وته‌بێژی حكومه‌ت: لە ئێستادا دەوامی فەرمانبەران وەك خۆی دەبێت و تەناوب نابێت

27.07.2021
جەماوەر نیوز
وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، بە هۆی هەڵكشانی ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا رێكارەكانی خۆپارێزی توند دەكەنەوە.
دوابەدوای كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، رەوشی تەندروستی لە هەرێم لە قۆناغی نارنجیدایە و ئەگەر هەیە ببێتە دۆخی سور، هەر بۆیە بڕیاریانداوە رێكارەكان توند بكەنەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر كۆرۆنا زیاتر تەشەنە بسەنێت و دۆخەكە خراپتر بێت، راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ یەكێك دەبێت لە ئەگەرەكانی بەردەم لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا.
سەبارەت بە بڕیارەكانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆڕۆناش رایگەیاند، پێویستە كارمەندانی بازاڕ و مۆڵ و چێشتخانە و هۆتێلەكان و شوێنە ئایینیەكان ڤاكسینیان وەرگرتبێت یان پشكنینی 72 كاتژمێری كۆرۆنایان پێبێت، بە پێچەوانەوە ئەو شوێنە دادەخرێن.
باسی لەوشەكرد، پێویستە سەرجەم فەرمانبەران ڤاكسین بەكاربهێنن و ماسك بەكاربهێنن، بەپێچەوانەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، رێگانادرێت بە هیچ گەشتیارێك بێتە ناو هەرێم ئەگەر ڤاكسینی وەرنەگرتبێت یان پشكنینی 48 كاتژمێری پێنەبێت.
یەكێكی تر لە بڕیارەكان سەپاندنی بەستنی ماسكە لە دامودەزگاكانی حكومەت و شوێنە گشتییەكان و قەدەكردنی هەموو كۆڕ و كۆبوونەوە و چوونە سەرقەبران.
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، دەوامی فەرمانبەران لە ئێستادا وەك خۆی دەبێت و تەناوب نابێت.

زۆرترین خوێندراو