عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود: کار لەسەر یاسای چاکسازی دەکەین

20.04.2021
جەماوەر نیوز

وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان: "لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیدا هیچ رێگرییەکم لێ نەکراوە"

عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند"ئەو راپۆرتەی ئەمجارە حکوومەت وەک راپۆرتی دووەمی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، لەم هەفتەیەدا ئاراستەی پەرلەمانی دەکات، پەیوەست بە وەزارەتەکەی ئێمە داتای تێدایە و بە ژمارە کارەکان روونکراوەتەوە".

لە دیمانەیەکی تایبەتی ئاژانسی ئانادۆڵودا  عەبدوڵڵا حاجی مەحمود،وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "یاسای چاکسازی لە کابینەی پێشووی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا کاری لەسەر کرا ، بەڵام یەکلایی نەکرایەوە، لەم کابینەیەدا پەرلەمانی کوردستان یاساکەی پەسەندکرد بەناوی یاسای چاکسازی و لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی دەرکرا، پەیوەست بە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانیش یەکێکە لەو وەزارەتانەی بەشدارە لە چاکسازییەکەدا، ئێمە رێنماییمان دەرکردووە بۆ ئەو بەشانەی پەیوەستە بە وەزارەتەکەمانەوە، پرسی شەهیدان بە سێ ئاراستەدا، شەهیدی سەنگەر و شەهیدانی جینۆساید و شەهیدی هاووڵاتیی، جگە لەوەش تاقانەکانی جینۆساید و ئەنفال، بەرکەوتەکانی چەکی کیمیایی، پێداچوونەوە بە زیندانیانی سیاسی و کۆمەڵێک بابەتی دیکەش هەن لەناو کۆی گشتی یاسای چاکسازیدا کە ئێمەش دەگرێتەوە، وەک چاکسازی لە فەرمانبەران بەپێی یاساکە، هەندێک شتی دیکەش کە بابەتی رۆژانەن و یاسای چاکسازی سەرجەم ئەو بڕیار و رێنمایی و فەرمان و رێکارانەی هەڵوەشاندووەتەوە کە لەگەڵ یاسا بەرکارەکانی پەیوەندیدار بە وەزارەتەکان یەکناگرێتەوە، پەیوەست بە ئێمەش بێ بەش نین لەو رێکارانە و جێبەجێمان کردووە".
عەبدوڵڵا حاجی مەحمود راشیگەیاند "لە چاکسازی لە بابەتی پەیوەست بە فەرمانبەران لای ئێمە کۆتایی هاتووە و ئاراستەی لیژنەی چاکسازی کراوە و ئەو بابەتە یەکلایی بووەتەوە، ئەوەی بەپێی یاسا مافی خۆی نەدراوەتێ یان زیادەڕەوی کراوە ئینجا ئەمە لەروو کارگێڕی بێت یان هەر بابەتێکی دیکە لیژنەکانی تایبەت بە وەزارەت لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەولێر سلێمانی دهۆک کارەکانیان تەواو کردووە و کۆتایی پێهاتووە، بابەتی پیداچوونەوە بە شەهیدان و زیندانیانی سیاسیش لیژنەی تایبەتیان هەیە و رۆژانە کاری لەسەر دەکرێت".
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان گوتیشی "بۆ جێبەجێکردنی یاساکە لیژنەی باڵای چاکسازی هەیە و منیش وەک وەزیری شەهیدان ئەندامم تیایدا، لە هەمان کاتدا سەرپەرشتیاری پرۆسەی چاکسازی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانم، لە وەزارەتیش لیژنەی لاوەکیمان هەیە لە ئاستی پارێزگاکان و لیژنەی لاوەکیمان هەیە بۆ هەر بەشێکی دیکە جگە لەوەی لەسەر ئاستی پارێزگاکان هەیە، بۆ نموونە بۆ زیندانیانی سیاسی بۆ بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بۆ سکاڵا کە سکاڵایەکی زۆر هەبووە لەم وەزارەتەدا لە کاتی خۆیەوە تاوەکو ئێستا خەڵک سکاڵای هەبووە وەک وارسی شەهید وەک زیندانیانی سیاسی و بەم میکانیزمانە لەسەرەوە تا خوارەوە کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەین".
لەوەڵامی ئەوەی خەڵک دەیەوێت ژمارە و داتا بزانێت کە تاوەکو ئێستا چیتان کردووە، عەبدوڵڵا حاجی مەحمود رایگەیاند "بابەتی داتا و ئامار بەردەوام نوێ دەکرێتەوە، هەموو هەفتەیەک ئاماری نوێ کۆدەکرێتەوە و پیشکەشی لیژنەی باڵای چاکسازی دەکرێت، من بەر لەم چاوپێکەوتنە ئامارەکەم نەهێنا لەگەڵ خۆم بەڵام تازەکردنەوەی ئامارەکان هەفتانە هەمانە، بە وردی ئامارەکەم لانییە بەڵام ئاماری باش هەیە و هەفتانەش نوێ دەکرێتەوە چونکە لیژنەکان لە کارەکانیان بەردەوامن، هەر بەڕێوەبەرایەتییەک لە سلێمانی، هەولێر، دهۆک تاوەکو ئێستا نزیکی یەکی پێنج هەزار دۆسیەیەکیان بینیوە لیژنەکان زۆر بەچڕی و پڕی ئیش دەکەن بەپێی یاسا و بەپێی ئەو رێنمایی و رێکارانەی لەبەردەستیاندا هەیە، دەرئەنجامیش باش دەبێت چونکە ئێمە بەجدی کار لەسەر یاسای چاکسازی دەکەین".
گوتیشی "تێڕوانینی ئێمە بەپێی یاسای چاکسازی تێڕوانینێکی دادپەروەرانەیە، دەمانەوێت بەشێوەیەکی دادپەروەرانە کاربکەین بۆئەوەی ئەوەی مافی هەیە مافی خۆی وەربگرێت، ئەوەش کە مافی نییە بەپێی یاسای چاکسازی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، کەموکوڕی هەیە چونکە ئەگەر کەموکوڕی نەبوایە یاسای چاکسازی بۆ دەرەچوو؟، بۆیە ئەم یاسایە دەرچووە کەموکوڕی و گیروگرفت و نادادپەروەری هەیە و ئەم یاسایە رێکی دەخات بەشێوازێکی دادپەروەرانە بەبێ جیاوازی".
دەربارەی راپۆرتی دووەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەست بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کە ئاراستەی پەرلەمان دەکرێت، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئەو راپۆرتەی ئەمجارە حکوومەت وەک راپۆرتی دووەمی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لەم هەفتەیەدا ئاراستەی پەرلەمانی دەکات، پەیوەست بە وەزارەتەکەی ئێمە داتای تێدایە و بە ژمارە کارەکان روونکراوەتەوە، من ئێستا داتاکانم لەبەردەست نییە ئەگەرنا لێرەوە ئاشکرام دەکرد".
دەربارەی ئەوەی چ رێگرییەک لەبەردەم وەزارەتەکەی هەیە بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، عەبدوڵڵا حاجی مەحمود رایگەیاند "خودی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەجددی پشتیوانی لە یاسای چاکسازی دەکات، کابینەکە بەگشتی جێگری سەرۆکوەزیران پشتگیری جێبەجێکردنی یاساکە دەکەن، بۆیە هیچ رێگرییەک نییە لەبەردەم مندا بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، تەنیا بۆخۆم وەک وەزیر کار لەسەر ئەوە دەکەم و چاوم لەسەر ئەوەیە شتێک نەکەم نادادپەروەری بێت".
لەوەڵامی ئەوەی هیچ کەس یان حیزبێک رێگری بۆ کارەکانی دروستکردووە، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراونی هەرێمی کوردستان گوتی "نەخێر، بەڵام لەسەرەتاوە دیارە کە کۆمەڵێک گیروگرفت هات بەسەر دۆخی فەرمانبەرانی کوردستان بەتایبەتی و خەڵکی کوردستان بەگشتی بەهۆی قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و گیروگرفتەکانی دیکە، ئەمانە وایکرد کە لەسەرەتاوە پێشوازی گەرم نەدەکرا لە یاسای چاکسازی بەڵام وردە وردە دەستوپەنجەمان لەگەڵی نەرمکرد ئێستا جێبەجێکردنی یاساکە هەنگاوی باشی ناوە و لەناو چاکسازیداین بە گەرمی و پەیوەست بەئێمەش وەک وەزارەتی شەهیدان هیچ رێگرییەکمان لەبەردەم نییە".
عەبدوڵڵا حاجی مەحمود گوتیشی "تەنیا خۆمم کە تەرکیزم لەسەر ئەوەیە شتێک نەکەم نادادپەروەری بێت، بۆئەمەش زۆر لەسەری رادەوەستم و زۆر گفتوگۆ دەکەین بەتایبەت لە دەرکردنی رێنماییەکاندا، رێنمایی هەیە سێ مانگە خەریکین کە لەوانەیە لاپەڕەیەک یان دوو لاپەڕەبێت بەڵام پابەندە بەکۆی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت وەزارەتی کاروباری شەهیدان کە سەرمایەیەکی گەورەی هەرێمی کوردستانە و هەموو دامودەزگاکانی کوردستان لەسەر خوێن و رەنجی ئەو بەشانەی لەم وەزارەتە پێکهاتوون بنیاتنراوە لەبەر ئەوە وەزارەتێکی هەستیارە، من بۆخۆشم چاکسازی لە وەزارەتی شەهیدان بە دەستکەوت نابینم، تەنیا چاوم لەسەر دادپەروەرییە ئەوەی مافی هەیە مافی خۆی وەربگرێت ئەوەی بە ناهەق شتێکی بۆکرابێت و یاسای چاکسازی هەڵیوەشاندەوە بەپێی یاساکە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت".
وەزیری شەهیدانی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند "من ئەوەندەی چاوم لە دادپەروەرییە ئەوەندە چاوم لەسەر گێڕانەوەی پارە نییە، کەموکوڕی هەیە و لیژنەکان کاری لەسەر دەکەن و بەپێی یاسا بەشی زۆری کەموکوڕییەکان هەوڵدەدەین چارەسەر بکەین".


زۆرترین خوێندراو