ئومێد سه‌باح: دەرگاکانمان بەڕووی دیوانی چاودێری حکومەتی عێراق کراوه‌ته‌وه‌

06.06.2022
جەماوەر نیوز
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەرێم و عێراق لە بەغدان.
ئه‌مڕۆ دووشەممە 6ی حوزه‌یرانی 2022، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی، دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیاند: لەو راپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ پێدانی هەموو زانیارییەکان؛ لەو راپۆرتەدا سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و هەموو خەرجییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و میلاکی حکومەتی تێدا جێگیرکراون. 
د. ئومێد سەباح وتی، هەنگاوەکەیان دەریدەخات کە هەرێمی کوردستان نیازی کاری پێکەوەیی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراقی هەیە. روونیشیدەکاتەوە کە "ئێمە پاڵپشتی شەفافیەت دەکەین لە کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان." 
بەوتەی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، "لە مانگی پێنجی ساڵی رابردووەوە هەموو دەرگاکانمان بە رووی دیوانی چاودێری حکومەتی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی کوردستان کراونەتەوە و لەسەر ئەو سیاسەتەش بەردەوام دەبین." 
لەبارەی کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی عێراق، د. ئومێد سەباح باسی لەوە کرد، "کۆبوونەوەیەکی باشمان لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی عێراق ئەنجامدا و بڕیاروایە ئەوانیش جارێکی دیکە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن." 
لەبارەی نێوەڕۆکی راپۆرتەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد سەباح ئەوەی خستەڕوو، "ئەو راپۆرتەی پێشکێشکراوە لە هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانیش پەسندکراوە و بەرزکراوەتەوە؛ ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین کە ئەو راپۆرتە ببێتە بنەمایەک بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی دارایی تەندروست لە نێوانمان." 
سەبارەت بە بەردەوامی ناردنی 200 ملیار دینارەکەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئومێد سەباح وتی: "ئەو راپۆرتە هەموو ئەو بیانوو و قسەڵۆکانەی باسیان لەوە دەکرد حکومەتی هەرێمی کوردستان نایەوێ زانیارییەکان پێشکێش بکات، دەڕەوێنێتەوە و هیوامان وایە وەزارەتی دارایی عێراق مامەڵەیەکی تەندروست لە بابەتی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بکات." 

زۆرترین خوێندراو