ئهتوانى لهرێگاى ئیمهیڵ و ژماره تهلهفۆنهکانمانهوه پهیوهندیمان پێوهبکهیت و راوسهرنج وپێشنیارو داواکاریهکانى خۆت بخهیتهروو.
07705066052
ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان ..
قوربانیانی تاوانەکانی جینۆسایدی دەستی بەعس ..
لەم ڕۆژانەی دواییدا و لەڕێی کەناڵی (العربي) کە لە لەندەنەوە پەخش دەکرێت، تاوانبار (نزار عبدالکریم فیصل الخزرجي) سوپاسالاری پێشووتری سەردەمی بەعس، لەمیانەی گێڕانەوەی یاداشتەکانی، سەرەڕای سوکایەتیکردنی بەناوی پێشمەرگە و خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان، هەموو ئەو تاوانانەش کە سوپا و دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی بەعس لە ئەنفالدا دژ بە دانیشتوانە سڤیلەکەی کوردستان ئەنجامیان داوە، زۆر بێ شەرمانە ڕەت دەکاتەوە و تەنها بە پڕوپاگەندەی هێزە کوردییەکان و ئێران و ڕاگەیاندنەکانی خۆرئاوای لە قەڵەم دەدات.
پێشتریش تاوانباری ناوبراو لە زاری خۆیەوە و لە یاداشتە نووسراوەکانی خۆیدا، ئەنفالی بە پڕۆسەیەکی ئەمنیی ناوخۆیی لە قەڵەم داوە و پێی وایە ئەو هەڵایەی نەویستووە کە لەسەری دروست کراوە. نەک هەر ئەوە، تەنانەت کیمیابارانکردنی هەڵەبجەش دەخاتە ئەستۆی ئێران و، بەعس و سوپا دڕندەکەی لەم تاوانە بێ بەری دەکات. ئەو بە شانازییەوە باسی ئەوە دەکات کە ئەندازیاری ڕاگواستنی گوندەکانی کوردستان بووە لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، سەرەڕای سەرپەرشتیکردنی قۆناغەکانی ئەنفالی یەک و دوو و سێ لە ناوچەکانی دۆڵی جافەتی و قەرەداغ و گەرمیان، هەر خۆی داڕێژەری بیرۆکە و تەواوکەری تاوانەکانی ئەنفالیش بووە لە پاش کۆتاییهاتنی جەنگی عێراق – ئێران.
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان وەکو پارێزەری سەروەریی شەهیدان و مافی کەسوکارە سەربەرزەکانیان و داکۆکیکاری ناساندنی تاوانەکانی بەعسی ڕووخاو دژ بە گەلی کوردستان، لە کاتێکدا ئەم ئینکاریکردنەی تاوانباری ناوبراو ڕەت دەکاتەوە و ناوبراو بە تاوانبارێکی سەرەکی تاوانەکانی ئەنفال دەناسێنێت، بە ئەرکی خۆشی دەزانێت لەڕێی هەماهەنگی لەگەڵ هەر سێ سەرۆکایەتییەکە و ئەنجومەنی دادوەری و ڕێکخراوەکانی بوارەکە لە هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فيدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، داوای گرتن و ڕادەستکردنەوەی تاوانبار (نزار عبدالکریم فیصل الخزرجي) بکات بەمەبەستی دادگاییکردنی وەکو یەکێک لە تاوانبارەکانی ئەنفال، بەتایبەتیش کە تاوانباری ناوبراو بەگوێرەی نووسراوی ژمارە ف٢/١٤٤٥ لە ١٨/١٢/٢٠٠٥، یەکێک بووە لە تاوانبارە داواکراوەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق و لێدوانەکانی ئەم دواییەی ئەو، دژی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانە لە عێراق کە تاوانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی گەلەکەمانی وەکو جینۆساید ناساندووە.
نەمری و سەروەریی بۆ شەهیدان.
مردن و ڕسوایی بۆ تاوانبارانی تاوانەکانی دژ بە گەلی کوردستان.
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان
١٠ ی ئاياری ٢٠٢٢
ئهتوانى لهرێگاى ئیمهیڵ و ژماره تهلهفۆنهکانمانهوه پهیوهندیمان پێوهبکهیت و راوسهرنج وپێشنیارو داواکاریهکانى خۆت بخهیتهروو.
07705066052