حكومه‌تی هه‌رێم پڕۆژە‌ یاسای بودجە‌ی بۆ ساڵی 2021 ئامادە‌ ده‌كات

07.04.2021
جەماوەر نیوز
ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی نیسانی 2021 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆک وەزیران سەبارەت بە پەسەندکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021 کرد دەستخۆشی لە تیمی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە ئەرکەکانیان بە باشی ئەنجامدا، ئاماژەشی بەوەدا شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی، مافێکی دەستووری و ڕەوای هەرێمی کوردستانە، جەختیشی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندە بە بڕگەکانی یاسای بودجە و داواشی لە حکومەتی فیدراڵی کرد کە پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات.
سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بەوەدا ، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی چاکسازی و کارکردن بۆ زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان بە ئاراستەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی شایستە و گەشەپێدانی دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان.
پاشان لە بڕگەیەکی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا ، جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی، كورتە‌یە‌كی لە‌بارە‌ی گفتوگۆكانیان لە ‌بە‌غدا خستە‌ڕوو، وێڕای ستایشكردنی ئە‌ندامانی شاندە‌كە‌، ئاماژە‌ی بە‌وە‌دا كە‌ پێویستە‌ ھە‌ردوو حكومە‌تی فیدراڵ و ھە‌رێم، پابە‌ند بن بە‌و رێنمایاییانە‌ی كە‌ دواتر دە‌ردە‌چن بۆ جێبە‌جێكردنی یاسای بودجە‌ی 2021. گوتیشی لە‌گفتوگۆكانمان لە‌گە‌ڵ پە‌رلە‌مان و حكومە‌ت و لایە‌نە‌ عێراقییە‌كان، جە‌ختمان لە‌سە‌ر پابە‌ند بوون بە‌ دە‌ستوور كردە‌وە‌ بۆ دە‌ستە‌بە‌ركردنی ماف و شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی کوردستان.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، ڕاپۆرتێکی دەربارەی دوایین ئامادەکارییەکانی تایبەت بە گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی یەکەمی یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی دارایی 2021 خستەڕوو. جە‌ختی كردە‌وە‌ كە‌ ئامادە‌كارییە‌كان هەنگاوی باشیان بڕیوە و لە‌داھاتوویە‌كی نزیكدا، ئە‌و پڕۆژە‌‌ یاسایە‌ ئامادە‌ دە‌بێت.
لە‌كۆتایی كۆبوونە‌وە‌كە‌دا، گفتوگۆ دەربارەی دۆخی تە‌ندروستی ھە‌رێمی كوردستان و چۆنییە‌تی ڕووبە‌ڕووبوونە‌وە‌ی بڵاوبوونە‌وە‌ی زیاتری ڤایرۆ‌سی كۆرۆنا كرا. ئەنجومەنی وەزیران داوا لە ‌ھاووڵاتییان دەکات پابە‌ندی رێنماییە‌كان بن لە پێناو كە‌مكردنە‌وە‌ی ڕێژەی تووشبوون بە‌و ڤایرۆسە‌ ، بە‌تایبە‌تیش چونکە ئێستا ژمارە‌ی تووشبووان لە‌ ھە‌ڵكشاندایە‌.

زۆرترین خوێندراو