خوێندنی باڵا کارکردنى بەسیسته‌مى غازى شل رادەگیرێت

23.11.2022
جەماوەر نیوز
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەپێناو بەرژەوەندى گشتى و پاراستنى سەلامەتى گیان و ژیانى مامۆستایان، فەرمانبەران، قوتابیان و خوێندکاران لەسەرجەم زانکۆ، پەیمانگە، بەشە ناوخۆییەکان و دامەزراوەکانى دیکەیدا، کارکردنى بەسیسته‌مى غازى شل رادەگیرێت.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە نوسراوەکەیدا، کە لەلایەن دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایی جۆرى دەرچووە، بە سێ خاڵ وردەکارى بڕیارەکەى ڕونکردۆتەوە. لە خاڵى یەکەمدا هاتووە، پێویستە دامەزراوەکان دەستبەجێ کارکردن بەسیستمى غازى شل رابگرن، لە خاڵى دوەمدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پێویستە بەزوترین کات و زۆر بەوردى بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو سیستمانە بکرێ کە بەمەبەستى ئامادەکردن یان گەرمکردنەوەى خواردن بەکاردێن و لە سەلامەتى دڵنیا ببنەوە، بۆ ئەو مەبەستە پێویستە لە ماوەى سێ رۆژدا راپۆرتێکى تێروتەسەل لە رێگەى بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى و سەلامەتى زانکۆ و پەیمانگەکان و بەهەماهەنگى لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتى بەرگرى شارستانى ئامادە بکەن.
لە خاڵێکى دیکەى نووسراوەکەدا هاتووە، دەبێت هەمو ئەو سیستمانەى بەمەبەستى ئامادەکردن و گەرمکردنەوەى خواردن لە هەموو زانکۆ و پەیمانگە و دامەزراوەکانى سەر بەوەزارەت و لە بەشە ناوخۆییەکان بەکار دێن، رێگەپێدانى بەرگرى شارستانیان هەبێت و مۆڵەتى دانانى هەبێت و لە لایەن کۆمپانیاکان.
 لە کۆتایشدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دووپاتی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، لە حاڵەتى کەمتەرخەمى و جێبەجێنەکردنى ئەو خاڵانەى سەرەوە، لایەنى کەمتەرخەم رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە.

زۆرترین خوێندراو