له‌ هه‌ولێر و دهۆك نرخی ئه‌مپیری مۆلیده‌دیاریكرا

02.03.2022
جەماوەر نیوز

لە هەولێر پارەی موەلیدەی ئەهلی دیاریکرا و لە 12 هەزار و 250 دینارەوە دەستپێدەکات و سەرپەرشتیاری موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆکیش دەڵێت، نرخی ئەمپێرێک دەگاتە 18 هەزار دینار، بەڵام پارێزگا بەشێکی پارەکە دەدات.
قارەمان مەولوود، بەرپرسی موەلیدە ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر راگەیاند "ئەمڕۆ نرخی ئەمپێرێک دیاریکرا کە لە 12 هەزار و 250 دینارەوە دەستپێدەکات بۆ 15 هەزار و 500 دینار".
بەرپرسی موەلیدە ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، هەندێک گەڕەک لەسەر خواستی خۆیان لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا 24 کاژێر کارەبایان دەوێت؛ ئەوانە مانگی 17 هەزار و 500 دیناریان بۆ هاتووەتەوە؛ وتیشی، "تێكڕا سنووری هەولێر رۆژانە 11 کاژێر کارەبای موەلیدە دراوە".
نوێنەرانی خاوەن موەلیدەکان نرخی گاز بە یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزیی نرخی ئەمپێری موەلیدە دەزانن و دەڵێن، لیترێک سەروو 725 دینارە.
هەکار هروری، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک ڕایگه‌یاند "لای ئێمە، بە گوێرەی ئەوەی کارەبای موەلیدەکان لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا 24 کاژێر کارەبا دەدەن، نرخی ئەمپێری موەلیدەکان زیاترە؛ نرخمان بۆ ئەم مانگە دیاری نەکردووە، بەڵام نزیک دەبێتەوە لە 18 هەزار دینار".
سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک باسی لەوەش کرد، ئەوان نرخ راناگەیێنن و سەبارەت بە هۆکارەکەشی گوتی، "پارێزگاری دهۆک هاوکاریی خەڵک دەکات و بڕێکی پارەکە دەدات؛ پارێزگاری دهۆک مانگی رابردوو بۆ هەر ئەمپێرێک 4 هەزار و 250 دینار هاوکاریی هاووڵاتیانی کرد؛ ئەم مانگەش هاوکارییان دەکات، بەڵام بڕەکەی نازانم".


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ