەینێرێ، هەندێک مانگ 18ملیۆن دۆلاره و هەندێک مانگیش 20ملیۆن دۆلاره.
سەرچاوە بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگه دەشڵێت:" لەو پلانەدا دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیوای 12 و لیوای ئێزیدخان تێدا نییە،بەڵکوو 12 لیوا و دوو لیوای تازەش هەیه ئەوانیش لە پلانەکەی ئەمریکان و مووچەیان بێ لێبڕین دەبێت".
ئەو بەرپرسە ڕەتی کردەوە ئەو بابەتە پەیوەندی بە فشاری ئەمریکا نییە، بەڵکوو پەیوەندی بەوە هەیە ئەمساڵ پارەکە چۆن دێت یەکسەر بخرێتە سەر حیسابی وەزارەتی پێشمەرگە و بۆ مووچەی لیواکان بێ.
یەکەی 70و 80 دەگرێتەوە؟
بەپێی زانیارییەکان لیستی مووچە و ناوی پێشمەرگەش دراوەتە ئەمریکییەکان و ئاگاداری وردەکاریەکەن و مانگانەش وردبینی دەکرێ.
لەمەودوا ئەو لیوایانە چاوەڕوانی داهاتی ناوخۆ ناکەن، بەڵکوو کە پارەکە نێردرا بۆ مووچە بێ لێبڕین خەرج دەکرێ.
سەرچاوەکە ئاشکرای کرد" بە پارەی ئەمریکییەکان زیاتر لە 30 هەزار پێشمەرگە مووچەی پێ دەدرێت، بەڵام چەند لیوایەک و یەکەی 70و 80و دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە ناگرێتەوە ئەوان لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی مووچەکانیان دەدرێ .

زۆرترین خوێندراو