دەست بە دابەشكردنی سەبەتەی خۆراك دەكرێت

19.09.2022
جەماوەر نیوز
وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاشكرای كردووە، دابەشكردنی بەشی حەوتەمی سەبەتەی خۆراكی هاووڵاتییان بۆ ساڵی 2022 دەستی پێكرد، بۆ ئەو مانگە شەش مادەی خۆراكی لەخۆ دەگرێت.
ئەمڕۆ دووشەمە 19ـی ئەیلوول، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی بازرگانیی عێراقدا هاتووە، دابەشكردنی ژەمی حەوتەمی سەبەتەی خۆراكی هاووڵاتییان بۆ ساڵی 2022 بەردەوامە، هەروەها ئەو پارێزگایانەی تا ئێستە بەشە خۆراكیان تێدا دابەش نەكراوە، دەست پێ‌ دەكات.
ئەو وەزارەتە داوا لە هاووڵاتییان دەكات سەردانی بریكارەكانی خۆراك بكەن بە مەبەستی وەرگرتنی مادە خۆراكییەكان، چونكە رۆژانی ڕابردوو چەند بارێكی تری مادە خۆراكییەكان گەیشتبوون و دوای تەواوبوونی سەبەتەی حەوتەم، دەست بە دابەشكردنی ژەمی هەشتەمی سەبەتەی خۆراكی ئەمساڵ دەكرێت.
مادەكانی سەبەتەی خۆراكی بۆ هەر كەسێك ئەمانە لەخۆ دەگرێ‌:
1- شەكر یەك كیلۆ
2- زەیت یەك دەبە.
3- دۆشاوی تەماتەی توركی 400 گرام.
4- فاسۆڵیا 500 گرام
5- لەتكە نۆكی 500 گرام.
6- برنجی تایلەندی سێ‌ كیلۆ.

زۆرترین خوێندراو