کۆمیسیۆن مه‌رج ده‌خاته‌ڕوو بۆ ئه‌نجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

17.05.2022
جەماوەر نیوز

شێروان زرار، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند، "کردنی هەڵبژاردن پەیوەستە بە ویستی لایەنە سیاسییەکان، سەرۆکایەتیی پەرلەمان و حکومەتەوە. ئێستایش کە کاتێکی کەم ماوە بۆ هەڵبژاردن، ئەگەر جیددی بن و بڕیاربدەن بکرێت، ئەگەر تۆماری بایۆمەتریی دەنگدەرانی عێراق بەکاربهێندرێت ئەوە ئاسانکارییەکی باش دەبێت و کاتمان بۆ دەگەڕێتەوە."
وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ئاماژەی بەوە دا، "ئەگەر بودجەی پێویست بخرێتە بەردەستمان بۆئەوەی زوو گرێبەستەکان بکەین، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیش هاوکاریمان بکەن و، جارانیش کە ناوی بەربژێرەکان بۆ پێداچوونەوە لە دەستەی دەستپاکی ئەگەر مانگێکی پێدەچوو، ئێستا دەتوانن بە هەفتەیەک بۆمان بگێڕنەوە. دەستەی ئامار و وەزارەتی داد زانیاریمان بدەنێ لەسەر ژمارەی مردووان، ئەوا دەتوانین هەڵبژاردن بکەین."
شێروان زرار وتیشی، "ئەوانە هەموو هاوکارییەکی باشن بۆئەوەی بتوانین ئەو ماوە رۆیشتووە قەرەبوو بکەینەوە. بەم مەرجانە دەتوانین هەڵبژاردن بکەین." ئەوەیشی خستەڕوو، "ساڵی 2018 کاتێکی کەممان بەدەستەوە بوو بۆئەوەی هەڵبژاردن بکرێت کە نزیکەی چوار مانگ بوو، هەر وەک ئێستا. ئەو کاتە سەرۆکایەتییەکانی پەرلەمان و حکومەت داوایان کرد کۆمیسیۆن ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات بۆئەوەی بۆشایی یاسایی دروست نەبێت، ئێمە هەموو هەوڵێکی خۆمان دا تاوەکو هەڵبژاردن بکرێت. لەو بڕوایەدام لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە ئەو ویستە جیددیە هەبێت."
وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بەدەست پەرلەمانی کوردستانە و بۆئەوەی هەڵبژاردنیش بکرێت دەبێت پەرلەمان ئەو بڕیارە بدات.
ئێستا بەشێک لە لایەنەکان داوا دەکەن یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە یان یاسایەکی دیکە دەربچێندرێت کە تاوەکو ئێستا حەوت جار هەموار کراوەتەوە. شێروان زرار دەڵێت، "سێ جار داوامان لە پەرلەمانی کوردستان کردووە پەلە بکات و کۆمیسیۆن کارا بکاتەوە، بەڵام سەرۆکایەتیی پەرلەمان کەمتەرخەم بووە و دەبوو زۆر زووتر ئەمە یەکلایی بکاتەوە."
وتەبێژی کۆمیسیۆن جەختی لەوە کردەوە کە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران هیچ کاتێک رێگر نییە لە هەڵبژاردن، لایەنەکان خۆیان رێکناکەون، هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا هەرێمی کوردستان لە کۆمەڵێک قەیران رزگار دەکات و نەکرانیشی کۆمەڵێک گرفت دروستدەکات، لەوانەیە پەرلەمان ناچار بێت ماوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران درێژ بکاتەوە.
شێروان زرار ئەوەیشی خستەڕوو، ئەگەر پەرلەمانی کوردستان یاساکە هەموار بکاتەوە و تێیدا بڵێت کۆمیسیۆن دەتوانێت تۆماری بایۆمەتریی عێراق بەکاربهێنێت، ئەو کاتە ئەوان بە ناچاری ئەوە دەکەن. وتیشی، "لەوبارەیەشەوە قسەمان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، ئەوان پێیان گوتووین: مافێکی یاسایی و دەستووریی خۆتانە کە داوای ئەو تۆمارە لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن و ئێمەیش هاوکارتان دەبین."
وتەبێژی کۆمیسیۆن باسی لەوەش کرد، ئەگەر لایەنەکان رێکبکەون و پەرلەمان چارەنووسی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران یەکلایی بکاتەوە ئەوا ئەوان دەتوانن بە هەفتەیەک بودجەی خەمڵێندراویان پێشکێش بە حکومەت بکەن.

زۆرترین خوێندراو