موچه‌ی 42 وه‌زیر ڕاده‌گیرێت

07.09.2021
جەماوەر نیوز
رۆژی سێشەممە 7ى ئه‌یلوولى 2021 ئاوات جه‌ناب نوورى، وه‌زیرى دارایى و ئابوورى سه‌ردانى به‌ڕێوەبه‌رایه‌تیى خانه‌نشینی كرد و تاوتوێى پرۆسه‌ى پێداچوونه‌وه‌ى به‌ خانه‌نشینانى پله‌ تایبه‌ت كرد. وەزارەتی دارایی دەڵێت، "بۆ هه‌موو لایه‌ك ئاشكرای ده‌كه‌ین كه‌ تاوه‌كو ئێستا پێداچوونه‌وه‌ى به‌ دۆسیه‌ى خانه‌نشینى پله‌ تایبه‌ته‌كان كه‌ ژماره‌یان 1839 كه‌سه‌، زیاتر له‌ 60% كۆتایى پێهاتووه‌".
 بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی، لە 1839 دۆسیەی پلە تایبەتەکان، 1170 كەیس هەموارکراونەتەوە و تەنها 669 كەیس راگیراون کە کەیسە راگیراوەکان، 396یان بەڕێوەبەری گشتی، 145یان راوێژکار، 86یان بریکاری وەزیر و 42یان وەزیر بوون.
 ئاماری پلە تایبەتەکانی خانەنشین کە مووچەیان هەموار کراوەتەوە، لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بەم شێوەیە خراوەتەڕوو:

1. بەڕێوەبەری گشتی
(369) سێ سەد و شەست و نۆ دۆسیەی بەڕێوەبەری گشتی هەموارکراونەتەوە هیچ کەم و کوڕی لە دۆسیەکانیان نییە، تەواو بووە، مووچەکانیان بۆ خەرج کراوە.
2. راوێژکار
(193) سەد و نەوەد و سێ دۆسیەی راوێژکار هەموارکراونەتەوە، هیچ کەم و کوڕی لە دۆسیەکانیان نییە، تەواو بووە، مووچەکانیان بۆ خەرج کراوە.
3. بریکاری وەزیر
(74) حەفتا و چوار دۆسیەی بریکاری وەزیر هەموارکراونەتەوە، هیچ کەم و کوڕی لە دۆسیەکانیان نییە، تەواو بووە، مووچەکانیان بۆ خەرج کراوە.
4. وەزیر
(140) سەد و چل دانە دۆسیەی وەزیر مووچەکانیان بۆ خەرج کراوە بە رێژەی (%25) کاتێک راژەیان هێناوە، بە گوێرەی راژەکەیان مووچەیان بۆ راست دەکرێتەوە، جیاوازی مووچەیان بۆ خەرج دەکرێت و نابێت رێژەی مووچەیان لە (%50) زیاتر بێت.
5. ئەندام پەرلەمان
(394) سێ سەد و نەوەد و چوار دۆسیەی ئەندام پەرلەمان مووچەکانیان بۆ خەرج کراوە بە رێژەی (%25)، کاتێک راژەیان هێناوە بە گوێرەی راژەکەیان مووچەیان بۆ راست دەکرێتەوە، جیاوازیی مووچەیان بۆ خەرج دەکرێت و نابێت رێژەی مووچەیان لە (%50) زیاتر بێت.
ئاماری پلە تایبەتەکانی خانەنشین کە مووچەیان راگیراوه، بەم شێوەیە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە خراوەتەڕوو:
1. بەڕێوەبەری گشتی
(396) سێ سەد و نەوەد و شەش دانە دۆسیەی بەڕێوەبەری گشتی دۆسیەکانیان خزمەتیان تێدا نییە، مووچەکانیان راگیراوە کە بە بڕیاری تایبەت خانەنشین بوون.
2. راوێژکار
(145) سەد و چل و پێنج دۆسیەی راوێژکار مووچەکانیان راگیراوە، چونکە دۆسیەکانیان خزمەتی تێدا نییە تاوەکو راژەکانیان نەهێننەوە مووچەکانیان بۆ خەرج ناکرێت، بەڵام لە کاتی هێنانەوەی راژەیان کە بوو بە 15 ساڵ مووچەکانیان بۆ راست دەکرێتەوە، جیاوازیی مووچەکەیان بۆ خەرج دەکرێت.
3. بریکاری وەزیر
(86) هەشتا و شەش دۆسیەی بریکاری وەزیر مووچەکانیان راگیراوە، چونکە دۆسیەکانیان خزمەتی تێدا نییە، تاوەکو راژەکانیان نەهێننەوە مووچەکانیان بۆ خەرج ناکرێت، بەڵام لە کاتی هێنانەوەی راژەیان کە بوو بە 15 ساڵ، مووچەیان بۆ راست دەکرێتەوە و جیاوازی مووچەکەیان بۆ خەرج دەکرێت.
4. وەزیر
(42) چل و دوو دۆسیەی وەزیر مووچەکانیان راگیراوە، چونکە بە فیعلی وەزیر نەبوون، بەڵام لە هەمان کاتدا پێشمەرگە بوون لە ریزی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان، کاتێک راژەی پێشمەرگایەتییان هێناوە، مووچەیەک بە شایستەی خۆیان لە خانەنشینی پێشمەرگە بۆ دابین دەکرێت.
کۆی گشتیی ئەو دۆسیانەی کە راگیراون، دەگاتە 669 دانە، ئەم مانگە مووچەیان بۆ خەرج ناکرێت، چونکە بەپێی یاسای چاکسازیی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 راژەیان تێدا نییە، یاخود لە 15 ساڵ کەمترە.

زۆرترین خوێندراو