بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ: داهاتی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ گه‌نجینه‌ی حكومه‌ت

10.06.2021
جەماوەر نیوز
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت هەموو داهاتی گومرگ دەگەڕێتەوە گەنجینەی حکومەت.
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو بەربەستانەی لەبەردەم کەرتی گومرگی هەرێمی کوردستاندان و کارکردن بۆ زیادکردنی داهاتەکانی ڕایگه‌یاند کاری بازرگانی بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت تاوەکو دەگاتە ئەوەی بازرگان کاڵاکانی هاوردە دەکات و پێویستی بە ڕەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکانە، هەروەها هەندێک ڕێوشوێنی پێویست کە لە دەروازەکاندا دەگیرێنەبەر، ئەمانە هەموویان پێویستیان بە پێداچوونەوەیە. بۆیە بڕیاردرا لەگەڵ سەرجەم ئەو وەزارەت و دەستە و لایەنانەی دیکە کە پەیوەندییان لەگەڵ گومرگدا هەیە بۆ جووڵەی بازرگانی، وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، وەزارەتی تەندروستی، وەزارەتی پلاندانان، وەزارەتی ناوخۆ، پاسەوانی سنوور، ئاسایش، پۆلیسی گومرگ کۆببینەوە بۆئەوەی کاری گومرگ بە ئاسانترین شێوە بەردەوام بێت".
سەبارەت بە گەڕانەوەی داهاتی گومرگ بۆ گەنجینەی حکومەت کە ماوەیەک مشتومڕی دروستکردبوو، ساماڵ عەبدولڕەحمان وتی، "هەموو داهاتەکان گەڕاونەتەوە گەنجینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان. نازانم ئەو زانیارییانە لە کوێوە دێن کە دەڵێن ناگەڕێنەوە. ئێمە لە هەموو دەروازە سنوورییەکاندا بانکمان هەیە و راستەوخۆ داهات لەوێ وەردەگیرێت و رادەستی گەنجینە دەکرێت. لەوێشەوە هەمووی بە ژمارە دەدرێتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری؛ بۆیە لە هیچ سەردەمێکدا و لە هیچ دەروازەیەکی سنووریدا نەبووە داهات بەلاڕێدا ببرێت، بەڵکو هەموویان بۆ گەنجینەی حکومەت دەگەڕێنەوە، هەر کەسێکیش بەڵگەی لەسەر پێچەوانەی ئەمە هەیە با بە بەڵگە بیخاتەڕوو و بە فەرمی بێت، نەوەکو تەنیا لە راگەیاندنەکانەوە بێت و بۆ وروژاندن بێت بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک هەبێت".
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی کوردستان بە جەختکردنیشەوە گوتی، "هەموو داهاتەکان بە بەردەوام کۆکراونەتەوە، گومرگ یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان و لەدوای نەوتەوە پشتی گەورەی پێ دەبەسترێت، بۆیە پشتی تەواوی پێدەبەستین".
سەبارەت بەو قسانەی لەبارەی کەمبوونەوەی داهاتە گومرگییەکانەوە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، رایگەیاند "داهاتی گومرگی جێگیر نییە و لە مانگێکەوە بۆ مانگێکی دیکە دەگۆڕێت، بەڵام بەراورد بە ساڵانی رابردوو لە ئاستێکی باشدایە".



زۆرترین خوێندراو