كارگه‌ی شه‌كری بیتوێن داده‌مه‌زرێنێت

08.04.2021
جەماوەر نیوز
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی نیسانی 2021 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەردی بناخەی كارگەی شەكری بیتوێنی دانا، بەپێی زانیارییەکانی حکومەت، پرۆژەکە هەشت هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت. قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، حكومەت هەموو ئاسانكارییەک بۆ هەموو كۆمپانیا و وەبەرهێنەرێک دەكات پرۆژەی هاوشێوە لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی جێبەجێ بكات.
لە وتارێكدا بەبۆنەی دانانی بەردی بناخەی پرۆژەکە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کارگەكەی بە پرۆژەیەکی گەورەی ستراتیژی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق ناوبرد. هاوکات سوپاسی وەزیری کشتوکاڵ و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانیشی كرد لە سەرخستنی پرۆژەكە.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشكرد، پرۆژەی كارگەی شەكری بیتوێن جگە لەوەی "نزیکەی هەشت هەزار هەلی كاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەڕەخسێنێت، كەرتی كشتوكاڵیش هەنگاوێک دەباتە پێشەوە". هاوکات باسی لەوە کرد، ئەوەش "هەر ئەو ئامانجەیە كە پێشتر بەڵێنمان دابوو كاری لەسەر بكەین."
لە وتارەکەیدا، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە تەنیا بەو پرۆژەیە ناوەستن و لەگەڵ وەبەرهێنەرانی دیکە خەریکن بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی هاوشێوە، "بەتایبەت پاش پەسندكردنی یاسای بودجەی فیدراڵی و پرۆژەیاسای بودجە لە هەرێمی كوردستان دەستكراوەتر دەبن بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی گەورە کە هەم هەلی کاری زیاتر برەخسێنێت و هەم ژێرخانی ئابووری بەهێزتر بکات."



زۆرترین خوێندراو