ئایا پلەی گەرمای بەرز کاریگەری ھەیە لەسەر ئازاری درێژخایەن ؟

25.03.2021
جەماوەر نیوز
د.هه‌ڤین که‌مال شاه محه‌مه‌د،پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج
لەگەڵ ئەوەی زانست لێکدانەوەی تەواوی پێنیە بۆ ھۆکاری زیادبونی ھەندێک جۆر لە ئازاری درێژخایەن بەھۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرما و شێداریەوە، بەڵام ناشتوانرێت ئەم ڕاستییە فەرامۆشبکرێت .
زۆر لە و کەسانەی کە ئازاری درێژخایەنیان لەگەڵدایە باس لەوەدەکەن کە گۆڕانی وەرزەکان کاریگەری ھەیە لەسەر ئازارەکانیان و بەگۆڕانی پلەی گەرما و پاڵەپەستۆی ھەوا و شێداری لە ھەوادا لەوانەیە ئازارەکانیان زیاد بکات.
ئەو ئازارە درێژخایەنانە چین کە بە پلەی گەرمای بەرز و وەرزی گەرم و شێداری ھاوین زیاد دەکەن ؟
١- ھەوکردنی جومگەکان : بەپێی توێژینەوەیەک نزیکەی لە( ٥٪) ی ئەو بەتەمەنانەی کەھەوکردن و داخورانی جومگەکانیان ھەیە، بەپلەی گەرمای بەرز و بەرزبونەوەی شێ لەھەوادا ئازارەکانیان زیاد دەکات. لەبەرئەوەی کاریگەری ھەیە لەسەر کشان و گرژبوونی خانەکانی ناوەوەو دەرەوەی جومگەکە و ئەمەش یاریدەدەرە بۆ زیادکردنی ئازار .
٢- سەرئێشەو شەقیقە : بەرزبونەوەی پلەی گەرما ئازاری جۆرە سەرئێشەیەک زیاد دەکات کە بە (tension headache)سەرئێشەی گرژبوون ناسراوە، کەلەئەنجامی گرژبوونی ماسولکەکانی سەر و مل توشدەبیت و ھەروەھا ئەگەری زیادکردنی سەر ئێشەی شەقیقەش زیاد دەکات . گۆڕان لە پلەی گەرما و شێ و پاڵەپەستۆی ھەوا لەوەرزە گەرمەکاندا دەبنە ھۆی وشکبونەوە، کەئەمەش دەبێتە ھۆی دروستبونی ئازاری شەقیقە .
٣- فایبرۆمایەڵجیا : کۆمەڵەی نێودەوڵەتی فایبرۆمایەڵجیا، پەیوەندی نێوان نیشانەکانی نەخۆشی فایبرۆمایەڵجیا و وەرزە شێدارەکانیان خستۆتە ڕوو. بینراوە زیادبوونی شێ ھۆکارە بۆ زیادبوونی نیشانەکانی نەخۆشی فایبرۆمایاڵجیا .
٤- ئەو نەخۆشانەی کە بەدەست نەخۆشییە ڕۆماتیزمیەکانەوە دەناڵێنن، بینراوە کە ھەستەوەرن بەرامبەر گۆڕانی پلەی گەرما، ھەموو پلەیەکی زۆر بەرز و ھەروەھا زۆر نزمی پلەی گەرما ئازارەکانیان زیاد دەکات . واتە بە گەرمی زۆر و ساردی زۆریش نیشانەکان و ئازارەکانیان زیاد دەکات .
٥- نەخۆشی ( MS) : کەئەمیش بریتییە لە نەخۆشی ڕەقبوون و وشکبوونەوەی ھەستە دەمارەکان، کەدەبێتە ھۆی لەکارکەوتن و لەرزین و پوکانەوەی ماسولکەکان . ھەر ھۆکارێک پلەی گەرمای لەش بەرزبکاتەوە، دەبێتە ھۆی زیادکردن و خراپتربوونی نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە کەیەکێک لەوانەش ئازاری بەردەوامە. ھەر کاتێک نەخۆشەکە ساردبکرێتەوە دەبینیت ئازار ۆ نیشانەکان نامێنن .
چۆن کاریگەری بەرزی پلەی گەرما کەم بکەمەوە ؟
١- لەماڵەوە بمێنەوە : ئەگەر شێ و بەرزی پلەی گەرما ئازارەکانت زیاد دەکەن باشترە لەماڵەوە بمێنیتەوە لە بەردەم فێنککەرەوەی گۆنجاودا. مانەوە لە دەرەوە لەپلەی گەرمای بەرزدا ئازاری جومگەکان زیاد دەکات و کاریگەری ئازارشکێنەکانیش کەمدەکاتەوە.
٢- ئاو خواردنەوە : زیادکردنەوەی ئاوخواردنەوەو دورکەوتنەوە لە وشکبونەوە و گۆڕانی خوێ و ئەلکترۆلایتەکان، کاریگەرییەکی باشی ھەیە بۆ ڕێگری لەو جۆرە ئازارانەی کەبەھۆی وشکبوونەوە توشمان دەبێت .
٣- جلکوبەرگی فراوان و فش بپۆشە : لەبەرکردنی جلکوبەرگی کەتان و پەموو و ھەروەھا فراوان و فش یارمەتی ساردکردنەوەی جەستە دەدەن و دەھێڵن خانەکانی لەش ھەناسەبدەن . بەڵام جلکوبەرگی نایلۆن و تەسک ڕێگری لە بەھەڵمبوونی ئارەقەی لەش دەدەن و پلەی گەرمای جەستە بەرز دەکەنەوە .
٤- مەلەکردن : مەلەکردن ڕێگایەکی زۆر گرنگە بۆ کەمکردنەوەی ئازاری جومگە و ماسولکە و لەگەڵیشیدا خۆ فێنککردنەوە لە ھاویندا. ئەنجامدانی ڕۆشتن و سووکە وەرزش لەناو ئاودا زۆر باشە بۆ ئەو کەسانەی ئازاری جومگەو وھەوکردنی درێژخایەنی جومگەکانیان ھەیە .

زۆرترین خوێندراو