داشكاندنی كاره‌با و ئاو به‌رده‌وام ده‌بێت

12.01.2022
جەماوەر نیوز

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشنیازی وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی شارەوانیی پەسندکرد کە رێژەی داشکاندنی 15%ـی قەرزی کرێی کارەبا و ئاو تاوەکو کۆتایی مانگی 2ی ئەمساڵ درێژ بکرێتەوە.
رۆژی چوارشەممە 12ی کانوونی دووەمی 2022 بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، تایبەت بوو بە خستنەڕووی پێشنیازی وەزارەتی کارەبا تایبەت بە درێژکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە ( 117 ) لە رێکەوتی 2021/10/27 سەبارەت بە داشکاندنی ڕێژەی %15 لە قەرزی کرێی کارەبا و سزاکانی دواکەوتن و سەرپێچی کارەبا بۆ سەرجەم هاوبەشانی تۆڕی نیشتمانیی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە گشت سێکتەر و بوارەکاندا کە لە لایەن کەمال محەممەد ساڵح وەزیری کارەبا خرایەڕوو. 
ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیازی وەزارەتی کارەبای پەسند کرد کە رێژەی داشکاندنی 15% تاوەکو کۆتایی مانگی 2ی ئەمساڵ درێژ بکرێتەوە.
دواتر ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری پەسند کرد بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە لێخۆشبوونی رێژەی 15% بۆ هاوبەشانی خزمەتگوزاریی ئاو لە هەرێمی کوردستان، بە مەرجێک تەواوی قەرزی کەڵەکەبووی پێشوو بدەن و ئەم بڕیارەش تاوەکو کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ کاری پێ دەکرێت. 
لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران گشت وەزارەتەکانی راسپارد کە بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو، پێشنیارەکانی خۆیان ئامادە بکەن بۆ هەموو ئەو ئاسانکارییانەی کە لە ڕووی یاساییەوە دەتوانرێت پێشکەش بکرێت بۆ هاندان و ئاسانکاریی بۆ هاووڵاتیان بۆ گەڕانەوەی ئەو پابەندییە داراییانەی لە ئەستۆيانە بەرامبەر بە حکومەت.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، راپۆرتێکیان دەربارەی دوا هەنگاوەکانی هەماهەنگیی و هاریکاریی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە پێکهێنانی هێزی هاوبەش و دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشمەرگە و پلانی هاوبەشی رووبەڕووبونەوەی هێرشەکانی "رێکخراوی تیرۆریستیی داعش" خستەڕوو.
وەزیری پێشمەرگە باسی لە بەرەوپێشچوونەکانی گواستنەوەی هێزەکانی پشتیوانیی و یەکەکانی دیکەی هێزەکانی پێشمەرگەی بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە کرد، ئەنجوومەنی وەزیران "سەرەڕای دەستخۆشیی لە هەردوو وەزارەت"، جەختی کردەوە لە سەر بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی زیاتری هەماهەنگیی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی وتۆکمەکردنی ریزەکانی هێزی پێشمەرگە و بەردەوامیی رێکخستنەوەی گشت یەکەکانی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و هەروەها وەزیری ناوخۆ باسیان لە ئامادەکارییەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کرد دەربارەی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
دوای دەرکەوتنی چەند کەیسێکی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن لە دهۆک، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارەکانی دوا کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبونەوەی کۆرۆنای پەسند کرد و جەختیش لەسەر برەودان بە هەڵمەتەکانی وەرگرتنی ڤاکسین لە وادەی دەستنیشانکراو و بایەخی بەستنی ماسک لەلایەن هاووڵاتییانەوە کرایەوە بە تایبەتی لە شوێنە گشتی وخزمەتگوزارییەکان لە پێناوی پاراستنی تەندروستیی گشتی وبەرگرتن لە تەشەنەکردن و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
خالد چاوشلی سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان، راپۆرتێکی دەربارەی بەرەوپێشچوون و دەرئەنجامی کاری تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە جێبەجێکردنی پابەندییەکانی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بە گوێرەی یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2021 خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران وەزیرەکانی راسپارد کە برەو بە هەماهەنگیی و پەیوەندیی لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵی بدەن و داواشیان لێکرا پەلە بکەن لە جێبەجێکردنی گشتاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ ئامادەکردنی میزانی پێداچوونەوەی سەرتاسەریی گشت یەکە ژمێریارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 لە ماوەیەکی دیاریکراودا تا بخرێتە بەردەم تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی بە جۆرێک شەفافانە داهات و خەرجییەکانی هەرێمی کوردستانی لەخۆگرتبێت.
ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها وەزارەتی دارایی و ئابووریی راسپارد بە هەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان، پێداچوونەوە بکەن بە یاسا و رێنمایی و پسووڵە و ئيستیمارە و بەڵگەنامەکانی دیکەی کارپێکراو لە بواری دارایی وژمێریاریی گشتی و نوێکردنەوەیان بەپێی پێوەرە هاوچەرخەکانی ئەو بوارە، تا هاوتابێت لەگەڵ سیستەمی دارایی کارپێکراو لە حکومەتی فیدڕاڵیی بە رەچاوکردنی دەسەڵاتە دەستووریەکان.
لە هەمانکاتیشدا داواکرا بواری پرۆسە و مامەڵە داراییەکان بەشێوەیەکی هاوچەرخانە رێکبخرێنەوە، دوور لە رۆتین و بە فیڕۆدانی کات و توانا، وەک هەنگاوێکیش بۆ برەودان بە شەفافیەت لە بواری دارایی گشتی و سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆجیا لە راییکردنی مامەڵە داراییەکان و دوورکەوتنەوە لە شێوازە کلاسیکییە کارپێکراوەکان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازی ئەنجوومەنی باڵای خانمانی سەبارەت بە گۆڕینی ناوی ئەنجومەنەکە بۆ ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان پەسند کرد.


زۆرترین خوێندراو