عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود پێشوازی له‌ سکرتێری لێژنەی باڵای چاکسازی ده‌كات

04.03.2021
جەماوەر نیوز
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە رێکەوتی 4ی ئازاری 2021 عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە د. عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و سکرتێری لێژنەی باڵای چاکسازی كرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەت و بەرێوەبەری گشتی دیوان و ژمارەیەک لە راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی وەزارەت، باس لە ئیشوکاری لێژنەکانی چاکسازی کرا لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠٢٠) بۆ زیاتر چەسپاندنی دادپەروەری تاوتوێ کرا، هەروەها تیشک خرایە سەر پڕۆسەکانی پێداچوونەوە و پاکتاوکردنی دۆسیەکانی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی.
دەرکردنی چەندین رێنمایی و رێکار لەلایەن وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە بۆ کارئاسانی و روونکردنەوە و جێبەجێکردنی ووردی یاساکە بە گرنگییەوە باسی لێوە کرا و ماندووبوونی لێژنەکان لەو بارەیەوە بەرز نرخێندرا.
دواتر بۆ ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی ئیشوکاری لێژنەکان، سەردانی هەردوو لێژنەی سکاڵا و لێژنەی وردبینی لە دۆسیەی زیندانییانی سیاسییان کرد و هەردوولا جەختیان لە سەر جێبەجێکردنی دادپەروەرانەی یاساکە کردەوە بۆ زیاتر بەدیهێنانی دادپەروەری و گەڕانەوەی ماف بۆ کەسانی شایستە، لە کۆتاییدا هەموو پشتگیری و پشتیوانییەکیشیان بۆ لێژنەکانی چاکسازی دووپات کردەوە.

زۆرترین خوێندراو