بەرهەمی گەنمی ئه‌مساڵ ناگاتە ئاستی نیوەی ساڵی ڕابردوو

13.04.2021
جەماوەر نیوز
بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و پەسەندکردنی بنە تۆو لە وەزارەتی کشتوکاڵ رایدەگەیێنێت، ئەمساڵ بێبارانی کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەمی گەنم بووە و پێیوایە بەرهەم ناگاتە ئاستی نیوەی پار.
رێژین سدیق، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و پەسەندکردنی بنە تۆو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو راگەیاند: "پار لەبەر ئەوەی باران زۆر باش بوو بەرهەمی گەنممان زیاتر لە ملیۆنێک تۆن گەنم بوو و حکومەتی عێراقی نزیکەی 410 هەزار تۆنی وەرگرت. بەڵام ئەمساڵ هەرچەندە دروێنە دەستی پێنەکردووە، بڕوا ناکەم بەرهەممان بگاتە ئاستی نیوەی پار کە هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەمیش کەمیی بارانبارینە."
بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و پەسەندکردنی بنە تۆو ئاماژەی بەوە دا، ئەمساڵ کە بارانبارین زۆر کەمی کردووە، لە هەولێر لە هەندێک شوێن 200 ملیمەتر نەباریوە و بڕوایش ناکەم ئیدی بگاتە ئەو ژمارەیە. بۆ بەرهەمی گەنمی چاکیش پێویستمان بە 450 ملیمەتر بۆ 500 ملیمەتر باران هەیە. بە داخەوە لەگەڵ ئەو بێبارانییەدا، سن و کیسەڵە زۆر لە گەنمی جووتیارانی دا. وەزارەتی کشتوکاڵ بە بێبەرامبەر بڕێک پارەی بۆ پارێزگاکان دیاری کردووە بۆ ئەوەی قڕکەر بۆ جووتیاران بکڕن و دوێنێ بەسەریاندا دابەش کرا.


زۆرترین خوێندراو