وه‌زاره‌تی دارایی : دەرماڵەی خوێندکاران پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە

22.11.2021
جەماوەر نیوز
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەبارەی دەرماڵەی خوێندکاران رایدەگەیێنێت، دەرماڵەکە پێش ساڵی 2014 لە پەرلەمان بودجە بۆ دەرماڵە دابینکراوە و هه‌ر لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوه‌ خه‌رجكراوه ‌و "به‌ هیچ جۆرێك نه‌هاتووەته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و په‌یوه‌ندیی به‌ داراییه‌وه‌ [وەزارەتی دارایی] نییه".
وەزارەتی دارایی لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "هیچ نووسراوێكی فەرمیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی لە رێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە له‌ ساڵی 2021نەھاتووە بۆ وەزارەتی دارایی تایبەت بە دەرماڵەی خوێندكاران".
ئەمڕۆ بۆ دووەم رۆژی لەسەر یەک بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە خۆپێشاندانیان کرد و چەند شەقامێکی سەرەکییان داخست. خوێندکارەکان داوای دابەشکردنی دەرماڵەی مانگانە دەکەن کە لە ساڵی 2014ـەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بڕدراوە.
وەزارەتی دارایی لەبارەی بڕینی دەرماڵەوە دەڵێت، "بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە(1018) لە بەرواری 11/2/2014 بەهۆی قەیرانی داراییەوە خەرجكردنی دەرماڵەی خوێندكاران راگیراوە". 
لە لایەکی دیکەوە ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، پێشتر چەندین جار پرسی دەرماڵەی خوێندکارانیان لە ئەنجوومەنی زانکۆ و وەزارەتی خوێندنی باڵا تاوتوێکردووە و پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییان کردووە.
دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان تاوەکو ساڵی 2014 دابەشدەکرا کە بڕەکەی بۆ خوێندکارانی دەرەوەی ئەو شارەی کە دەوامییان تێدا دەکرد، ئەگەر بەشەناخۆییان وەرنەگرتبووایە 100 هەزار دینار، ئەگەریش بەشەناوخۆییان وەرگرتبووایە 60 هەزار دینار بوو، هەروەها بۆ خوێندکارانەی کە لە شارەکانی خۆیان دەوامییان دەکرد 40 هەزار دینار بوو.

زۆرترین خوێندراو