حكومه‌تی هه‌رێم پشتیوانی دارایی بۆ خوێندكاران ته‌رخانكرد

24.11.2021
جەماوەر نیوز
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە مەبەستی باشترکردنی بەشە ناوخۆییەکان و بارودۆخی خوێندکاران و قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکان، پشتیوانیی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تەرخان بکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی تشرینی دووه‌می2021 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. 
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە بابەتی ناڕەزایی قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان تاوتوێکرا. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پوختەی بابەتەکەی خستەڕوو بۆ ئەنجوومەن، لە دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە: "ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە تەرخانکردنی پشتیوانیی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ باشترکردنی بارودۆخی بەشە ناوخۆییەکان و دۆخی قوتابیان و خوێندکارانی  زانکۆ و پەیمانگەکان".
ماوەی چوار رۆژە قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان دەستیان بە خۆپیشاندانکردووەو داوای گەڕاندنەوەی دەرماڵەی مانگانە دەکەن، کە لە ساڵی 2014ەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بڕدراوە.
خۆپێشاندانەکان بە تایبەتی لە شاری سلێمانی گرژییان لێکەوتەوە، پێکهەڵپژان لە نێوان خۆپێشاندەران و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان و هێزە ئەمنییەکانی دیکە روویدا. 
لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا  هێزەکانی چالاکی مەدەنی راسپێدراون تووندوتیژی بەرامبەر خۆپێشاندانەی هێمنانەی قوتابیان و خوێندکاران  بۆ داواکردنی مافەکانیان بەکارنەهێنن.
بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا سووکایەتی بە ئاڵای کوردستان کراوە. هەروەها ئەمڕۆ خۆپێشاندەران ژمارەیەک دام و دەزگا و بارەگای حیزبییان لە سەیدسادق سووتاند.
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە: "ئەنجوومەنی وەزیران، بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو بێڕێزی و سووکایەتییە دەکات، کە لە لایەن هەندێک کەسەوە بەرامبەر پیرۆزییەکانی هەرێم و ئاڵای پیرۆزی کوردستان کر ، رێکاری یاساییش بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم سووکایەتییە دەگرێتەبەر، هەروەها پەلاماردان و سووکایەتیکردن بە هێزە ئەمنییەکان و ئەنجامدان و تێکدان و وێرانکاری دامەزراوەکانیش، سەرکۆنە و شەرمەزار دەکات".
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران چەند بابەتێکی دیکە گفتۆگۆیان لە بارەوە کراوە، لەوانە: رۆژی جیهانیی نەهێشتنی تووندوتیژی دژی ئافرەتان، کە ساڵانە لە 25ی نۆڤێمبەر، لە جیهان و هەرێمی کوردستان یادی دەکرێتەوە. سەرۆکی حکومەت لە کۆبوونەوەکەدا گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ لە پێناو نەهێشتنی هەموو جۆرە تووندوتیژییەک، بەتایبەتی تووندوتیژی دژی ئافرەتان".
رۆژی هەینی رابردوو شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکاتیی مەسرور بارزانی سەردانی بەحرێنی کرد بۆ  بەشداریی لە (دیالۆگی مەنامە 2021)، کە لە ڕۆژانی 19- 21 ی نۆڤێمبەری 2021 لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین بەڕێوەچوو. سەرۆکی حکومەت لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا ئاماژەی بەوەداوە، کە بەشداری هەرێمی کوردستان، جەختکردنەوە بوو لە رۆڵی گرنگیی هەرێم وەک "فاکتەرێکی سەقامگیری" لە ناوچەکەدا. 
بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بریتی بوو لە خستنەڕووی راپۆرتێک دەربارەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران لە سنوورەکانی بێلارووس و پۆڵەندا و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان بۆ هەرێمی کوردستان کە لە لایەن سەفین دزەیی سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە خرایەڕوو، ئەنجوومەنی وەزیران، جەختیکردەوە لە: "بەردەوامیی بەھاناوەچوونی ئەو کۆچبەرانە و ئاسانکاریی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان بۆ هەرێمی کوردستان"، لە هەمانکاتدا جەختکرایەوە لەوەی "وەزارەتی ناوخۆ، لێکۆڵینەوە و رێکاری یاسایی بگرێتەبەر لەبەرامبەر ئەوانەی، کە ئەم بارودۆخەیان قۆستووەتەوە و بازرگانی بە ژیان و سەلامەتیی کۆچبەرانەوە دەکەن".
بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، خستنەڕووی راپۆرتێکی گشتگیر بووە لە لایەن عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان کە تێیدا بارودۆخی ژینگە لە هەرێم خرایەڕوو، ئەنجوومەنی وەزیران، گشت وەزارەتەکانی راسپارد کە هاوکاری دەستەی پاراستن وچاککرنی ژینگە بکەن بۆ ئەو پێشنیاز و پڕۆژانەی لە لایەن سەرۆکی دەستەوە لە کۆبونەوەکەدا خرانەڕوو ، بڕیاردرا ئامادەکاریی پێویستیش بکرێت بۆ سازدانی کۆنفرانسێکی زانستیی فراوان و گشتگیر بۆ پەرەپێدانی ژینگە لە هەرێمی کوردستان.

زۆرترین خوێندراو